سەدان گوندی قەزای ئامێدی بەهۆی بوونی پەکەکە و بۆردومانی تورکیاوە چۆڵ کراون

25/08/2019 - 17:57 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

لە لێدوانێکی تایبەت بە (باس)، قائیمقامی قەزای ئامێدی ڕای گەیاند، بەهۆی بوونی بنکە و بارەگاکانی پەکەکە لە دەڤەری ئامێدی و گوندە سنوورییەکانی دەڤەرەکە، بە بەردەوامی گوند و ئاواییەکانیان کراونەتە ئامانجی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا، کە بەهۆیەوە دەیان هاووڵاتیی سڤیل شەهید و بریندار بوونە، سەرەڕای ئەو زیانە زۆرە ماڵییەی بەر ژینگە و سروشت و کشتوکاڵی ناوچەکە کەوتووە.


بەگوێرەی ئامارەکان، لە کۆی 348 گوندی قەزای ئامێدی و ناحیەکانی سەر بە قەزاکە، تەنیا 150 گوند ئاوەدانن و 198 گوندیش چۆڵ کراون. گوندەکانی سنووری سەنتەری قەزاکەش، کە 8 گوندن، 7 گوندیان ئاوەدانن و یەکێکیشیان چۆڵ کراوە. ناحیەی کانی ماسێ، کە 64 گوند لەخۆی دەگرێت، 53 گوندیان ئاوەدانن و 11 گوندی دیکەیشی چۆڵ کراون.


کۆی گوندەکانی ناحیەی شیلادزێ 92 گوندن، لەو ژمارەیە 7 گوند ئاوەدانن و 85 گوندیشی چۆڵ کراون.


38 گوند لە سنووری ناحیەی سەرسنگن کە 23 لەو گوندانە ئاوەدانن و 15 گوندیش چۆڵ کراون.


ناحیەی دێرەلووکیش، ئەگەر دۆخی لەوانی دیکە خراپتر نەبێت، بەدڵنیاییەوە باشتر نییە، بە جۆرێک لە کۆی 59 گوندی ئەو سنوورە،  12 گوند ئاوەدانن و 47 گوندی چۆڵ کراون.


گوندەکانی ناحیەی چەمانکێش بە هەمان دەردەوە چوون، بەو پێیەی لە کۆی 46 گوندی ئەو سنوورە، 15 گوند ئاوەدانن و 31 گوندیشی چۆڵ کراون.


هەرچی ناحیەی بامەڕنێشە، ئەوا لە کۆی 31 گوندی ناحیەکە، 23 گوندی سنوورەکە ئاوەدانن و 8 گوندیش چۆڵ کراون.


ئیسماعیل مستەفا، قائیمقامی قەزای ئامێدی ئاماژە بەوە دەکات، کە سنووری قەزاکەیان لە دەڤەرەکانی (نێروە، ڕێکان، دۆسکی ژووروو، زێبار، بەرواری ژووروو، بەری گارە و نهێلی) دەگرێتە خۆی کە بە هەموویان 348 گوند لەخۆیان دەگرن و گوتی: ”بۆ ماوەی 28 ساڵ دەچێت، بە هۆی بوونی بنکە و بارەگاکانی پەکەکە لە سنوورەکە، دەڤەرەکە بووەتە گۆڕەپانی شەڕ و تەواوی ژین و ژیاری خەڵکی ناوچەکە کەتووەتە مەترسییەوە. تا ئەوەی خەڵکی سڤیلی ناوچەکە بە هۆی بوونی پەکەکە و بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکان و تۆپخانەکانی سوپای تورکیا، گەورەترین قوربانیی مرۆیی داوە و تا ئەم چرکەساتەش لەبەردەم هەڕەشەی قوربانیدانی زیاترە، ئەمەو بەبێ ئەوەی پەکەکە هەست بە بەرپرسیارێتی بکات و ناوچەکە چۆڵ بکات“. 


قائیمقامی ئامێدی جەخت دەکاتەوە، پەکەکە لە تەواوی ئەو دەڤەرانەی ناویان بردوون هەن و لە چالاکی و جموجۆڵی بەردەوامدان، بەبێ ئەوەی باکیان بەوە بێت کە هاووڵاتییانی سڤیلی ئەو ناوچانە دەبنە قوربانی و لەسەر زێدی خۆیان ئاوارە دەبن و دەستبەرداری زەویوزار و ڕەز و باخەکانیان دەبن، کە سەرچاوەی بژێویانە و دەڵێت: ”چەندین جار داوامان چارەسەرێکی ڕەوشی ناوچەکە و دۆخی خەڵکەکەی بکەن، بۆ ئەوەی ئیتر نەبێتە قوربانیی ململانێ و شەڕی پەکەکە و تورکیا“.


قائیمقامی ئامێدی باسی لەوەش کرد، کە دەڤەری ئامێدی بە تەواوی ناحیە و گوندەکانی، بە هۆی زۆریی سەرچاوەی ئاوی کانی و ڕووبارەوە، ناوچەیەکی گرنگی کشتوکاڵی و گەشتیارییە، هاوکات وێڕای ڕەز و باخ و بێستانەکانی، پاوان و لەوەڕگەیەکی دەوڵەمەندیشی هەیە کە وای کردووە ژینگەیەکی لەباری ئاژەڵداریی هەبێت و دەڵێت: ”بەداخەوە، سەرەڕای هەموو ئەم تایبەتمەندییانە، کەچی بە هۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی پەکەکە و تورکیا، تا ئێستا نەتوانراوە سوود لەو سەرچاوە دەوڵەمەندەی ژیان وەربگیرێت کە نەک تەنیا پیداوێستیی خەڵکی دەڤەرەکە، بەڵکوو توانای تێرکردن و دابینکردنی پێداویستیی بەشێکی زۆری بازاڕی هەرێمی کوردستانی هەیە لە بەروبومی کشتوکاڵی و سپیایی. ئەمەو سەرەڕای سروشتی جوان و دڵڕفێنی دەڤەرەکە و ناوچە گەشتیارییەکانی، وەک گەلی باڵندا و دەڤەری ڕێکان و بەری گارە، کە دەکرێ لە هەر چوار وەرزدا سوودیان لێ وەربگیرێت، سەرچاوەیەکی گرنگی داهاتی گەشتیارییە“.