ناوەڕاستی ئەم مانگە گۆڕان هەڵبژاردن بۆ خانەی ڕاپەڕاندن دەکات

پێشبینی دەکرێت عومەری سەید عەلی لە پۆستی رێکخەری گشتییدا بمێنێتەوە

07/09/2019 - 16:28 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

وا بڕیارە ناوەڕاستی ئەم مانگە، بزووتنەوەی گۆڕان، هەڵبژاردن بۆ خانەی ڕاپەڕاندن بکات، کە خانەکە لە حەوت ئەندام پێکهاتووە و دەسەڵاتێکی باڵای بەسەر بڕیاری بزووتنەوەی گۆڕاندا هەیە. ئەندامێکی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕانیش جەخت دەکاتەوە، پێکهاتە و شێوازی خانەکە تاوەکوو ئێستا لە رووی پرەنسیپەوە وایە، کە وەکوو خۆی بمێنێتەوە و ئەندامبوون بە دەنگدان بێت.


لە سەرەتای ئەم مانگەوە، بزووتنەوەی گۆڕان دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ ئەندامێتی لە خانەی ڕاپەڕاندندا کردووەتەوە، کە وا بڕیارە ناوەڕاستی ئەم مانگە هەڵبژاردنی بۆ بکرێت، بەپێی زانیارییەکانی (باس) لە ناوخۆی بزووتنەوەکەدا دەنگێک دروست بووە، داوا دەکات گۆڕانکاریی لە پێکهاتەی خانەکەدا بکرێت و رێژەی ئافرەتان لە کورسییەکان بە کۆتا دیاری بکرێت و کورسییەکی خانەکەش لەم قۆناغەدا بدرێت بە ئەندامێکی جڤات لە هەولێر، یان هەڵسووڕاوێکی گۆڕان لەو شارە، هاوکات گەنجیش لە پێکهاتەی خانەکەدا هەبێت.


لە هەڵبژاردنی رابردووی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان، کە (بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی بزووتنەوەکە، دەبێ دوو ساڵ جارێک بکرێت و هەر ئەندامێکیش مافی هەیە سێ خولی هەڵبژاردن لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە، کە لەلایەن ئەندامانی جڤاتی نیشتمانییەوە دەنگیان پێ دەدرێت)، حەوت کەس لە بزووتنەوەی گۆڕان توانییان بگەن بەو پۆستە کە هەموویان خەڵکی شاری سلێمانی و دەوروبەری بوون، هیچ ئافرەتێکیش نەیتوانی دەنگی پێویست بۆ بوون بە ئەندامی خانەکە بەدەست بهێنێت، زۆرینەی ئەوانەیشی دەرچوون، هاوڕێکانی نەوشیروان مستەفا بوون، کە لەگەڵیدا لە یەکێتی جیا بووبوونەوە.


هاوکات، سەرچاوەیەکی ئاگەدار لە ناوخۆی بزووتنەوەکە بۆ (باس) ئاشکرای کرد، لەم هەڵبژاردنەدا، بەپێی ئەو قسانەی لەناو جڤاتی گشتی و نیشتمانیی گۆڕاندا دەبیسترێ، پێشبینی دەکرێ بە رێژەیەکی زۆر گۆڕانکاریی لە کەسەکاندا روو بدات، بەڵام عومەری سەید عەلی، بەهۆی پشتیوانیکردنی لە جڤات و کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا، ئەگەری زۆر ئەوەیە لە پۆستەکەیدا وەکوو رێکخەری گشتیی گۆڕان، بۆ دوو ساڵی داهاتوو بمێنێتەوە.


دوای کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، رۆژی 25ی تەممووزی ساڵی 2017، جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی رێکخەری گشتی و خانەی راپەڕاندن کۆبووەوە، تیایدا عومەر سەید عەلی، وەکوو رێکخەری گشتیی گۆڕان و ئەندامانی دیکەی خانەی راپەڕاندنیش لەلایەن جڤاتی نیشتمانییەوە هەڵبژێردران.
ئەمساڵیش 2019، لە یادی 10 ساڵەی بەشداریکردنی لە هەڵبژاردن و پڕۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان و عێراق، جڤاتی گشتیی گۆڕان پێشنیازی کرد، لە ماوەیەکدا، کە لە 1/11/2019 تێپەڕ نەکات، هەڵبژاردن بۆ رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن بکرێت.
دواتریش، جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان، کە بەپێی پەیڕەوی گۆڕان وەکوو بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانە لەناو گۆڕاندا، بڕیاری دا رۆژی 14/9/2019 هەڵبژاردن بۆ رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن بکات، وا بڕیاریشە لە قۆناغی دواتردا، دووەم کۆنفرانسی نیشتمانیی گۆڕان ببەسترێت، بەڵام تاوەکوو ئێستا شوێنی ئەو کۆنفرانسە و رۆژەکەی دیاری نەکراوە.


