باڵەکانی یەکێتی پڕۆژەی جیایان بۆ کۆنگرە هەیە

هەندێکیان تەوافوقی پێشوەختە و هەندێکیان کۆنگرەیەکی بێ ڕێککەوتنیان دەوێ

18/08/2019 - 19:55 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە فەرمی رای گەیاند، تا کۆتایی ئەمساڵ کۆنگرە دەبەستن. هاوکات سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرای دەکات، بۆ کۆنگرەی یەکێتی، چەندین پڕۆژەی جیاواز لە باڵ و ئاراستە جیاوازەکانی پێشکەش کراون، هەندێ لە ئاراستە جیاوازەکانیش بەبێ رێککەوتن، ترسیان لە هاتنەپێشەوەی مەلا بەختیار هەیە.


لە چەند رۆژی رابردوودا، لەتیف شێخ عومەر، وتەبێژی فەرمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە ڕێگەی میدیا فەرمییەکانی حزبەکەیەوە ئاشکرای کرد، یەکێتی تاوەکوو کۆتایی ئەمساڵ کۆنگرە دەبەستێت.


بەپێی زانیارییەکانی (باس)، کە لە سەرچاوەی ئاگادار لە دۆخی یەکێتی پێی دراون، بۆ ئەو کۆنگرەیەی یەکێتی، کە هەموو باڵ و ئاراستە جیاوازەکان هەریەکەو بەو شیوازەی خۆی دەیەوێ لەگەڵ ئەنجامدانیدان، بۆیە چەندین پڕۆژەی جیاواز پێشکەش بە سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسیی یەکێتی کراون، کە ناوەڕۆکی پڕۆژەکان جیاوازییان لەگەڵ یەکتریدا هەیە و هەندێکیان لەگەڵ تەوافقی پێش کۆنگرەن و هەندێکی دیکەیان لەگەڵ ئەوەن یەکێتی بەبێ رێککەوتن و تەوافقی پێشوەختە بچێتە کۆنگرەوە.


بەڵام هەندێ لە باڵەکان ترسیان لەوە هەیە، ئەگەر یەکێتی کۆنگرەیەکی بێ تەوافق و رێککەوتن ببەستێت، ئەگەری هاتنەپێشەوەی مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بۆ ریزەکانی پێشەوە هەیە.


سەرچاوەکە ئاشکراشی کرد، کە بنەماڵەی تاڵەبانی بە هەموو شێوەیەک لەگەڵ ئەوەدان، کە یەکێتی لە دوای (مام جەلال)ەوە پۆستی سکرتێری گشتیی نەبێت و لە شوێنی ئەو پۆستە، دەستەی سەرۆکایەتی، یان هاوسەرۆکی هەبێت، کە ئەوەش وای کردووە هەندێ لە باڵ و گرووپەکان ترسیان لەوە هەبێت، مەلا بەختیار بگات بە پۆستی هاوسەرۆکی، یان دەستەی سەرۆکایەتیی یەکێتی، بە تایبەتی بەرهەم ساڵح، کە باڵێک بۆ ئەو پۆستە پشتیوانیی لێ دەکەن، کە ئەوەش ئەگەری بەریەککەوتنی لەگەڵ مەلا بەختیار دەبێت، کە لەدوای گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناو یەکێتی، مەلا بەختیار کۆبوونەوەکانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی جێ هێشتووە.


هاوکات، بەپێی زانیارییەکانی هەندێ لە میدیا نزیکەکانی باڵە جیاوازەکانی (یەکێتی) لە سلێمانی، هەر لە ئێستاشەوە لەلایەن هەندێ باڵەوە هەوڵ بۆ سڕکردنی مەلا بەختیار، وەکوو لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی دەست پێ کردووە.


 بەپێی زانیارییەکانی ئەو میدیایانە لای خۆشیانەوە، مەلا بەختیار لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندیی بە بەرپرسێکی باڵای یەکێتییەوە کردووە و پێی ڕاگەیاندووە، ئەگەر بەرهەم ساڵح لە کۆنگرەدا بکرێتە سکرتێر، یاخود هاوسەرۆکی یەکێتی، ئەوا ئەو ناگەڕێتەوە نێو یەکێتی و بە یەکجارەکی دەست لە کار دەکێشێتەوە.


