حکوومەت: بە ئەلکترۆنیکردنی عەریزەنووسین کۆنتڕۆڵی ساختەکاری و زۆر گرفتی تر دەکات

بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەكانی داد: لەو سیستەمەدا هەموو مامەڵەیەک لە ماوەی 20 خولەکدا تەواو دەكرێت

هێمن ساڵح - شوان بەرزنجی 18/08/2019 - 16:52 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

حکوومەت لە ڕێگەی بە ئەلکترۆنیکردنی عەریزەنووسینەوە، کۆنتڕۆڵی ساختەکاری و زۆر زۆر گرفتی تر و بەڕێوبەری گشتیی فەرمانگەكانی دادیش دەکاتەوە، لەو ڕێگەیەوە بە یەکجاری کۆنتڕۆڵی ساختەکاری دەکرێت، ئەو پارەیەش، کە لەبەرامبەری وەردەگیرێت، نزیکە لەو پارەیەی پێشتر بە بەش بەش لە هاووڵاتییان وەرگیراوە.

سەبارەت بە بابەتی زیادکردنی نرخی عەریزەنووسین و بەئەلیکترۆنیکردنی، کە ناڕەزایی هاووڵاتییانی لێ کەتووەتەوە، بەپێی بەدواداچوونێکی (باس)، لەگەڵ ئەوەی عەریزەنووسین کراوە بە ئەلکترۆنی و تەواوی مامەڵەکانیش لە دادنووسەکان بوون بە ئەلکترۆنی، بە شێوەیەک ئەو پارەیەی پێشتر بە بەش بەش لە هاووڵاتییان وەرگیراوە، ئێستا بە کەمێک زیاتر و بە خزمەتگوزاریی زیاتر و خێرایی راییکردنی مامەڵەکانیان لێیان وەردەگیرێت، هەوڵیش هەیە ئەو نرخە کە 25 هەزاری بۆ دیاری کراوە، کەم بکرێتەوە.

بەپێی بەدواداچوونەکە، پێشتر بەپێی جۆری عەریزە و کەیسی هاووڵاتییەکە پارە وەرگیراوە، کە لە 3 تا 4 ھەزار دینار تەنیا بۆ عەریزەنووسەکە بووە، وێنەگرتن و کۆپیکردنیش نزیکەی 5 هەزار، دواتریش بەپێی رسووماتی کەیسەکە، تاوەکوو 15 هەزار دینار پارەی لێ وەرگیراوە، واتا کۆی گشتیی ئەو پارەیەی لە هاووڵاتییەکە وەرگراوە، نزیکەی 18 هەزار دینار بووە، ئێستا کە بووەتە ئەلکترۆنی، بە پێشکەشکردنی کوالێتیی بەرزتر لەو کاغەزانەی هەبوون و بە هیچ شێوەیەک ساختە ناکرێن و نەمانی رۆتین و خێرایی مامەڵەکە بە شێوەیەک، کە سیستەمەکە بە ھەموو شوێنە پەیوەنیددارەکان بەستراوەتەوە و رێگری لە ساختە دەکات، کە پێشتر لە رێگەی بریکارنامەی گشتییەوە، بەپێی زانیارییەکانی (باس) خانووی خەڵکانێک بە ساختە فرۆشراوە، بێ ئەوەی ئاگەداری هیچ بن، هەروەها کردنەوەی شوێنی تایبەت بۆ هاووڵاتییان بە شێوەی رێکخراو و بە ژمارە نۆرەگرتن و کۆی مامەڵەکەش بەیەکەوە دەکرێت، کۆی گشتیی نرخەکەی بۆ 25 هەزار دینار زیاد کردووە، هەوڵیش هەیە ئەو نرخەش کەم بکرێتەوە و زیاتر نزیک بکرێتەوە لەو نرخەی پێشتر هاووڵاتی لە مامەڵەی لە دادنووسەکان بە شێوەی پچڕ و بەش بەش خەرجی کردووە.

هەر بەپێی بەدواداچوونەکەی (باس)، هەموو ئەوانەی بە کردەیی عەریزەنووس بوون، دوای بینینی خولێک، لەناو سیستەمەکەدا بە گرێبەست دادەمەزرێن و شوێنیان دەکرێتەوە.

لەمبارەیەوە، ئازاد رۆستەم كاریتانی، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەكانی داد، بۆ (باس) رای گەیاند، پێشتر چەندین كەس و گرووپیان ئاشكرا كردووە، كەوا مۆر و نووسراوی حكوومەتیان ساختە كردووە.


گوتیشی: “لەمەودوا سیستەمێکی نوێ لە فەرمانگەکانی دادنووسیدا پەیڕەو دەکرێت، کە ھەموو کاروبارەکانی دادنووسی و بریکارنامە و عەریزەنووسین و بەڵێننامە بە کۆمپیۆتەر و ئەلیکترۆنی کراون، زانیارییەکان کۆ دەکرێنەوە و دەخرێنە سێرڤەرێکەوە و دواتر بۆ سێرڤەرێکی گەورەتر ڕەوانە دەکرێن بۆ فەرمانگەی تەکنۆلۆژیای زانیاری”، گوتیشی: "ئەوەی دەگوترێت، كە بەهۆی ئەو سیستەمەوە عەریزەنووسین لە 2 هەزار و 500 دینار دەبێتە 25 هەزار دینار راست نییە، چونکە پێشتر تەنیا عەریزەنووسین 3 هەزار دینار بووە، ئەی وێنەگرتن، کە 5 هەزار دینار و كۆپیكردنی بەڵگەکان بە 2 هەزار و فایلێك هەزار دینار، بەگشتی پێش ئەوەی رسووماتی دادنووسی بدات، دەگەیشتە نزیک بەو نرخە، کە ئێستا بە هەمووی 25 هەزار دینارە، چونکە ئەو كەسەی لەو سیستەمەدا مامەڵەی هەیە، پێویستی بە وێنەگرتن نییە، بەڵكوو وێنەكەی بە كۆمپیوتەر دەگیرێت و لە ماوەی 20 دەقیقە مامەڵەكەی تەواو دەكرێت، هەروەها كۆی سیستەمی عەریزەنووسی دەگۆڕدرێت، بە باڵەخانە و هۆڵی چاوەڕوانییشەوە”.


ئاشكراشی كرد: “سیستەمی نوێی دادنووسی، لە لایەن کۆمپانیاوە بە هاوبەشی لەگەڵ حكوومەت بەڕێوە دەچێت، فەرمانگەی تەنكنەلۆژیای زانیاری، كە لەنێو ئەنجومەنی وەزیرانە، ئەو پڕۆژەیەی پەسند كردووە و چاودێریی جێبەجێكردنیشی دەكات، بەشێكی كەرتی تایبەتیش سەرپەرشتیی دەكات".