سەدان چەکداری داعش له چیای قه‌ره‌چووخ و ده‌شتی قه‌راجدا ماون

قایمقامی مه‌خموور: به‌بێ پێشمه‌رگه‌ و فڕۆكه‌كانى هاوپه‌یمانانى، داعش له‌ سنووره‌كەمان‌ كۆتاییان پێ نایه‌ت

21/08/2019 - 19:18 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

تیرۆریستانی داعش له‌ چیای قه‌ره‌چووخ و ده‌شتی قه‌راج، له‌ سنوورى قه‌زاى مه‌خموور، به‌هێزه‌وه‌ دەردەکەون، قایمقامی مه‌خمووریش ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، داعش مه‌ترسین له‌سه‌ر هاووڵاتییان و به‌بێ پێشمه‌رگه‌ و فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانى هێزه‌كانى هاوپه‌یمانانى دژ به‌ داعش، له‌ سنووره‌كه‌ كۆتاییان پێ نایه‌ت.


له‌م باره‌یه‌وه‌، عه‌بدوڵا تاهیر، به‌رپرسی ناوچه‌ى مه‌خمووری پارتی، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "له‌دواى 16ی ئۆكتۆبه‌رى 2017ه‌وه‌، جموجۆڵی داعش له‌ سنوورى مه‌خموور دروست بوو و ناوچه‌كه‌ش ناوچه‌یه‌كى به‌رفراوانه‌، پێشتر كه‌ پێشمه‌رگه‌ى لێ بوو، دۆخه‌كه‌ ئارام بوو، به‌ڵام ئێستا كه‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ نه‌ماوه‌، دۆخه‌كه‌ بۆ داعش له‌باره‌، بۆ ئه‌وه‌ى لەوێدا هه‌بێت و ئێستا ناوچه‌كه‌ بووه‌ته‌ مۆڵگه‌یه‌كی گه‌وره‌ بۆ چه‌كدارانی داعش، به‌ تایبه‌ت له‌ سنوورى قه‌راج و چیای قه‌ره‌چووخ".


گوتیشی: ”چه‌كدارانی داعش ناوبه‌ناو له‌سه‌ر چیای قه‌ره‌چووخ دێنه‌ خواره‌وه‌ و داواى سه‌رانه له‌ هاووڵاتییان دەکەن‌، هه‌روه‌ها ئه‌و تیرۆریستانه‌ له‌ سنوورى قه‌راج خه‌ڵكیان شه‌هید و بریندار كردووه‌، یان ڕفاندوویانن“‌.


ئه‌و به‌رپرسه‌ى پارتی روونى كرده‌وه‌، تیرۆریستان سوودیان له‌ بۆشایی ئه‌منیى نێوان پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانى عێراق وه‌رگرتووه‌ و به‌ ئاره‌زووى خۆیان له‌ سنووره‌كه‌ هاتوچۆ ده‌كه‌ن، به‌شێكیان له‌ ده‌شتى قه‌راجن و به‌شه‌كه‌ى دیكه‌یان له‌ چیای قه‌ره‌چووخدان.


پێوه‌ند به‌م باسه‌، رزگار محه‌مه‌د، قایمقامی قه‌زاى مه‌خموور، بۆ ماڵپه‌ڕی (به‌غداد ئه‌لیومی) ڕاگه‌یاندووه‌، جموجۆڵی داعش له‌ چیای قه‌ره‌چووخى سنوورى مه‌خموور هه‌یه‌ و ئه‌وان مه‌ترسین له‌سه‌ر هاووڵاتییان، هه‌روه‌ها مه‌ترسین بۆ سه‌ر شوێن و شاره‌كانى دیكه‌ش و هیچ پرۆسه‌یه‌كى سه‌ربازیى حكوومه‌تى عێراق به‌بێ پێشمه‌رگه‌ و فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانى هاوپه‌یمانان بۆ سه‌ر ئه‌و تیرۆریستانه‌ سه‌ركه‌وتوو نابێ.


ڕاشی گه‌یاندووه‌، به‌هۆی ئه‌وه‌ چیای قه‌ره‌چووخ هه‌ڵكه‌وته جوگرافییه‌کەى سه‌خته‌ و داعشی لێیه‌ و ئه‌وان هه‌ڕه‌شه‌ن له‌سه‌ر خه‌ڵك، داعش مۆڵگه‌ى هه‌یه‌ له‌ سنووره‌كه‌ و ناوچه‌كه‌ به‌ یه‌كێك له‌و ناوچانه‌ داده‌نرێت، كه‌ زۆرترین ژمارەی داعشی تێدایه‌.


سه‌رچاوه‌یه‌ك به‌ هه‌مان ماڵپه‌ڕی ڕاگه‌یاندووه‌، داعش ئیستغلالی دۆخى ئێستاى كردووه‌ و زۆر جار له‌وێوه‌ هاتوچۆی سنوورى كه‌ركووك و نه‌ینه‌وا ده‌كه‌ن.


