گۆڕینی پارێزگارەکان دەست پێ دەکات

فرسەت سۆفی بۆ پارێزگاری هەولێر و دوو کاندیدی بەهێزیش بۆ شوێنگرتنەوەی پارێزگاری دهۆک هەن

10/09/2019 - 09:22 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

هەفتەنامەی (باس) لە کۆتایی مانگی رابردوودا، وەکوو یەکەم دەزگای میدیایی ئاشکرای کرد، بە میکانزمێکی یاسایی و کارگێڕی، لە سەرەتای ئەم مانگەوە دەست بە گۆڕانکاری لە پۆستەکانی حکوومەت لە پلەکانی بریکاری وەزارەتەکان، بەڕێوبەرە گشتییەکان، پارێزگار و قائیمقام و بەڕێوبەری ناحیەکاندا دەکرێت، لەم هەفتەیەشدا، گۆڕینی پارێزگارەکان بووەتە بڕیار و هەر یەک لە پارێزگاری هەولێر و دهۆک دەگۆڕدرێن.

 

کۆتایی مانگی رابردوو، سەرچاوەیەکی بەرپرس و ئاگەدار لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ (باس) ئاشکرای کرد، لە 1-9 -2019ەوە، بەپێی میکانزمێکی یاسایی و کارگێڕیی گونجاو، گۆڕانکاری لە پۆستە حکوومییەکانی خوار وەزیرەکاندا دەکرێت و پۆستەکانی بریکاری وەزارەتەکان، پارێزگار، سەرۆکی دەستە و ئەنجومەنە باڵاکان، بەڕێوبەرە گشتییەکان، قائیمقامەکان و بەڕێوبەری ناحیەکان، هەروەها ئەو پۆستانەیش، کە بەوەکالەت بەڕێوە دەبرێن، دەگرێتەوە، ئەوانەی کاتی خانەنشینییان هاتووە، خانەنشین دەکرێن و ئەوانەیش کە چوار ساڵ زیاترە لەو پۆستانەدان، دەگۆڕدرێن.

 

سەرچاوەیەک بۆ (باس) جەختی لەسەر گۆڕانکارییەکان لە پۆستی پارێزگاری هەولێر و دهۆک وەکوو سەرەتایەکی پڕۆسەکە کردەوە و ئاشکراشی کرد، بۆ پارێزگاری هەولێر، فرسەت سۆفی، پەرلەمانتاری پێشووی پارتی لە شوێنی نەوزاد هادی و بۆ پارێزگاری دهۆکیش، تا ئێستا لای پارتییەوە دوو کاندیدی بەهێز دەستنیشان کراون، کە یەکێکیان بۆ شوێنگرتنەوە فەرهاد ئەترووشی پارێزگاری دهۆک یەکلا دەبێتەوە.

 

بەڵام سەرچاوەکە بۆ پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە ئاماژەی بەوە دا، گۆڕانکارییەکانی ئەو سنوورە بۆ سلێمانی، پەیوەستن بە رێککەوتنی نێوان یەکێتی و گۆڕانەوە، لە پارێزگای هەڵەبجەشدا دەمێک نییە لایەنەکان لەسەر دیاریکردنی پۆستەکانی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجومەن و ئەندامانی ئەنجومەن رێک کەوتوون. 

 

لەمبارەیەوە، عەلی رەشید، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بۆ (باس) رای گەیاند، پرسی گۆڕانکاری لە پۆستی پارێزگاری هەولێر یەکلا بووەتەوە، بەڵام کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ، پەیوەندیی بە چەند رێکارێکی ئیدارییەوە هەیە، یەکەمیان، دەبێت فەرمانی هەرێمیی بەڕێز نەوزاد هادی، بۆ دەست بەکاربوون لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەربچێت و وێنەیەکی بگات بە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، دووەمیان، لیستی براوەی یەکەم، کە پارتی دیموکراتی کوردستانە، کاندیدی خۆی پێشکەش بە دەستەی سەرۆکایەتی بکات لەگەڵ سی ڤییەکەی کە وا بڕیارە ئەمڕۆ سێشەمە بگەنە دەستمان، دوای ئەوە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر کۆ دەبێتەوە و سی ڤیی کاندیدی پارێزگاری هەولێر کە فرسەت سۆفییە پێشکەش بە دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی پارێزگای دەکات و دەستەی سەرۆکایەتییش، 48 سەعات پێش وادەکەی، کاتی کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی پارێزگا دیاری دەکات، ئەوکات لە کۆبوونەوەکەدا، کاندیدەکە بۆ دانانی وەکوو پارێزگاری نوێی هەولێر، دەخرێتە دەنگدانەوە.

 

لای خۆشیانەوە، کەنعان خەیلانی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بۆ (باس) جەختی کردەوە، کە کاندیدی ئەوان بۆ پارێزگاری هەولێر (فرسەت سۆفی)یە، گوتیشی: “دوای دەستبەکاربوونی، نەوزاد هادی لە پۆستەکەی لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، بەپێی یاسا جێگری پارێزگار دەسەڵاتی پارێزگاری دەبێت، تاوەکوو ئێمە ئامادەکاریی خۆمان دەکەین و رێوشوێنە یاساییەکان دەگرینە بەر، بۆ پێشکەشکردنی کاندیدی خۆمان بۆ پارێزگاری هەولێر، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ 48 سەعات پێشتر، وادەی کۆبوونەوە دیاری دەکرێت و لە کۆبوونەوەیەکی ئاساییدا دەنگ بەو کاندیدە دەدرێت، کە ئێمە وەکوو فراکسیۆنی براوەی یەکەم پێشکەشمان کردووە”.

