ئەكەپە بە بێ داودئۆغلو و گویل یادی دامەزراندنی خۆی كردەوە

14/08/2019 - 17:25 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت



ئەمڕۆ چوارشەممە بەرپرسان و لایەنگرانی ئەكەپە یادی ١٨ ساڵەی دامەزراندنی پارتەكەیان كردەوە، بەڵام لە بەیاننامەیەكدا كە لە پێگەی فەرمیی پارتەكە بڵاو كراوەتەوە، دوەتەوە، هەریەك لە عەبدوڵا گویل و ئەحمەد داودئۆغلو و عەلی باباجان پشتگوێ خراون.


پشتگوێخستنی عەبدوڵا گویل، ئەحمەد داودئۆغلو و عەلی باباجان لە كاتێكدا كە ئەو سێ سەركردەیە رۆڵی گەورەیان لە بەرەو پێشچوونی ئەكەپەدا هەبووە.


ئەكەپە بە شانازییەوە باس لە سەركەوتنی خۆی دەكات لە ٢٠٠١ەوە تاوەكو ئێستە، هەروەها پێیوایە كە ئەوان ١٨ ساڵە پارتی یەكەمی وڵاتەكەن و هەر واش دەمێننەوە.


ئەكەپە لە ١٤_٨_٢٠٠١ دامەزرا و لە ٢٠٠٢ بەشداری هەڵبژاردنی كرد و توانی ٣٤.٢٨٪ی دەنگەكان بهێنێ و بە تەنیا حكوومەت پێك بهێنێت، كە لە دوای ١٩٥٠ەوە هیچ پارتێك لە توركیا نەیتوانیوە بە تەنیا حكوومەت پێك بهێنێت.


لە ٢٨_٣_٢٠٠٤ خۆری ئەكەپە بە تەواوی گەشایەوە، كاتێك بەشداری هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی كرد و توانی ٤١.٦٧٪ی دەنگەكان بهێنێت و ١١ گەورە شارەوانی بردەوە و ١٩٥٠ سەرۆكی شارەوانیشی لە ناوچە و قەزاكاندا بردەوە، لێرەوە ئەكەپە چووە لوتكە و هەر بەو شێوەیەش مایەوە تا ٢٠١٩.


ئەكەپە لە هەڵبژاردنی ٢٠١١ توانی ٤٩.٥٣٪ی دەنگەكان بهێنێت كە هیچ پارتێكی سیاسی نەیتوانیوە ئەو رێژە زۆرەی دەنگەگان بهێنێت، بۆیە بە تەنیا حكوومەتی پێك هێنا و ئیدی هەوڵی دا خۆی لە چنگی گولەنییەكان دەربهێنێت و پێگەی جەماوەری خۆی بە بێ گولەنییەكان پاراست.


لە ٢٠١٢ گولەنییەكان ویستیان لە رێگەی دادگاوە كودەتایەكی سپی بەسەر ئەردۆغاندا بكەن، بە هۆی ئەوەی لە ئۆسلۆ بە نهێنی لەگەڵ بەرپرسانی پەكەكە دانیشتووە بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد، بۆیە ویستیان بیدەنە دادگا و سەرەتاش ویستیان هاكان فیدان بەرپرسی دەزگای هەواڵگری توركیا بدەنە دادگا، بەڵام هەوڵەكان بێسوود بوون و ئیدی ئەردۆغان و ئەكەپە شەریان لە دژی گولەنییەكان بە فەرمی دەست پێكرد.


لە هەوڵی كودەتای ١٥ی تەمووزی ٢٠١٥ كە حكوومەتی ئەكەپە گولەنییەكان بە هەوڵی ئەو كودەتایە تۆمەتبار دەكەن، توانیان بە هەزاران ئەندامی سەر بە بزوتنەوەی خزمەت كە فەتحوڵا گولەن رێبەرایەتی دەكات دەستگیر بكەن و لە كار دووریان بخەنەوە.


ئەردۆغان بەوەشەوە نەوەستا، بەڵكو لە رێگەی هاوپەیمانی لەگەڵ مەهەپەدا، توانیان دەستووری توركیا هەموار بكەنەوە و لە ریفراندۆمدا سیستەمی توركیا لە پەرلەمانییەوە گۆڕی بۆ سەرۆكایەتی و، بەمەش ئەردۆغان تەواوی دەسەڵاتەكانی وڵاتی گرتە دەست، تەنانەت كەرتی سەربازیشی خستە ژێر ركێفی خۆیەوە.


لە ماوەی ١٨ ساڵدا، ئەكەپە لە ٢٣ی حوزیرانی ئەمساڵدا بۆ یەكەمجار لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكاندا دووچاری شكستێكی گەورە بوەوە، كە ئێستاش كاریگەری ئەو شكستەیان پێوە دیارە، بەوەی سەرۆكی شارەوانی (ئیستەنبۆڵ، ئەنكەرا، ئەنتاڵیا، مێرسین، ئەدەنا، ئیزمیر)_یان دۆڕاند و كەوتە دەستی پارتی ئۆپۆزسیۆن كە جەهەپەیە.


بە بۆچوونی زۆرێك لە شڕۆڤەكارانی سیاسی، ئەكەپە دوای ١٨ ساڵ ئیدی خۆری ئاوا دەبێت و لە هەڵبژاردنی داهاتوو بە تەواوی شكست دەهێنێت و ناتوانێت پۆستی سەرۆكی كۆمار بباتەوە، ئەگەریش برییەوە ئەوكات سەردەمی زێرینی ئەكەپە سەر لە نوێ دە ست پێ دەكاتەوە ئومێدی ئۆپۆزسیۆنی توركیاش لەناو دەبات.