وردەکاریی دامەزراندنی ئەنجومەنی گشتیی راژە


ئەنجومەنەکە 14 ئەرکی دەبێت، هەمووی بۆ فەرمانبەران و دامودەزگاکانە

21/08/2019 - 19:01 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

دوای 8 ساڵ لە دەرچوونی یاساکەی، کابینەی تازەی حکوومەت هەنگاوەکانی دامەزراندنی ئەنجومەنی گشتیی راژە دەست پێ دەکات. ئەو ئەنجومەنە 14 ئەرکی دەبێت، کە تایبەتە بۆ دامەزراندن و راهێنانی فەرمانبەران و ئامادەکردنی میلاکێکی پوخت بۆ گشت دامودەزگاکان. داواکاری گشتیش ئاشکرای دەکات، هەنگاوی دامەزراندنی ئەو ئەنجومەنە بۆ چاکسازی زۆر گرنگە.


دوای هه‌شت ساڵ له‌ ده‌رکردنی یاساکه‌، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان بڕیاری دا، کار بۆ دامه‌زراندنی ئه‌نجومه‌نی راژه‌ی هه‌رێمی کوردستان بکات، به‌پێی یاساکه‌ش ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ کۆمەڵێک ئەرک و دەسەڵاتی دەبێت.


لە بڕگەیەکی کۆبوونەوەی رۆژی 30ی 7ی 2019ی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیراندا، گفتوگۆ لەبارەی چۆنیەتیی دامەزراندنی ئەنجومەنی گشتیی راژە لە هەرێمی کوردستان کرا، بۆ رێکخستنەوەی کاروباری فەرمانبەران.


یاسای ژمارە 7 ئەنجومەنی راژە لە 15ی 6ی 2011 لە پەرلەمانی کوردستان دەرچووە، بەپێی بڕگەیەکی یاساکە، پێویست بوو لە 15/8/2011 جێبەجێ بکرایە و کار بۆ دروستکردنی کرابوایە، بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەنجومەنەکە دروست نەکراوە.


بەپێی زانیارییەكانی (باس)، ئێستا لە ئەنجومەنی وەزیران لیژنە بۆ چۆنیەتیی دامەزراندنی ئەو ئەنجومەنە دروست كراوە.


ئه‌نجومه‌نی راژه‌ی هه‌رێمی کوردستان، سه‌رۆکێکی ده‌بێت به‌ پله‌ی بریکاری وه‌زیر، له‌گه‌ڵ جێگری سه‌رۆک و به‌ڕێوەبه‌رێکی گشتی و راوێژکارێکی ئه‌نجومه‌نی راژه‌، ئامانجیش له‌و ئه‌نجومه‌نه‌، رێکخستنی کاروباری وه‌زیفه‌ی گشتی و پێکهێنانی ئه‌نجومه‌نێک دەبێت، کە ئه‌رکه‌که‌ی په‌ره‌پێدانی کار له‌ فه‌رمانگه‌کانی هه‌رێم، هەروەها گه‌ڵاڵه‌کردنی رێسا و بنه‌مای دروست و دابینکردنی دادپه‌روه‌ری و بێلایه‌نی و مسۆگه‌رکردنی پێوه‌ره‌کانی توانست له‌ دامه‌زراندن و به‌رزکردنه‌وه‌دا دەبێت.