لەمبارەیەوە، بافڵ تاڵەبانی، كوڕە گەورەی جەلال تاڵەبانی، سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی، بەپێی راگەیەندراوێكی نووسینگەكەی، لە دەبەشان چاوی كەوتووە بە ژمارەیەك لە ئەندامانی گرووپی بەستنی كۆنگرە و لە دیدارێکدا گفتوگۆ کراوە لەبارەی رێوشوێنەکانی بەستنی کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و میکانیزمەکانی رێکخستنەوە و نوێکردنەوەی ئۆرگانەکانی یەکێتی لەسەر ھەموو ئاستەکان.


بەپێی راگەیەندراوەكە، بافڵ تاڵەبانی بە گرووپی ئەندامانی گرووپی بەستنی کۆنگرەی راگەیاندووە، کە کۆنگرە بۆ تەسفییە و دابەشکاری و پشک پشکێنە نییە، بەڵکوو کۆنگرەی راستەقینە و بێ تەوافق دەبەستین.


لای خۆشیانەوە، مامۆستا جەعفەر، ئەندامی پێشووتری مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان شارەزا لە کاروباری نێوخۆیی ئەو حزبە، بۆ (باس) رای گەیاند، یەکێتی کۆنگرەکەی زۆر دواکەوتووە، ئەوەشی لە بەرژەوەندیدا نابێت، چونکە ناکۆکییەکان لەو ماوە زۆرەدا بۆ حزبێک، کە تەمەنی 45 ساڵە و تەنیا سێ کۆنگرەی کردووە، کەوابێت هەر 15 ساڵ کۆنگرەیەکی کردووە، گوتیشی: “هەموو کۆنگرەکانی پێشوو بە رێککەوتنی پێشوەختە بوونە، چونکە بەهۆی تەکەتولی زۆرەوە، نەتوانراوە کۆنگرەیەکی بێ رێککەوتن بکرێت، ئێستاش ئەگەر یەکێتی دەیەوێ کۆنگرەیەی راستەقینە بکات، باشترە پێش کۆنگرە کۆنفرانس ببەستێ و لە ڕێگەی مەڵبەندەکانیەوە ژمارەی ئەندامەکانی کۆنگرە کەم بکاتەوە، چونکە ناکرێ وەکوو ئەوەی پێشوو ١٦٠٠ کەس بهێنێتە کۆنگرە و هەر یەکەی قسە و رایەک بخاتەوە، کۆنگرە بەو شێوەیە سەرکەوتوو نابێت”.


ئەو سەرکردەیەی پێشووی یەکێتی، جەختی لەوەش کردەوە، یەکێتی ئێستا کەوتووەتە قۆناغێکی مەترسیدارەوە، چونکە پێناسی خۆی بە حزبێکی سۆسیال دەکات، لەکاتێکدا لیبڕاڵەکان دەستیان گرتووە بەسەر یەکێتیدا، بەرپرسێکی پلە بیستی ماڵەکەی، لە کۆشک و تەلارێکدایە و نایەتە ناو خەڵکەوە، ئەوەش بۆ داهاتووی یەکێتی مەترسیدارە، گوتیشی: “گرنگیدان بە گەنجان بۆ هاتنەپێشەوەیان، هۆکارێکی سەرکەوتنە نەوەکوو دووبارە ئەو روخسارانەی کە تەمەنیان هەیە، بگەنەوە بە هەموو پۆستەکان، بۆ کەسێک یان چەند کەسێکیان دەبێ، کە خاوەنی پێگە و بیرۆکە بن، بەڵام بۆ هەمووان ئەوە یەکێتی دەخاتە دواوە، چونکە ئێستا یەکێتی لە هەموو کات زیاتر پێویستی بە هاتنەپێشەوەی گەنجان و ژنان هەیە”.


پێشتر، مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی بۆ (باس) رای گەیاند، کۆنگرە پێویستی بە زەمینەسازی و لێکتێگەیشتن هەیە، بە شێوەیەک، ببێت بە هۆکاری رێککەوتن و تەبایی، نەوەکوو لێکترازان و نیگەرانیی زیاتر دروست بکات. گوتی: “هەر کات سەرکردایەتیی یەکێتی بگات بەو قەناعەتەی کاتی ئەنجامدانی کۆنگرەیە، ئەوە یەکێتی کۆنگرە دەبەستێ”.
جێی باسە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، کە لە ساڵی 1975 دامەزراوە و تاوەکوو ئێستا (3) كۆنگرە‌ و (2) پلینیۆمی کردووە و لەو سێ‌ كۆنگرەیەی، کە لە ساڵەكانی 1992 ،2001 و 2010دا بەستوویەتی، بۆ هەموویان ڕێككەوتنی پێشوەختە كراوە.