له‌ 7 مانگى رابردوودا 40 هه‌زار عه‌ره‌ب فۆرمى خۆراكیان گواستووه‌ته‌وه‌ كه‌ركووك

بۆ هه‌ر هه‌ڵبژاردنێك ده‌توانن له‌ كه‌ركووك ده‌نگ بده‌ن

22/08/2019 - 16:13 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

له‌ ماوه‌ى حه‌وت مانگى ڕابردوودا، نزیكه‌ى 40 هه‌زار عه‌ره‌ب فۆرمى خۆراكیان گواستووه‌ته‌وه‌ ناو شارى كه‌ركووك و بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووش ده‌توانن له‌ كه‌ركووك ده‌نگ بده‌ن. به‌رپرسێكى پارتی دیموكراتی كوردستان ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، ئەوە ته‌عریبێكى زه‌قه به‌ڕێوه‌ ده‌چێ.


به‌پێی ئامارێكى كۆمپانیای خۆراكى سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تى بازرگانیى حكوومه‌تى عێراق، كه‌ وێنه‌یه‌كى ده‌ست (باس) كه‌وتووه‌، تێیدا ئامارى ژماره‌ى دانیشتووان و ڕێژه‌ى گۆڕانكارییه‌كان له‌ قه‌زا و ناحیه‌كانى پارێزگای كه‌ركووك خراوەتە ڕوو، به‌پێی ئاماره‌كه‌، له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه‌ تاوه‌كوو مانگى حه‌وت، 39 هه‌زار و 286 هاووڵاتیی عه‌ره‌ب له‌ ناوچه‌ عه‌ره‌بنشینه‌كانه‌وه‌ فۆرمى خۆراكیان گواستووه‌ته‌وه‌ بۆ شارى كه‌ركووك.


له‌م بارەیه‌وه‌، دیارى حوسێن، جێگرى به‌رپرسی ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تیى كه‌ركووك- گه‌رمیانی پارتی، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "ئێستا هه‌موو هه‌وڵ و كۆششێك ده‌درێت، بۆ ئه‌وه‌ى ڕێژه‌ى كورد له‌ پارێزگاى كه‌ركووك كه‌م بێته‌وه‌، بابه‌تى گواستنه‌وه‌ى فۆرمى خۆراكى هاووڵاتییانى عه‌ره‌بی ناوچه‌كانى دیكه‌ش بۆ كه‌ركووك، ته‌عریبێكى زه‌قه به‌ڕێوه‌ ده‌چێ، ئێستا بۆ ته‌عریب گشت لایه‌نه‌كانى وه‌ك وه‌زاره‌تى ناخۆ و حه‌شدى شه‌عبی و پارێزگارى سه‌پێندراوى كه‌ركووك، لاى خۆیانه‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستى ته‌عریبكردن و به‌شێوه‌یه‌كى پاشاگه‌ردانى له‌ كه‌ركووك بڕیار ده‌رده‌كه‌ن، هه‌ڵبه‌ته‌ كوردیش له‌ كه‌ركووك بێ ده‌سه‌ڵاته‌، كه‌ ئه‌وه‌ى له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌رى 2017دا ڕووى دا، بووه‌ هۆی ئه‌و كاره‌ساتانه‌ و ئه‌وانه‌ى ده‌ستیان له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ریشدا هه‌بوو، بۆ خۆیان له‌ كه‌ركووكن و بارودۆخه‌ ناله‌باره‌کە به‌ چاوى خۆیان ده‌بینن، ئیتر نازانین چۆن به‌رگه‌ ده‌گرن".


