رووسیا دژی ناوچەی ئارامە و تورکیاش دەیەوێ عەفرینی لێ دەربکات

 

21/08/2019 - 16:44 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

رووسیا لە دژی رێککەوتنی ئەمەریکا و تورکیا بۆ ناوچەی ئارام دەوەستێتەوە و چاودێرانیش پێیان وایە، رووسیا دەیەوێ لەو ڕێگەیەوە، بەشێک لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە رادەست بە رژێمی سووریا بکرێتەوە، هاوکات تورکیاش نایەوێ عەفرین بخاتە هاوکێشەی ناوچەی ئارامەوە.

دوای لێکتێگەیشتنی ئەمەریکا و تورکیا بۆ دروستکردنی ناوچەی ئارام لە سووریا، کە دەکەوێتە باکووری سووریا و رۆژهەڵاتی فورات، کە ناوچەیەکی کوردانی رۆژئاوایە، بەرژەوەندییەکانی رووسیا لەو وڵاتە لەگەڵ ئەو زلهێزانە یەک ناگرێتەوە و لە دژی رێککەوتنەکە دەوەستێتەوە، بۆ ئەوەش دەیەوێ (هەسەدە) هێزەکانی سووریای دیموکراتی گرێدراوی پارتی کرێکارانی کوردستان PKK، لەگەڵ رژێمی سووریا رێک بکەوێت و بەشێک لە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی رادەست بە رژێمی سووریا بکاتەوە، هاوکات تورکیاش لە پرسی دروستکردنی ناوچەی ئارام لە سووریا بەتەواوی عەفرینی دابڕاندووە و نایخاتە بابەتی رێککەوتنەکانەوە.


لەمبارەیەوە، مەزڵووم کۆبانێ، بە میدیاکانی نزیک لە هەسەدەی راگەیاندووە، لەبەرامبەر ئەو هەڕەشانەی لەلایەن تورکیاوە دەکرێن، پێویستە هێڵی نێوان رووبارەکانی فورات و دیجلەش بخرێتە ناو ناوچەی ئارامەوە.


ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەوان و حکوومەتی تورکیا ناڕاستەخۆ دیداریان هەبووە و بابەتی دیدارەکانیش هێشتا بە ئەنجام نەگەیشتوون و گوتووشیەتی: "دیدارەکان بەردەوامن، بۆ ئەوەی بگەینە ئەنجامێک".


مەزڵووم کۆبانێ ئاشکراشی کردووە، کە داوایان لە لایەنەکان کردووە، تەواوی سنوورەکە (سنووری رۆژئاوا لەگەڵ تورکیا) وەکوو ناوچەیەکی ئارام دەستنیشان بکرێت، بەڵام تورکیا دەیەوێت ناوچەی ئارام تەنیا لەنێوان گرێسپی و سەرێکانی بێت.


لەلایەکی دیکەشەوە، رووسیا نیگەرانیی خۆی لە دروستکردنی ناوچەی ئارام لە سووریا دەربڕیوە و ئەوەی وەکوو هەوڵێکی (ئەمەریکی- تورکی) بۆ جیاكردنەوەی باكووری رۆژهەڵاتی سووریا خستووەتە ڕوو.


ماریا زاخارۆفا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، کە کەناڵی فەرمیی رووسیا (RT)ی راستەوخۆ کۆنگرەکەی گواستەوە، رای گەیاند، هەست بە نیگەرانی دەكەن لەبەرامبەر بەردەوامیی ئەو هەوڵانەی، وا دیارە بۆ جیاكردنەوەی باكووری رۆژهەڵاتی سووریا دەدرێن و ئەوە قبووڵ ناکەن.


گوتیشی: “پێداگری لەسەر سەروەریی خاكی سووریا و بەڕێوەچوونی گفتوگۆی بەرهەمدار لەنێوان كوردەكان و حكوومەتی دیمەشقدا دەکەین”.


ئەوەش لەکاتێدایە کە رووسیا، لە ساڵی ٢٠١٨وە گڵۆپی سەوزی بۆ تورکیا هەڵکردووە، تاکوو لە ئاسمانی سووریاوە هێرش بکاتە سەر هێزە کوردییەکانی گرێدراوی پەکەکە، هاوکات رۆڵێکی بەرچاوی هەبوو لە سەرخستنی هێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر عەفرین.


لەمبارەیەوە، عیماد برهۆ، ئەندامی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا بۆ (باس) رای گەیاند، رووسیا سیاسەتی دووفاقیی لە سووریا پەیڕەو دەکات، لە واقعدا شتێک دەکات و لە قسەدا شتی دیکە دەڵێت، گوتیشی: “کاتی خۆی لە عەفرین زۆر هاوکاریی تورکیای کرد، تاوەکوو ناوچەکە کەوتە ژێر کۆنتڕۆڵی تورکیا، بەڵام لە میدیاکانی شتی دیکەی دەگوت، ئێستاش هەر بە هەمان شێوەیە، لە واقیعدا رێککەوتنی لەگەڵ تورکیا هەیە و بەرژەوەندیی خۆی بە هیچ لایەنێک نادات، بەڵام لە لێدوانەکانیدا دەیەوێ شتێکی دیکە بڵێت، تاوەکوو لایەنەکانی دیکەش رازی بکات”.


ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد، دۆخی رۆژئاوای، کە ئێستا لەبەردەم مەترسیی تەعریبدایە، بۆ نەزانیی پەکەکە لە سیاسەت گەڕاندەوە، گوتی: “رووسیا هەر لە دەستپێکی شەڕی سووریادا سیاسەتی پاڵپشتیی لە تورکیای هەبووە، بەڵام هێزەکانی گرێدراوی پەکەکە، پشتی زۆریان بە رووسیا بەست، کە دواجار رووسیا هاوکاریی تورکیای کرد، ئەوکات دەیانگوت رووسیا خیانەتی کردووە، ئێستاش دان بەوەدا نانێن کە ئەوان نەزانانە پەیوەندی دادەمەزرێنن و هیچ پەیوەندییەکی راستەقینەی دیپلۆماسییان لەگەڵ وڵاتاندا نییە، ئەوەش وای کردووە هەموو کات کورد زیان لە سیاسەتی هەڵەی ئەوان بکات”.