کوێستان محەمەد: هیچ گرفتێک بۆ گەڕاندنەوەی مووچەی 13 هەزار کەمئەندام نییە

"سەرۆکی حکوومەت و وەزیرەکان لە ئەنجومەنی وەزیران وەکوو تیمێك بۆ جێبەجێکردنی کارنامەی حکوومەت کار دەکەین"

28/08/2019 - 17:42 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

کوێستان محەمەد، وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە گفتوگۆیەکی تایبەتی (باس)دا، چەند پرسێکی تایبەت بە کابینەی تازەی حکوومەت و وەزارەتەکەی ئاشکرا دەکات. رای دەگەیەنێت، سەرۆکی حکوومەت لە ئەنجامدانی چاکسازی زۆر جدییە و جەختیشی لێ دەکاتەوە. ئەوەش دەخاتە ڕوو، بڕیاری گەڕاندنەوەی مووچەی 13 هەزار کەمئەندام، بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانە و خەریکی میکانزمێکین بۆ خەرجکردنی مووچەکانیان.


سەرەتا ئاماژەی بە دەستپێکردنی چاکسازی لە کابینەی تازەدا کرد و گوتی: "کابینەی نۆیەم هێشتا سەرەتایەتی و زیاتر لە مانگێکە دەستبەکار بووە، بەڵام لە سەرۆکی حکوومەت تا دەگاتە وەزیرەکان، خەمی هەموولایەکمان چاکسازی و بنبڕکردنی گەندەڵییە، وەکوو تیمێک هەموومان کار دەکەین، کە کارنامەی حکوومەت و کارنامەی چوارساڵی داهاتووی وەزارەتەکان دابنێین، بۆ ئەوەی ئەو بەڵێنانەی بە خەڵکمان داوە، لەناو کارنامەکەدا رەنگ بداتەوە و زۆرترین خزمەتی خەڵک بکەین".


لە وەڵامی ئەو پرسیارەی، چەند کار بۆ ئەوە دەکرێت، پلانی کارکردن تەنیا لەسەر کاغەز نەبێت و بچێتە واری کارکردنی پراکتیکی، ئەو گوتی: "بە بەردەوامی بارودۆخی هەرێمی کوردستان سەقامگیر نەبووە، دوای نەمانی شەڕی داعش و نزیکبوونەوەی هەرێم و ناوەند، ئەگەر ئەوە بەردەوام بێت، ئەوا دەتواندرێت کارنامەی حکوومەت و کارنامەی وەزارەتەکان، کە ئێستا خەریکی ئامادەکردنین، بە کردار جێبەجێ بکەین".


کوێستان محەمەد جەختی کردەوە، مەسرور بارزانی، وەکوو سەرۆکی حکوومەت جدییە لە ئەنجامدانی چاکسازی، گوتی: "ئەوەی من بینیومە، بەڕێز مەسرور بارزانی، وەکوو سەرۆکی حکوومەت جدییە لە ئەنجامدانی چاکسازی و زۆریش کەسێکی جدییە لە کارکردن، هەروەها وەزیرەکان یەک خەممان هەیە، وەکوو ستافی ئەنجومەنی وەزیران، ئەویش خەمی خزمەتکردنی خەڵک و خەمی بنڕکردنی گەندەڵی و خەمی چاکسازیمان هەیە، بۆیە لە سەرۆکی حکوومەت تا دەگاتە وەزیرەکان، ئەوانەمان بە جدییەتەوە وەرگرتووە و کاریشی لەسەر دەکەین".


لەبارەی ئاشکراکردنی سەروەت و سامانی وەزیرەکان بۆ دەستەی نەزاهە، گوتی: "بەپێی یاسا، هەر کەسێک بەرپرسیاریەتی وەردەگرێت، دەبێ فۆڕمی ئاشکراکردن و سەرەوت و سامان پڕ بکاتەوە، دڵنیام فۆڕمەکە بگاتە ئەنجومەنی وەزیران، ئەوە هەموو وەزیرەکان پڕی دەکەنەوە، خۆم فۆڕمەکەم بگاتە دەست یەکسەر پڕی دەکەمەوە".


وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی لەبارەی گەڕاندنەوەی مووچە بۆ 13 هەزار کەمئەندام گوتی: "هیچ گرفتێک بۆ گەڕاندنەوەی مووچەی ئەو 13 هەزار کەسە نییە، لەگەڵ فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی ئەنجومەن ئێستا خەریکی میکانزمێکین، بۆ جێبەجێکردنی ئەو بابەتە، بەڵام خەرجکردنەوەی مووچەی ئەو کەسانە هیچ کێشەی تێدا نەماوە".


روونیشی کردەوە: "بۆ گەڕاندنەوەی مووچەی ئەو 13 هەزار کەمئەندامە، بەندە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا سوپاسی هەموو لایەکم کرد و ئەوەم ڕاگەیاند، کە لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان گەڕێندراوەتەوە”.


کوێستان محەمەد، پێی وایە وەزارەتەکەیان وەزارەتێکی فراوانە و پەیوەندیی بە سەرجەم چین و توێژەکانەوە هەیە: "ئەوانەی تۆڕی چاودێریی کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە، ئەوانەی لە چاکسازییەکانن، کەمئەندامان، لەگەڵ مەسەلەی رەخساندنی دەرفەتی کار، بەرنامەی کاری چوارساڵمان لەسەر ئەو توێژانەیە، باشترکردنی گوزەرانی خەڵک لە پێشینەی کارەکانمان دەبێت لە حکوومەت و لە وەزارەت".


سەبارەت بە گەڕاندنەوەی مووچەی چاودێریی خێزان، گوتی: "گەڕاندنەوەی مووچەی چاودێریی خێزان لە بەرنامەی کاری وەزارەتمان هەیە، دوای رەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیران لەسەری، ئەوکات دەست بە خەرجکردنی دەکرێتەوە، ماوەیەکە مووچەکە راگیراوە، جارێ روون نییە بە چ فۆڕم و شێوەیەک دەست پێ دەکرێتەوە، بەڵام بەدڵنیاییەوە دواتر چاکسازی لە لیستەکاندا دەکرێت".