مۆڵه‌تى 10 رۆژ دراوه‌ته‌ دوكانداره‌كانى بازاڕى ئاردفرۆشانى كه‌ركووك تا چۆڵی بكه‌ن

راکان جبووری هەر جارەو دوکاندارانی بازاڕێكى شاره‌كه‌ دەردەکات

08/08/2019 - 17:35 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

به‌ بڕیارى پارێزگارى سه‌پێندراوى كه‌ركووك، هه‌ر جاره‌و هه‌ڕه‌شه‌ى ده‌كردن له‌ دوكانداره‌كانی بازاڕێكى شاری كه‌ركووك ده‌كرێت، ئێستاش مۆڵه‌تى 10 رۆژ دراوه‌ته‌ دوكانداره‌كانى بازاڕى ئاردفرۆشانى كه‌ركووك، كه‌ زۆرینه‌یان كوردن، بۆ ئه‌وه‌ى دوكانه‌كانیان چۆڵ بكه‌ن. به‌رپرسێكیش ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، ره‌وشی خه‌ڵك له‌ رووى ئابوورییه‌وه‌ باش نییه‌ و له‌گه‌ڵ ده‌ركردنى كاسبارانى بازاڕى ئاردفرۆشانى كه‌ركووكدا نیین، كه‌ ده‌یانه‌وێت شوێنى دوكانه‌كان بكه‌نه‌ مۆڵ.


سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار له‌ كه‌ركووك، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند، ئیداره‌ى سه‌پێندراوى كه‌ركووك هه‌ر جاره‌ و به‌ شێوه‌یه‌ك فشار ده‌خاته‌ سه‌ر هاووڵاتییانی كه‌ركووك به‌ گشتى و كورد به‌تایبه‌تى، له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ هه‌موو رێگایه‌كى نایاساییان گرتووه‌ته‌ به‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌، كه‌ سه‌ره‌تا خۆی له‌ هه‌وڵدان بۆ رووخاندنى خانووى هاووڵاتییانى كورد ده‌بینییه‌وه‌ له‌و گه‌ڕه‌كانه‌ى كه‌ له‌دواى ساڵی 2003ه‌وه‌ له‌لایه‌ن ئاواره‌كانه‌وه‌ و له‌سه‌ر مۆڵه‌تى ئیداره‌ى ئه‌و كاته‌ى كه‌ركووك دروست كراون، ئینجا ده‌ستیان كرد به‌ دانانى بازگه‌ى كاتى، به‌تایبه‌ت له‌ سنوورى گه‌ڕه‌كه‌ كوردییه‌كان، ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت، كه‌ ته‌نیا ئامانجیان بێزاركردنى هاووڵاتییانه‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتى سه‌ربازیى كه‌ركووك، هه‌ره‌ جاره‌ و به‌ بیانوویه‌ك و له‌ شوێنی جیاجیای كه‌ركووك كار بۆ رووخاندنى دوكانى كاسبكارانی كه‌ركووك ده‌كرێت.


سه‌رچاوه‌كه‌ ئاشكراى كرد، له‌ نوێترین كارى ئیداره‌ى سه‌پێندراوى كه‌ركووك، هێزێكى سه‌ربازییان ناردووه‌ته‌ سه‌ر بازاڕى ئاردفرۆشه‌كانى كه‌ركووك، كه‌ ده‌كه‌وێته‌ نێوان نه‌خۆشخانه‌ى كۆمارى و پردی خاسه‌ى كه‌ركووك، بۆ ئه‌وه‌ى له‌ ماوه‌یه‌كى كه‌مدا ئه‌و دوكانانه‌ چۆڵ بكه‌ن، به ‌بیانووى ئه‌وه‌ى شوێنى ئه‌و دوكانانه‌ ده‌كرێته‌ پڕۆژه‌یه‌كى تر، كه‌ ئه‌مه‌ش له‌لایه‌ن دوكانداره‌كانه‌وه‌ كاردانه‌وه‌ى زۆرى لێ كه‌وتووه‌ته‌وه‌، كه‌ زۆرینه‌یان كوردن.


سالار كامیل، خاوه‌نى یه‌كێك له‌ دوكانه‌كانى بازاڕى ئاردفرۆشانی كه‌ركووكه‌، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند، ماوه‌ى زیاتر له‌ 20 ساڵه‌ ئێمه‌ له‌م بازاڕه‌، كه‌ پێكدێت له‌ زیاتر له‌ 200 دوكان، سه‌رقاڵی كڕین و فرۆشتنی ئاردین و له‌ هه‌ر یه‌ك له‌ دوانه‌كان زیاتر له‌ چوار كه‌س كارى تێدا ده‌كات، ئێستاش به بیانووى ئه‌وه‌ى موڵكییه‌تى ئه‌و دوكانانه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ وه‌قفی سوننى، داوامان لێ كراوه‌ دوكانه‌كان چۆڵ بكه‌ین، ئه‌مه‌ش كارى چه‌ند وه‌به‌رهێنه‌رێكه‌ كه‌ پاره‌ و به‌رتیل ده‌ده‌نه‌ به‌رپرسان، بۆ ئه‌وه‌ى ئێمه‌ چۆڵی بكه‌ین و بۆ خۆیان به‌كارى بێنن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى شوێنه‌كه‌ى ستراتیژییه‌، ئێستا ئه‌وقافی كه‌ركووكیش شوێنه‌كه‌ى ڕاده‌ستى ئه‌و وه‌به‌رهێنه‌رانه‌ كردووه‌ كه‌ ده‌بێت له‌ ماوه‌ى 10 رۆژدا چۆڵی بكه‌ین.