 

لەبارەی پارێزگاری سلێمانییشەوە، ئازاد محەمەدئەمین، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ (باس) ڕوونی کردەوە، تاوەکوو ئێستا هیچ باس و خواسێکی فەرمی لەسەر پۆستی پارێزگار لە سنووری پارێزگای سلێمانی، گەرمیان و هەڵەبجە و راپەڕین نییە، گوتی: “ئاگاداری پڕۆسەی هەولێر و دهۆک نین، چونکە سنووری پارێزگای ئێمە نییە، بەڵام پێوەند بەو سنوورەی ئێرە، هیچ باس و خواسێک لەئارادا نییە”.

 

بەڵام پێشتر، قادر حەمەجان، ئەندامی دەستەی کارگێڕی و مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بۆ (باس) رای گەیاند، یەکێتی لەناو خۆیدا بڕیاری گۆڕانکاریی لە پۆستەکان داوە و لەگەڵ گۆڕانکاریداین.

 

گوتیشی: ”تاوەکوو ئێستا لە بڕیاری حکوومەت بۆ ئەو گۆڕانکارییانە ئاگادار نین، بەڵام بە هەنگاوێکی باشی دەزانین و وەکوو یەکێتی لەگەڵ گۆڕانکاریداین و هەوڵ دەدەین، کەسانی شایستە لەسەر بنەمای لێهاتوویی بۆ ئەو پۆستانەی بەر یەکێتی دەکەون، دیاری بکەین“.

 

بزووتنەوەی گۆڕان، لە ساڵی 2014 لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، 12 کورسیی ئەو ئەنجومەنەی بەدەست ھێنا، لەبەرامبەر بەوە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 11 کورسی، بەڵام گۆڕان ئەوکات بەھۆی پێداگریی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر پۆستی پارێزگاری سلێمانی، نەیتوانی پۆستی پارێزگار وەربگرێت، رێککەوتنێکی لەگەڵ یەکێتی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی سلێمانی واژۆ کرد، کە بەپێی رێککەوتنەکە، دوو ساڵ بە دوو ساڵ لەلایەن یەکێتی و گۆڕانەوە ئەو پۆستە بەڕێوە ببرێت، سەرەتا ئاسۆ فەرەیدوون، لە پشکی یەکێتی ماوەی خۆی بە زیادەوە تەواو کرد و زیاتر لە دوو ساڵیشە هەڤاڵ ئەبوبەکر، لەو پۆستەدایە.

 

بەپێی زانیارییەکانی (باس)، ئێستا لەناو سەرکردایەتیی یەکێتی و مەکتەبی سیاسیی یەکێتیدا رایەک دروست بووە، کە پۆستی پارێزگاری سلێمانی لە هەڤاڵ ئەبوبەکر لە پشکی گۆڕان وەر بگیرێتەوە، لە شوێنیدا بەئاگاداریی سەرۆکایەتیی حکوومەت و ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، سەرکردەیەکی یەکێتی دابنرێت، تاوەکوو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە سلێمانی.

 

بەڵام، رێبوار ئەحمەد، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ (باس) رای گەیاند، راستە رێککەوتنمان کردووە لەگەڵ یەکێتی، بەڵام چۆن پۆستەکانی دیکە بەردەوام دەبن، ئێمەش بەردەوام دەبین، گوتیشی :”هەزار پۆست لە پارێزگاری سلێمانیدا هەیە، کەی ئەو هەزارە گۆڕدران، ئاساییە پارێزگاریش بگۆڕدرێت، چۆن پۆستەکانی بەڕێوبەری تەندروستی، کارەبا، رێگەوبان و شارەوانی، هتد، ئەوانە چۆن بەردەوامن، ئێمەش وا بەردەوام دەبین، دووەمیان لە هەموو دونیادا وایە، براوەی یەکەم پۆستی تەنفیزیی یەکەمی بەر دەکەوێ، کێ براوەی یەکەمی پەرلەمان بێت پۆستی سەرۆکوەزیرانی بەردەکەوێ، براوەی پارێزگاکانیش حەقی خۆیەتی پۆستی پارێزگاری هەبێت”.

 

لای خۆشیانەوە، فەهیم عەبدوڵا، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک، بۆ (باس) تەنیا جەختی لەوە کردەوە، کە تاوەکوو ئێستا بە فەرمی لە گۆڕینی پۆستی پارێزگاری دهۆک ئاگادار نەکراونەتەوە.

 

پێوەند بە هەمان پرس، بڵند ئیسماعیل، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ (باس) رای گەیاند، پڕۆسەکە جگە لە گۆڕانکارییەکان لەو پۆست و پلانەدا، وەکوو پارێزگار، بریکاری وەزارەت، سەرۆکی دەستە و ئەنجومەنە باڵاکان، بەڕێوبەرە گشتییەکان و بەڕێوبەری ناحیەکان، ئەوانەش دەگرێتەوە، کە شوێنەکانیان بەتاڵ بووە، یان بەوەکالەت بەڕێوە دەبرێن، گوتیشی: ”دیاریکردنی ئەو پۆستانەی بەر پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەون زەحمەت نابێت، چونکە پارتی لای گرنگە کەسێک دابنێت شایەنی شوێنەکەی بێت و خزمەتی خەڵک بکات و لە ئاستی بەرپرسیاریەتییەکەدا بێت، بۆ ئەوەش پارتی کەسی باشی هەیە و خاوەنی لەشکرێک لە کادیری ئیداری و سەربازییە و بەئاسانی دەتوانێ لەناو کادیرەکانی خۆیدا، ئەو کەسانە بدۆزێتەوە و دایانبنێت“.