تیرۆریستانی ئاڵا سپییەكه‌ ده‌ست به‌ جموجۆڵ ده‌كه‌نه‌وه‌

کۆمەڵێ‌ هاووڵاتیى كوردى گونده‌كانى خورماتوو و كفرییان ڕفاندووه‌

22/08/2019 - 16:54 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

تیرۆریستانى ناوسراو به‌ (ئاڵا سپییەکە) ده‌ست به‌ جموجۆڵ ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌ ژماره‌یه‌ك له‌ گوندى سنوورى ناوچه‌ى داوده‌ى سه‌ر به‌ خورماتوو، هه‌روه‌ها سنوورى كفری و ئه‌و تیرۆریستانه‌ له‌ ماوه‌یه‌كى دیاریكراودا، چه‌ندین هاووڵاتیی كوردییان ڕفاندووه.


به‌پێی زانیارییه‌كانى (باس)، تیرۆریستانى ئاڵا سپییەکە له‌دواى داگیركردنى خورماتوو، له‌لایه‌ن حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌ له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌رى 2017 په‌یدا بوون و شوێنی خۆیان له‌ گوندى (په‌ڵكانه‌)ى ناوچه‌ى داوده‌ى سه‌ر به‌ خورماتوو تاوه‌كوو ناوچه‌ى (قوڕی چای) سه‌ر به‌ كفری قایم كرد و ناوبه‌ناو جموجۆڵی تیرۆیستی دەکە‌ن.


هه‌ر به‌پێی زانیارییه‌كان كه‌ (باس) له‌ ناوچه‌كه‌وه‌ وه‌ری گرتوون‌، رۆژی شه‌ممه‌ی رابردوو 17/8/2019، هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌كانى هاوپه‌یمانان، ئۆپه‌راسیۆنێكى سه‌ربازییان له‌ دژی چه‌كدارانی ئاڵا سپییەکە، كه‌ چه‌ند گوندێكیان له‌ ناوچه‌ى داوده‌ داگیر كردووه‌، ئه‌نجام دا، بۆ له‌نێوبردن و ڕاوه‌دونانى ئه‌و چه‌كدارانه‌.


ئه‌و گوندانه‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌یان بۆ سه‌ر ئه‌نجام دراوه‌، بریتین له‌ گونده‌كانى (قه‌ڵا، شۆراو، په‌ڵكانه‌ و غه‌ڕه‌) و پاشان هاوه‌نبارانی سنوورى گوندى په‌ڵکانه‌یان كردووه‌، كه‌ زۆرترین ژمارەى ئه‌و چه‌كدارانه‌ له‌و گونده‌دا هه‌یه‌.


هاوكات شاره‌زاییانی سه‌ربازى ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ ئه‌و چه‌كدارانه‌ پاشماوه‌ى چه‌كداره‌كانى تیرۆریستانى داعشن، كه‌ له‌ سنوورى پارێزگاكانى نه‌ینه‌وا و ئه‌نبار و شوێنه‌كانى دیكه‌وه‌ هه‌ڵهاتوون و له‌ به‌شێك له‌ گونده‌كانى نێوان خورماتوو و كفری جێگیر بوونه‌.


له‌م باره‌یه‌وه‌، جه‌مال ساڵح، به‌ڕێوه‌به‌رى شاره‌دێی زینانه‌، كه‌ شاره‌دێیەكه‌یان ده‌كه‌وێته‌ ناوه‌ندى ناوچه‌ى داوده‌، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "رۆژی شه‌ممه‌ی رابردوو 17/8/2019، به‌هۆی ئه‌وه‌ى پشووى فه‌رمیی بوو له‌ ده‌وام نه‌بوومه‌ و ئاگادارى چۆنیه‌تیى ئه‌و په‌راسیۆنه‌ نه‌بووم، كه‌ كراوه‌ته‌ سه‌ر چه‌كدارانی ئاڵا سپییەکە له‌ سنوورى ناوچه‌ى داوده‌".


گوتیشی، به‌ڵام ناوبه‌ناو هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ به ‌پاڵپشتیی هێزه‌كانى هاوپه‌یمانانى دژ به‌ داعش ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازى بۆ سه‌ر چه‌كدارانى ئاڵا سپییەکە دەکه‌ن و ئه‌و چه‌كدارانه‌ زیاتر له‌ گونده‌كانى شۆراو و په‌ڵكانه‌ی ناوچه‌ى داوده‌، تاوه‌كوو سنوورى ناوچه‌ى قوڕی چای سنوورى كفرییان هه‌ن.


سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار له‌ سنوورى خورماتوو، كه‌ نه‌یویست ناوى ئاشكرا بكه‌ین، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "رۆژی 10/8/2019 گه‌نجێكى دانیشتووى گوندى دوراجی ناوچه‌ى داوده‌ى سه‌ر به‌ خورماتوو، به‌ ناوى سه‌ربه‌ست محه‌مه‌د مه‌حمود، له‌ ماڵ ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌ و پاشان مۆبایله‌كه‌ى داده‌خرێت و هیچ ده‌نگی نامێنێت، پاش گەڕانێكى زۆر، كه‌سوكاره‌كه‌ى بێ هیوا ده‌بن له‌وه‌ى بزانن له‌ كوێیه‌، به‌ڵام رۆژی چوارشه‌ممه‌ی 14/8/2019 ئه‌و گه‌نجه‌ كورده‌ ئازاد كرا و پاشان ده‌ركه‌وت، كه‌ گه‌نجه‌كه‌ له‌لایه‌ن چه‌كدارانی ئاڵا سپییەکەوه‌ له‌ سنووره‌كه‌ ڕفێنراوه‌‌".


سه‌رچاوه‌كه‌ ئه‌وه‌شی خسته‌ ڕوو، له‌ ماوه‌ی پێنج مانگى رابردوودا، تیرۆریستانى ئاڵا سپییەکە حه‌وت كه‌سیان له‌ سنوورى ئه‌و ناوچانه‌ى تیایدان، له‌ناو داوده‌ ڕفاندووه‌ و زۆرینه‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ش شوانكار بوونه‌ و به‌مه‌به‌ستى له‌وه‌ڕاندنى ئاژه‌ڵه‌كانیان نزیك ئه‌و ناوچانه‌ بوونه‌ته‌وه‌، كه‌ ئێستا به‌ده‌ست ئاڵا سپییەکەوه‌یه‌، هه‌روه‌ها ئێستا ئه‌و چه‌كدارانه‌ ژماره‌شیان زیادى كردووه‌.


ئاڵا سپییەکە، كه‌ ماوەی نزیكه‌ى دوو ساڵه‌ له‌ به‌شێك له‌ گونده‌كانى ناوچه‌ى داوده‌ن، ترس و دڵه‌ڕاوكێیان خستووه‌ته‌ ناو دڵی هاووڵاتییانى دانیشتووانى گونده‌كانی دیكه‌ى ناوچه‌کە، هه‌روه‌ها ئه‌و چه‌كدارانه‌ مه‌ترسین بۆ سه‌ر هه‌ردوو شارى خورماتوو و كفری، جگه‌ له‌وه‌ش زۆر به‌ئاسانی ده‌توانن داببەزنه‌ خواره‌وه‌ و بڕۆنه‌ سنوورى ناحیه‌ى سلێمان به‌گ و بێنه‌ سه‌ر شه‌قامى سه‌ره‌كیی نێوان كه‌ركووك- به‌غدا.


له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌، (باس) زانیویه‌تی، كه‌ هێزه‌كانى به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ى خێرای سه‌ر به‌ حكوومه‌تى عێراق، كه‌ ئه‌فسه‌رانی ئه‌و هێزه‌ فه‌رمان له‌ به‌رپرسانی حه‌شدى شه‌عبی وه‌رده‌گرن، له‌ سنوورى گوندى (خدروه‌لی) كوردیى ناوچه‌ى داوده‌ی سه‌ر به‌ خورماتوو، بەبێ هیچ روونکردنەوە و ئاگادارکردنەوەیەک ڕێگاى نێوان خورماتوو- قادركه‌ره‌میان داخست. ئه‌و رێگاش، كه‌ له‌ خورماتووه‌وە بۆ گونده‌كانى ناوچه‌ى داوده‌ى كوردان ده‌ڕوات، كه‌ زیاتر له‌ 55 گوندى كوردانه‌ و هاوكات ڕێگایه‌كى دیكه‌ى لێ ده‌بێته‌وه‌ و به‌ره‌و شاره‌دێی قادركه‌ره‌می سه‌ر به‌ شارۆچكه‌ى چه‌مچه‌ماڵ ده‌ڕوات.