لە هەولێر گرووپێکی فەیسبووک بۆ ئاشکراکردنی کامێرا و تیمەکانی هاتوچۆ دروست دەکرێت

شارەزایەکی بواری هاتوچۆ: ئەو کارە نایاساییە و پێویستە سزا بدرێن

18/08/2019 - 20:57 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، گرووپێک بە ناوی (ھۆشیاریی شوفێری و کامێراکانی هاتوچۆ- هەولێر)، رۆژانە شوێنی کامێراکانی هاتوچۆی ناوشاری هەولێر و تیمەکانی هاتوچۆ بڵاو دەکاتەوە. دامەزرێنەری گرووپەکەش جەخت لەوە دەکاتەوە، گرووپەکەیان تەنیا بۆ ئاشکراکردنی شوێنی هاتوچۆ نییە، بەڵکوو زانیاری، ئاگاداری و سەرپێچییەکانیش بڵاو دەکاتەوە. گوتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێریش، بوونی گرووپێکی لەو شێوەیە بەلایەوە ئاساییە.


چالاک یاسین، قوتابیی کۆلێژە، بەهۆی ئەوەی ئۆتۆمبێلەکەی هەزەی نەکراوە، بەردەوام چاودێریی گرووپی (ھۆشیاریی شوفێری و کامێراکانی هاتوچۆ- هەولێر) دەکات، چونکە نایەوێت تووشی هیچ تیمێکی پۆلیسی هاتوچۆ ببێتەوە و دەڵێ: ”ئەو گرووپە دەیان هەزار ئەندامی هەیە، مەفرەزە لە هەر شوێنێک بێت، کەسێک زوو بڵاوی دەکاتەوە و یەکتر ئاگادار دەکەینەوە، منیش بەهۆی ئەوەی نەمتوانیوە ئۆتۆمبێلەکەم هەزە بکەم، لە مەفرەزەکان غرامە دەکرێم، بە کارێکی باشی دەزانم، جگە لەوەش کامێرای هاتوچۆ لە چ شوێنێک دابنرێت، لەو گرووپەوە دەزانرێت“.


ئەو قوتابییەی کۆلێژ بوونی گرووپی وا بە پێویست دەزانێت، بەتایبەت بەهۆی ئەوەی کە زۆرجار زانیاریی دیکەشی تێدا دەگۆڕدرێتەوە، وەک چۆنیەتیی ساڵیانە نوێکردنەوە، مۆڵەت نوێکردنەوە و چەندین بابەتی دیکە، دەشڵێت: ”ئەو گرووپە سوودی زۆرە، وا نەبێت کە سەرپێچیی زیاد کردبێت، بەڵکوو وای کردووە خەڵک ئاگادار خۆی بێت، هەوڵ بدات گرفتەکانی چاک بکات، سوودیشی بۆ کوڕە هەژارەکان زۆرە“.


دامەزرێنەری گرووپی (ھۆشیاریی شوفێری و کامێراکانی هاتوچۆ- هەولێر)، کە نایەوێت ناوی بڵاو بکرێتەوە، بۆ (باس) ئاماژە بەوە دەدات، کە گرووپەکەیان سەرووی 50 هەزار ئەندامی هەیە و هەموو کەسێک دەتوانێت لەو گرووپە پۆست بکات، ئەویش بەپێی یاسای گرووپەکە، دەبێت پۆستەکان لە سنووری زانیاری، سەرپێچی و ئاگادارکردنەوەی شوێنەکانی کامێرا بێت، هاوکات پێی وایە، ئەو ئاگادارکردنەوەیە هیچ سەرپێچییەکی یاسایی تێدا نییە، تەنیا خەڵک ئاگادار دەکەیتەوە، کە لە کامێرا نەدات و هێواش بڕوات، لەگەڵ ئەوەشدا نازانێت هیچ یاسایەکی تایبەت بەو بوارە هەیە: ”ئێمە یارمەتیدەری خەڵکین، تاکوو رەچاوی ئەو خێراییە بکات، بۆ بڵاوکردنەوەی شوێنی مەفرەزەکانیش، ئێمە مەفرەزەی هاتوچۆ بڵاو دەکەینەوە، نەک ئاسایش، بۆیە بڕوا ناکەم کارەکە نایاسایی بێت، بۆ مەفرەزەی هاتوچۆش، خۆتان دەزانن بەهۆی قەیرانی ساڵانی رابردووەوە، توانای ئەوەیان نییە غەرامە بکرێن و پارە بدەن، بۆیە باشترە ئاگادار بکرێنەوە“.