گوتیشی: ”ئێمه‌ ساڵانه‌ به‌ كرێ له‌نێو ئه‌و دوكانانه‌داین و كرێی دوكانه‌كان بۆ وه‌قفی سوننى ده‌ڕوات، ته‌نانه‌ت هێشتا سه‌رى ساڵیش نه‌هاتووه‌ و ئێمه‌ له‌ كاتى خۆیدا كرێمان داوه‌، كه‌چی ده‌یانه‌وێت ده‌رمان بكه‌ن و رزقی سه‌دان خێزان ببڕن، چونكه‌ ناتوانین بڕۆین له‌ شوێنى تر ئه‌و كاره‌ بكه‌ین و له‌ هه‌موو پارێزگاى كه‌ركووك ئه‌م شوێنه‌ شوێنێكى ستراتیژییه‌ بۆ كڕین و فرۆشتنی ئارد، به‌ڵام دواى ئه‌وه‌نده‌ ساڵه‌ ئه‌سته‌مه‌ شوێنێكى تر ببێته‌ جێگره‌وه‌ بۆ ئه‌م بازاڕه‌، دوو مه‌فره‌زه‌ى پڕ له‌ سه‌ربازیان هێنایه‌ سه‌رمان بۆ ئه‌وه‌ى دوكانه‌كان چۆڵ بكه‌ین، به‌ڵام ئێمه‌ ئاماده‌ نین دوكانه‌كان چۆڵ بكه‌ین“.


پێشتر به ‌بیانووى ئه‌وەى كه‌ موڵكییه‌تى دوكانەكانى تایه‌فرۆشانى كه‌ركووك، كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سنوورى گه‌ڕه‌كى ڕێگاى به‌غدا- كه‌ركووك ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ وه‌زاره‌تى وه‌رزش و لاوانى عێراق، هه‌وڵی ده‌ركردنیان درا، كه‌ له‌ زۆرینه‌ى كورد پێكدێن و شوێنه‌كه‌ى ده‌كه‌وێته‌ ناوچه‌یه‌كى ستراتیژی، ئینجا به‌ بیانووى جۆراوجۆر هه‌وڵی ده‌ركردنى دوكانى فیته‌ره‌كانى بازاڕی حه‌سیره‌كه‌ى كه‌ركووك درا، ئێستاش هه‌وڵی ده‌ركردنى كاسبكارانى بازاڕى ئاردفرۆشانى كه‌ركووك ده‌درێت، به‌ بیانووى ئه‌وه‌ى له‌لایه‌ن وه‌به‌رهێنه‌رێكه‌وه‌ شوێنی بازاڕه‌كه‌ ده‌كرێته‌ پڕۆژه‌یه‌كى تر.


پێوه‌ند به‌م باسه‌، مه‌ریوان جه‌لال، به‌رپرسی مه‌كته‌بی راگه‌یاندنى لقی كه‌ركووكى پارتی، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "شوێنی بازاڕى ئاردفرۆشه‌كانى كه‌ركووك، له‌لایه‌ن وه‌به‌رهێنه‌رێكه‌وه‌ به‌ موساته‌حه‌ وه‌رگیراوه‌ و بڕیاره‌ مۆڵێك و گه‌راجێك له‌ شوێنى ئه‌و بازاڕه‌ دروست بكات و ئاردفرۆشه‌كان تاوه‌كوو ئێستا له‌ شوێنه‌كانى خۆیان ماون و دوكانه‌كانیان چۆڵ نه‌كردووه‌".


گوتیشی: ”به‌ڵام دوكانداره‌كان هێشتا گرێبه‌سته‌كه‌كانیان ته‌واو نه‌بووه‌ و به‌شێوه‌ى یاسایی ده‌توانن له‌ شوێنه‌كانى خۆیان بمێننه‌وه‌، ئه‌گه‌ریش ده‌ربكرێن جێگه‌ى تریان بۆ دابین ناكرێ، كه‌ ئه‌وانیش خه‌مى سه‌ره‌كییان ئه‌وه‌یه‌ و ئێستا ره‌وشى ئابووریى خه‌ڵكیش له‌ كه‌ركووك باش نییه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نیین كه‌ كاسبكاران له‌م بارودۆخه‌ى ئێستاى كه‌ركووك له‌ دوكانه‌كانیان ده‌ربكرێن و به‌پێچه‌وانه‌وه‌ پشتگیری له‌مانه‌وه‌یان ده‌كه‌ین“.