لەمبارەیەوە، نەسرین جەمال، ئەندامی جڤاتی گشتیی گۆڕان، بۆ (باس) رای گەیاند، بڕیارە 14-9 هەڵبژاردن بۆ خانەی ڕاپەڕاندن و ڕێکخەری گشتی بکرێت، بەدڵنیاییەوە ئەوکاتە ژنانیش هەروەکوو پیاوەکان بۆیان هەیە بەشداری لەو هەڵبژاردنەدا بکەن، ئەگەر دەنگی پێویستیان هێنا دەبن بە ئەندامی خانەکە و ئەگەر نەیانتوانی دەنگ بهێنن، ئەوا ناتوانن بە دیاریکراوی کۆتا ببن بە ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندن، گوتیشی: “ئەوە بە فەرزکردن نابێت، بەڵام پێشبینی هەیە، کە ژنیش لە خانەکەدا هەبێت و کورسی بەدەست بهێنێت، بە هەمان شێوە بۆ شارەکانیش دیاری نەکراوە، هەر کەس خەڵکی هەر شوێنێک بێت و مەرجی خۆکاندیدکردنی تێدابێت و دەنگ بهێنێت، دەبێت بە ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندن، واتا لە رووی پرەنسیپەوە تاوەکوو ئێستا هەڵبژاردن هەروەکوو هەڵبژاردنەکانی پێش خۆی دەبێت، کە بەپێی پەیڕەو، خانەی ڕاپەڕاندن و رێکخەری گشتی لەناو ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی هەڵدەبژێردرێن، بەڵام ئەندامانی جڤاتی گشتیش بۆیان هەیە، خۆیان بۆ ئەندامیەتی لە خانەی ڕاپەڕاندن کاندید بکەن”.


لەبارەی مانەوەی (عومەری سەید عەلی)یش وەکوو رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، ئەو ئەندامەی جڤات ئاماژەی بەوە دا، ئەوە پەیوەندیی بە هێنانی دەنگەوە هەیە، بەڵام لە دۆخێکیشدا هیچ کەسێکی دیکە خۆی هەڵنەبژێرێت بۆ ئەو پۆستە و رکابەری نەبێت، ئەوا لە پۆستەکەیدا دەمێنێتەوە.


بەڵام، شۆڕش حاجی، وتەبێژی گۆڕان لە وتارێکیدا، کە سایتی (سبەی) زمانحاڵی فەرمیی حزبەکەی بە چەند بەشێک لەژێر ناوی (بزووتنەوەی گۆڕان لەبەردەم دوڕیانێکی چارەنووسسازدایە) بڵاو کردووەتەوە، تیایدا لەبارەی هەڵبژاردنی خانەی ڕاپەڕاندنەوە نووسیویەتی: “خانەی راپەڕاندن‌ و رێکخەری گشتی باڵاترین ئۆرگانی جێبەجێکاری بزووتنەوەی گۆڕانن، لەدوای هەڵبژاردنی رێکخەری گشتی ‌و خانەی راپەڕاندنەوە لە 25-7-2017، زۆرترین رەخنە رووبەڕووی ئەم ئۆرگانە بووەتەوە و لە زۆر بۆنەدا بە هۆکاری سەرەکیی کەمکردنی دەنگەکانی گۆڕان‌، یاخود لاوازبوونی گۆڕان تاوانبار کراون. ئەگەرچی دەسەڵاتی رێکخەری گشتی‌ و خانەی راپەڕاندن بەپێی دەستووری ناوخۆ، تەنیا جێبەجێکردنی بڕیارەکانی جڤاتی نیشتمانییە، بەڵام خەڵک بە چاوێکی تر تەماشای رێکخەری گشتی‌ و خانەی راپەڕاندن دەکەن‌ و چاوەڕوانی رۆڵی زیاتر و گرنگتریان لێ دەکەن”.


لە بەشی دووەمی وتارەکەیدا، ئاماژەی بەوەش داوە، دەبێت ئەو ئۆرگانە وەکوو تیمێکی چالاک‌ و تۆکمە و بەهێز کار بکا و رێکخەر و کۆکەرەوەی هەموو گۆڕانخوازان بێ، پێویستە نوێنەرایەتیی هەموو گۆڕانخوازان بکا – لە تێکۆشەری دێرین ‌و بەئەزموون، لەگەڵ گەنج‌ و نەوەی نوێی بەتوانا، ئەگەر بەوردی کار لەسەر هەڵبژاردنی رێکخەری گشتی ‌و خانەی راپەڕاندن نەکرێ، ئەوا لە ئایندەدا گۆڕان تووشی کێشە و شکستی گەورەتر دەبێ. هەر بۆیە زۆر گرنگە پرۆسەی هەڵبژاردنی بەربژێرەکان لەسەر بنەمای توانا و لێهاتوویی ‌و سەرکەوتوویی لە کاری رابردووی ئەو تێکۆشەرانە بێ، نەک بە عەقڵیەتی دەستەگەری‌، کە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی پاشەکشەی جەماوەری‌ هەر حزب ‌و رێکخراوێکی سیاسی”.