دامەزرێنەری گرووپەکە نکۆڵی لەوە دەکات، کە هیچ گرفتێکی یاساییان لەگەڵ پۆلیسی هاتوچۆ هەبێ، چونکە ئەوان تاکە گرووپ نین، بەڵکوو چەند گرووپێکی بچووکتریش هەن، دەشڵێت:: ”راستە باسی کامێرا و مەفرەزەکان دەکەین، بەڵام لە زۆربەی حاڵەتەکان، ئێمە هۆشیاریی شوفێری بڵاو دەکەینەوە و خەڵک هۆشیار دەکەینەوە، هەروەها، جگە لەوەش هەر شوفێرێک سەرپێچیی بکات، وێنەی دەگیرێ و ئێمە بڵاوی دەکەینەوە، ئەمەش وا دەکات، کەسەکە تەریق بێتەوە و جارێکی دیکە سەرپێچی نەکات، لەو حاڵەتانەشدا دەستخۆشیی زۆرمان لێ کراوە، جگە لەوەش، ئێمە ئەگەر مەفرەزەیەک بۆ دەسبەسەرکردنی ماتۆڕسکیلەکان دانرابێت، ئێمە بڵاوی ناکەینەوە، چونکە لەو یاساییە ئێمە پاڵپشتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانین“.


دامەزرێنەری گرووپی (ھۆشیاریی شوفێری و کامێراکانی هاتوچۆ- هەولێر)، جەخت دەکاتەوە، کە کارەکەیان نایاسایی نییە، چونکە رۆژانە رادیۆیەک هەیە کە سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆیە، شوێنی کامێراکانی هاتوچۆ بڵاو دەکاتەوە.


هەڵکەوت عەبدوڵا، شارەزای بواری هاتوچۆ، ئاماژە بەوە دەدات، کە لە وڵاتانی رۆژئاوا، لە زۆربەی شوێنەکان کامێرای جێگیر هەیە و بەردەوام لەو شوێنەیە، لە شوێنی دیکەش کامێرای شاراوە هەیە، بۆ ئەوەی هەموو کات شوفێر پابەند بێت، نەک لە شوێنێک کامێرای جێگیر هەبێت و شوفێر کە لێی رەت بوو، خێراییەکەی زیاد بکات: ”ئاشکراکردنی شوێنی کامێراکان، ئەگەر لەلایەن پۆلیسی هاتوچۆشەوە بێت هەڵەیە، چونکە دەبێ هەندێک جار وا لە هاووڵاتی بکەیت، کە بزانێ هەمیشە لە شەقامەکان کامێرا هەیە، تاکوو خەڵک پابەندی خێرایی یاسایی بێت“.


ئەو شارەزایەی بواری هاتوچۆ، ئەوە روون دەکاتەوە، کە لە وڵاتانی دیکە، ئۆتۆمبێلی هاتوچۆ لە تەختە دروست دەکەن، تاکوو شوفێران لەدوورەوە پابەندی خێرایی و یاساکانی هاتوچۆ بن، دەشڵێت: ”خەڵک دەچێت لە مۆبایلی زیرەک بەرنامەیەک دادەنێت، بۆ ئاشکراکردنی شوێنی کامێراکان، من پرسیاری ئەوە دەکەم، خەڵک ئەوەندەی مەشغولی ئەوە بێت و فێڵ لە یاسا بکات، باشتر نییە خۆی رۆشنبیر بکات و پابەندی یاسا بێت و کەموکوڕییەکانی چارەسەر بکات؟ بۆیە ئاشکراکردنی ئەو شوێنانە دەرچوونە لە یاسا و پێویستە سزا بدرێن“.


بەڵام رائید فازڵ حاجی، گوتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر، بە هەفتەنامەی (باس)ی راگەیاند، کە ئەو کارەی ئەو گرووپە، کارێکی نایاسایی نییە، چونکە خۆیان کە کامێرا دادەنێن، ئاگاداری بڵاو دەکەنەوە، ئامانجیشیان ئەوەیە، کە خەڵک تووشی رووداوی هاتوچۆ نەبن، دەشڵێت: ”ئەگەر ئەو گرووپەشمان قەدەغە کرد، بەرنامە هەیە لە مۆبایل دایدەبەزێنیت، خۆی شوێنی هەموو کامێراکانت پێ دەڵێ، ئەوە چۆن قەدەغە دەکەیت؟“.


لەبارەی ئاشکراکردنی شوێنی تیمەکانی هاتوچۆ، گوتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر، ئاماژە بەوە دەدات، کە ئەو کارەش ئاساییە، چونکە تیمەکانی پۆلیسی هاتوچۆ، گەڕۆکن، زۆرترین مانەوەیان لە شوێنێک، سەعاتێک و نیوە، زیاتر نییە: ”تا ئەوان دایدەنێن، مەفرەزەکە شوێنی خۆی گۆڕیوە، بۆیە ناشکرێت مۆبایل لە هەموو کەس وەرگریت، ئەوانەی ئەو کارەش دەکەن دیار نین، تا سکاڵایان لەسەر تۆمار بکرێ“.