ڕاشی گه‌یاند، ئێستاش گرنگ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ كورد یه‌ك ده‌نگ بێت و كار بكرێت بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ى بارودۆخى كه‌ركووك و هه‌رچی هێز هه‌یه‌، كه‌ له‌ دواى 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ هاتوونه‌ بۆ شاره‌كه‌، بچنه‌وه‌ شوێنه‌كانى خۆیان، ئه‌مه‌یان گرنگه‌ و له‌ هه‌ڵبژاردنى داهاتووشدا، كه‌ بڕیاره‌ له‌ كه‌ركووكیش ئه‌نجام بدرێت، مه‌به‌ست له‌ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگایه‌، كه‌ ئه‌و خه‌ڵكانه‌ى تازه‌ فۆرمى خۆراكیان گواستووه‌ته‌وه‌ بۆ كه‌ركووك، تواناى ده‌نگدانیان له‌ كه‌ركووكدا نه‌بێ و پیشت به‌ تۆمارى ده‌نگدانى پێشتر ببه‌سترێت.


ئه‌و به‌رپرسه‌ى پارتی ئه‌وه‌شی خسته‌ ڕوو، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له‌م رۆژانه‌ى داهاتوودا، هه‌ردوو حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و عێراق له‌سه‌ر كۆی پرسه‌كان، ده‌ست به‌ كۆبوونه‌وه‌كانى نێوانیان بكه‌نه‌وه‌. یه‌كێك له‌ پرسه‌كانیش باسكردن ده‌بێ له‌سه‌ر ئاساییكردنه‌وه‌ى دۆخى كه‌ركووك.


پێوه‌ند به‌م باسه‌، جوان حه‌سه‌ن، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك، له‌ فراكسیۆنى یه‌كگرتوو، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "كه‌ركووك تایبه‌تمه‌ندیى خۆی هه‌یه‌ و ئێستاش گواستنه‌وه‌ى فۆرمى خۆراكى هاووڵاتییانى عه‌ره‌ب بۆ كه‌ركووك ته‌عریبه‌ و ئه‌و پرۆسه‌یه‌ له‌دواى 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ ده‌ستى پێ كردووه‌ و تاوه‌كوو ئێستاش كۆمیسیۆنى باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ عێراق پشت به‌ فۆرمى خۆراك ده‌به‌ستێت بۆ ده‌نگدان، ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ش كه‌ فۆرمى خۆراكیان گواستووه‌ته‌وه‌ بۆ كه‌ركووك، ده‌توانن بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتوو له‌ كه‌ركووك ده‌نگ بده‌ن".


گوتیشی: ”ئه‌وه‌ى له‌سه‌ر گواستنه‌وه‌ى فۆرمى خۆراكى عه‌ره‌ب بۆ كه‌ركووك ده‌گوزه‌رێ. ته‌عریبكردنێكى درێژخایه‌نه‌ و پێویسته‌ رێگه‌ى لێ بگیرێ، به‌ڵام ئێستا كورد لاوازه‌ و هێزى نییه‌، ئه‌مه‌ش واى كردووه‌، كه‌ ده‌رفه‌ت بۆ عه‌ره‌به‌كان ره‌خساوه‌، تا فۆرمى خۆراكیان بگوازنه‌وه‌ بۆ كه‌ركووك“.


جێی وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه‌، له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌رى 2017، میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبی كه‌ركووكیان به‌ ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ گرووپێكى خیانه‌تكار داگیر كرد و له‌و كاته‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ى دۆخى ئه‌منیى پارێزگاكه‌ ناله‌باره‌، پرۆسه‌یه‌كى چڕى ته‌عریبكردن ده‌ستى پێ كردووه‌، كه‌ خۆی له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى عه‌ره‌به‌ هاورده‌كان بۆ ناو شارى كه‌ركووك، هه‌روه‌ها گونده‌ كوردییه‌كانى سنوورى پارێزگاكه‌ ده‌بینێته‌وه‌ و هاوكات عه‌ره‌به‌ هاورده‌كان ده‌ستیان به‌سه‌ر زه‌ویى كشتوكاڵی جووتیارانی كورددا گرتووە، ئینجا به‌ هه‌وڵی حه‌شدى شه‌عبی و پارێزگارى سه‌پێندراوى كه‌ركووك، هه‌رچی به‌رپرسی كورده‌ له‌ داموده‌زگا حكوومى و ئه‌منییه‌كانى كه‌ركووك، له‌ كار دوور خرانه‌ونەتەوه‌ و عه‌ره‌ب له‌ شوێنه‌كانیان دانراون.