له‌و چوارچێوه‌دا، ره‌شاد گه‌ڵاڵی، به‌رپرسی كۆمیته‌ى یه‌كێتی له‌ مه‌خموور، پێشتر بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "رۆژانه‌ له‌ چیای قه‌رچووخ و به‌دیاریكراوى له‌نێوان پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق، كه‌ سێ تاوه‌كوو چوار كیلۆمه‌تر نێوانیانه‌، زۆر جار چه‌كدارانى داعش له‌سه‌ر چیاكه‌وه‌ دێنه‌ خواره‌وه‌، چیای قه‌ره‌چووخ دابه‌شی سه‌ر دوو ئاراسته‌ ده‌بێ، به‌شی رۆژئاوا و به‌شی رۆژهه‌ڵاتی مه‌خموور، نێوان هه‌ردوو به‌شه‌كه‌ 25 بۆ 30 كیلۆمه‌تر ده‌بێت و ناوه‌ندێكه‌، كه‌ پارێزگاكانی هه‌ولێر و كه‌ركووك و نه‌ینه‌وا و سه‌ڵاحه‌دین به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌ و سه‌نته‌رێكه‌ بایه‌خێكى زۆر گرنگى هه‌یه‌ بۆ ته‌واوى هێزه‌ چه‌كداره‌كان، هه‌م به‌رزاییه‌كه‌ی و هه‌میش ئه‌و چیایه‌ له‌ ڕووى سه‌ربازییه‌وه‌ به‌ده‌ست هه‌ر هێزێكه‌وه‌ بێ، واتا ده‌توانن سه‌یته‌ره‌ بكه‌نه‌ سه‌ر شارۆچكه‌كانى ده‌وروبه‌ر و سه‌نته‌رى ناحیه‌ى قه‌راجیش، بۆیه‌ ئه‌و چیایه‌ به‌ده‌ست هه‌ر هێزێكه‌وه‌ بێت، ئه‌وا زاڵ ده‌بێت. پێشمه‌رگه‌ له‌ ئاراسته‌یه‌كه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام قه‌دى چیاكه‌ به‌ده‌ست داعشه‌وه‌یه‌ و ئه‌وان جموجۆڵیان هه‌یه‌ و له‌ژێر ناوچه‌كانى ده‌سه‌ڵاتى حكوومه‌تى عێراق، له‌ هه‌ردوو ڕووى چیای قه‌ره‌چووخ، واتا له‌ سنوورى دیبه‌گه‌وه‌ و بۆ قه‌راج 35 گوندى كورد هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ رۆژئاواى مه‌خموور، ئه‌و گوندانه‌ی ده‌كه‌ونه‌ هه‌ردوو ڕووى چیای قه‌ره‌چووخ، ژیانى هاووڵاتییان و جووتیاران و خاوه‌نى مه‌ڕوماڵاتەکان ناخۆش بووه‌، چونكه‌ ئه‌وان لەلایەن داعشەوە به‌ناوى زه‌كات داواى سه‌رانه‌یان لێ ده‌كرێت“.


ئه‌و به‌رپرسه‌ى یه‌كێتی ئاشكراشی كرد، داعش ئێستا مه‌فره‌زه‌ى بچووك بچووك پێك دێنێت، بۆ ئه‌وه‌ى بێنه‌ ناوچه‌كانى قووڵایی سنوورى پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ عێراقییه‌كانیش، من جیا له‌ هه‌ندێك به‌رپرسی دیكه‌ ده‌زانم، كه‌ به‌ سه‌دان چه‌كدارى داعش له‌ قه‌ره‌چووخدا هه‌ن و ئه‌وان له‌ قۆناخى خۆ ڕێكخستنه‌وه‌ ترازاون و دێنه‌ سنوورى ده‌شتى نه‌ینه‌وا و حه‌مام عه‌لیل و بۆ گیاره‌ش ده‌ڕۆن، ئه‌وێ سه‌ره‌تای ده‌رچوون و ئاراسته‌ى كار و چالاكییه‌كانیانه‌.


قه‌زاى مه‌خموور به‌ دووریى 56 كیلۆمه‌تر ده‌كه‌وێته‌ باشوورى رۆژئاواى پارێزگاى هه‌ولێر، ئه‌و قه‌زایه‌ له‌ باكووردا له‌گه‌ڵ قه‌زاى خه‌بات، له‌ باشووردا له‌گه‌ڵ ڕووبارى دیجله‌، له‌ رۆژهه‌ڵاتدا له‌گه‌ڵ زێی بچووك و له‌ رۆژئاوادا له‌گه‌ڵ زێی گه‌وره‌ هاوسنووره‌، پێشتر له‌ ڕووى ئیدارییه‌وه‌ سه‌ر به‌ پارێزگاى هه‌ولێر بووه‌، به‌ڵام به‌هۆی سیاسه‌تى ته‌عریبه‌وه‌، له‌ سه‌ره‌تای ساڵانی نه‌وته‌كانى سه‌ده‌ى رابردوو، خراوه‌ته‌ سه‌ر پارێزگاى نه‌ینه‌وا و زۆرینه‌ى دانیشتووانه‌كه‌ى كوردن، به‌ڵام چه‌ند گوندێكى سه‌ر به‌ هه‌ردوو ناحیه‌ى قه‌راج و گوێر عه‌ره‌بنشینی سنوورى مه‌خموور هه‌ن.


له‌ كاتى داگیركردنى پارێزگاى نه‌ینه‌وا له‌لایه‌ن تیرۆریستانى داعشه‌وه‌، له‌ مانگى حوزه‌یرانی 2014، مه‌خموور و چه‌ند ناوچه‌كه‌یه‌كى دیكه‌، كه‌ سه‌ر به‌ یه‌كه‌ى ئیدارى مووسڵن، به‌ هۆی ئه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ زوو خۆیان گه‌یانده‌ ئه‌و ناوچانه‌، به‌ تایبه‌ت مه‌خموور، ڕێگه‌ نه‌درا مه‌خموور له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ داگیر بكرێت، به‌ڵام دواى 16ی ئۆكتۆبه‌رى 2017، كاتێك كه‌ به‌ خیانه‌ت خانه‌قین و خورماتوو و كه‌ركووك ڕاده‌ستی حه‌شدى شه‌عبی كرا، ئه‌وه‌ش بووه‌ هۆی داگیركردنی مه‌خمووریش و به‌و هۆیه‌وه‌ له‌و كاته‌وه‌ تاوه‌كوو ئێستا جموجۆڵی داعش له‌و سنووره‌ش زیادى كردووه‌.