ئه‌نجومه‌نی راژه‌ی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، به‌پێی یاساکه‌ 14 ئەرکی هه‌یه‌، به‌شێک له‌ ئەرکەکانی بریتین له‌ پرۆسه‌ی دامه‌زراندنی فه‌رمانبه‌ران له‌سه‌ر بنه‌ما و پێوه‌ری تایبه‌تی و به‌ ره‌چاوکردنی پره‌نسیپی شیاویی که‌سه‌کان و تواناکانیان، رێکخستنه‌وه‌ی میلاکی فه‌رمانبه‌ران و گواستنه‌وه‌ی راژه‌ و هاوسه‌نگیی له‌ ژماره‌ی فه‌رمانگه‌کان، ده‌رکردنی یاسا و رێنمایی پێویست له‌باره‌ی رێکخستن و په‌ره‌پێدانی که‌رتی وه‌زیفه‌ی گشتی، ئاماده‌کردنی په‌یکه‌ری وه‌زیفی و فه‌رمانگه‌کان، مه‌شق و شیاندنی فه‌رمانبه‌رانی دامه‌زراوه‌کان، تاقیکردنه‌وه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی دەیەوێ دایانبه‌مه‌زرێنێت، بایه‌خدان به‌ دامه‌زراندنی خاوه‌ن پێداویستیی تایبه‌ته‌کان، ئامادەکردنی پەیکەری وەزیفیی وەزارەتەکان" .


بەپێی یاساکە، ئەنجومەنی وەزیران دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ سەرۆکی ئەنجومەنەکە و جێگرەکەی دەکاتەوە، 5 ساڵ بۆیان هەیە لە پۆستەکانیان بمێننەوە و جارێکیش بۆیان هەیە نوێ بکرێتەوە.


ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە (باس)ی راگەیاند، لە کۆبوونەوەی فەرمیی ئەنجومەنی وەزیران، باس لە دامەزراندنی ئەنجومەنی گشتیی راژە کراوە، گوتیشی: "دامەزراندنی ئەنجومەنی گشتیی راژە لە هەرێمی کوردستان، بۆ رێکخستنەوەی کاروباری فەرمانبەرانە، ئەم بابەتەش بەشێکە لە پرۆسەی چاکسازی، کە لە هێڵە گشتییەکانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا باسی لێوە کراوە".


ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات، ئەنجومەنی راژە 14 ئەرکی هەیە و یەکێک لە ئەرکەکانی رێکخستنەوەی راژەی فەرمانبەران دەبێت، گوتیشی: "ئەنجومەنەکە لەلایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ بڕیاری لەبارەوە دراوە و چاوەڕوان دەکرێت لە زووترین کاتدا دەستبەکار بێت و ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات".


لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 700 هەزار فەرمانبەر لە دامودەزگا جیاوازەکان هەیە.


د.محەمەد رێکانی، ئەندامی داواکاری گشتی بە (باس)ی راگەیاند، هەنگاوی دروستکردنی ئەنجومەنی راژە هەنگاوێکی گرنگی چاکسازییە، گوتی: "ئەو ئەنجومەنی زۆرگرنگە بۆ چاکسازی، چونکە بواری یەکسان دەڕەخسێنێت بۆ پاڵێوراوان بۆ پۆستەکانی فەرمی و بەپێی مەرج و لێهاتوویی ئەو کەسانە دەبێت و بەشێوەیەکی شەفاف و روون ڕادەگەیەنرێت و بەپێی پلان و پێویستیی فەرمانگەکان، کەسی لێهاتوو لە شوێنی گونجاو دادەنرێت".


جەختی کردەوە، ئەو کارە وا دەکات خەڵک لەسەر بنەمای دروست دابمەزرێندرێت و میلاکات دابەش بکرێتەوە.


یوسف عوسمان، سەرۆکی یەکێتیی فەرمانبەرانی کوردستان بە (باس)ی راگەیاند، دروستکردنی ئەنجومەنی راژە زۆر کێشە چارەسەر دەکات، گوتی: "ئێستا لە فەرمانگەکان کێشەی میلاک هەیە، هەندێک فەرمانگە میلاکیان زۆرە و شوێنی کارکردنیان نابێتەوە، لە هەندێک شوێنی تریش بەهۆی کەمیی میلاک، کاروبارەکان خراپ رایی دەبن، ئەو ئەنجومەنە دەتوانێت ئەو کێشەیە چارەسەر بکات".


روونیشی کردەوە، ئەو ئەنجومەنە دەتوانێت بەشدار بێت لە بەرزکردنەوەی ئاست و توانستی فەرمانبەران و راهێنانیان، بۆ ئەوەی بەپێی پێشکەوتنی سەردەم خزمەت بکەن.