حكوومەت فەرمانێك بۆ خانوو و شوقە حكوومییەكان دەردەكات

 

20/08/2019 - 16:39 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

بەپێی فەرمانێكی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كە بە نووسراوی ژمارە 4646ی ئەنجومەنی وەزیران، لە 29ی 7ی 2019 دەرچووە و كۆپییەكی فەرمانەكەش دەست (باس) كەوتووە، ئاماژە بەوە كراوە، كە بۆ رێكخستەوە و كۆنتڕۆڵكردنی یەكەكانی نیشتەجێبوون، خانوو و شوقە حكوومییەكان، كە بۆ فەرمانبەرانی ئاستە جیاجیاكانی پێشتر تەرخان كراون، یان لە ئایندەدا دەكرێت، چەند بڕیارێك دراون.


ئاماژە بەوە كراوە، شوقە و خانووی حكوومی تەنیا لە دوو حاڵەت دەدرێت "دەبێ فەرمانبەری حكوومی بێت و ئێستا لە راژە بەردەوام بێت، دەبێ خۆی و ئەندامانی خێزانەكەی (هاوسەر، یان هاوژین، كوڕ، كچ ئەگەر هاوسەرگیرییان نەكردبێت) بە نووسراوی تۆماری خانووبەرە بیسەلمێنێت، هیچ یەكەیەكی نیشتەجێبوونیان نەبێت".


ئەوەش خراوەتە ڕوو، وەزیر و بەرپرسە حكوومییەكان، كە شوقە یان خانوویان بۆ تەرخان دەكرێت، پێویستە رەچاوی شوێنی نیشتەجێبوونی پاسەوانییان بۆ بكرێت.


ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی كردووەتەوە، بۆ هەر فەرمانبەرێك لە هەر پلەیەكدا بێت، تەنیا یەك یەكەی نیشتەجێبوونی بۆ تەرخان دەكرێت، هەروەها كرێی خزمەتگوزاری لە ئەستۆی فەرمانبەران دەبێت، كە بۆی تەرخان كراوە (هەر پلە و ناونیشانێكی هەبێ)، تەنیا یەكەی نیشتەجێبوونی پاسەوانی وەزیرەكان و بەرپرسان لەسەر ئەستۆی فەرمانگە و وەزارەتی پێوەندار دەبێت.


ئەوەش روون كراوەتەوە، هەر یەكەیەك بۆ هەر فەرمانبەرێك تەرخان كرابێت، ئەوە دەبێت نیشتەجێبوو فەرمانی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەبێت و ناو و ناونیشانی فەرمانبەری و بڕی مووچەكەی دیاری كرابێت، پاشان وەزارەتی دارایی گرێبەست لەگەڵ ئەو فەرمانبەرە دەكات، كە لە فەرمانی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران ناوی هاتووە، پێویستە لە ماوەی 30 رۆژ گرێبەستەكە بكرێت، بەپێچەوانەوە، بە هەڵوەشاوە دادەندرێت.


هەر فەرمانبەرێك، كە گرێبەستی لەگەڵدا دەكرێت، دەبێ خۆی لەو یەكانە نیشتەجێ بێت و بە هیچ شێوەیەك نابێت كەسی تری لەناودا بێت.


جەختیش كراوەتەوە، هەر فەرمانبەرێك لە پۆست یان لە ئەركی فەرمیی حكوومیدا نەمێنێت، پێویستە لە 30 رۆژدا یەكەكەی چۆڵ بكات و ئەستۆپاكیی بۆ بكرێت و رادەستی بكاتەوە.


لەدوای چۆڵكردنی هەر یەكەیەكی نیشتەجێبوون، هەر كەموكوڕییەك هەبێت، دەبێ فەرمانبەرەكە چاكی بكاتەوە، هەر كەسێك پابەند نەبوو، رێكاری یاسایی لەبەرامبەر دەگیرێتە بەر.


یەكێك لە بڕیارەكان ئەوەیە، لیژنەیەك لە دیوانی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران پێك دێت، بە ئەندامیەتیی نوێنەرێكی وەزارەتی دارایی بۆ سەرپەرشتیكردن و ئیدارەدانی یەكەكانی نیشتەجێبوون، وەكوو هاتووە "ئەو لیژنەیە بەپێی ناوەڕۆكی ئەو فەرمانە رێكخستنی پێویست بكات بۆ هەموو ئەو یەكانەی، كە پیشتر تەرخان كراون، یان لەمەودوا بۆ فەرمانبەران تەرخان دەكرێن".