حکوومەتی هەرێمی کوردستان: دروستکردنی یەک کیلۆمەتری رێگا پێویستی بە 4 ملیۆن دۆلارە

وەزیری ئاوەدانکردنەوە: دەمانەوێت رێگا کۆنەکان چاک بکرێنەوە

08/08/2019 - 15:58 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

لەکاتێکدا یەکێک لە کێشەکانی بەردەم خەڵک خراپیی رێگەوبانەکانە و یەکێک لە هۆکارەکانی رووداوەکانی هاتوچۆش هەر رێگاکانە، بەڵام بەرپرسانی حکوومەت باس لە زەحمەتیی دروستکردنی رێگای تازە دەکەن، هەروەها باسی نۆژەنکردنەوەی رێگەوبانەکان دەکەن. بەرپرسێک ئاشکرای دەکات، هەر کلیۆمەترێک لە لایەکی رێگایەکی جووت ساید پێویستی بە 4 ملیۆن دۆلارە.


سدقی ئامێدی، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە بۆ کاروباری رێگەوبان بە (باس)ی راگەیاند، دوای ئەوەی بڕیار درا سەرجەم ئەو رێگایانەی لە ھەرێمی کوردستان کە تێک چوون نۆژەن بکرێنەوە، ئێستا کارێکی باش دەستی پێ کردووە، گوتی: "لەپاڵ نۆژەنکردنەوە، چەندین رێگای نوێش دروست دەکرێن، لەوانە رێگای ھەولێر- دھۆک و ھەولێر- کۆیە و چەندین رێگای تریش، کە حکوومەت پارەی بۆ تەرخان کردوون و دەست بە دروستکردنیان کراوە و بڕیاریشە زۆرینەی رێگاکان ئەمساڵ نۆژەن بکرێنەوە".


ئەوەشی خستووەتە ڕوو: "ئەو رێگایانەی ئێستا دروست دەکرێن، بە تەکنەلۆژیایەکی نوێیە، بۆ نموونە لە رێگای باتێل- زاخۆ و رێگای کۆیەش، پۆلیمەر بەکار دەھێندرێت، کە لەمەودوا بۆ ھەموو رێگاکانیش ئەو پۆلیمەرە بەکار دێت، بۆیە ئەمە دەبێتە ھۆی ئەوەی چەندین ساڵ رێگاکان تێک نەچن".


سەبارەت بە خەرجیی دروستکردنی ڕێگەوبانەکان لە کوردستان ئاشکرای کرد، دروستکردنی رێگای تازە پێویستی بە پارەیەکی زۆر هەیە، ئەوەش لە توانای حکوومەتدا نەبووە، گوتی:"دروستکردنی رێگاکان پارەیەکی زۆریان پێویستە و ئەو پڕۆژانەی بە ھۆی قەیرانی داراییەوە وەستابوون و بڕیار بوو تاوەکوو 2017 تەواو بکرێن، بە بڕی 20 ترلیۆن دینار بوون، بۆ نموونە، هەر یەک کیلۆمەتر بۆ رێگای جووت ساید بۆ هەر لایەک 3 بۆ 4 ملیۆن دۆلاری پێویستە، ھەر 100 کیلۆمەتر دروستکردنی رێگا، پێویستی بە 400 ملیۆن دۆلار ھەیە، بۆیە پارەیەکی زۆریان پێویستە و بەهۆی قەیرانی دارایی نەتواندراوە ئەوە بکرێت".


جەختیشی کردەوە، ئەو پارە زۆرەی تێچووی رێگەوبان وا دەکات، بودجەیەکی باش لەبەردەست بێت، ئەوەش لە چەند ساڵی رابردوودا لەبەردەست نەبووە.


بەهۆی خراپیی رێگەوبانەکان، رووداوەکانی هاتووچۆ لە کوردستان زیادیان کردووە، بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان، لە 2018دا 690 کەس بە رووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەست داوە، بە ئاماری وەزارەتی تەندروستیش بێت، 892 کەس گیانیان لەدەست داوە.


سدقی ئامێدی، باسی لەوەش کرد؛ هەموو چاڵی شەقامی رێگە دەرەکییەکان بە نزیکەی 2 ملیار دینار چاک دەکرێنەوە، گوتیشی: "نۆژەنکردنەوەی رێگاکان لە هەر سێ پارێزگا 30 ملیار دیناری تێدەچێت، ئەوەش بەپێی بەرنامەیەکی تایبەت و بەپێی پێویستی ناوچەکان دەکرێت".


عەبدولحەمید عەلی، بەڕێوەبەری گشتیی پلان ‌و بەدواداچوون لە وەزارەتی شارەوانی، ئاماژە بەوە دەکات، هەموو چاڵەکانی ناو شارەکان پڕ بکەنەوە، ئەوەش بە پشتبەستن بەوەی داهاتیان هەیە، دەتوانن ئەو کارە بکەن، گوتیشی: "17%ـی داهاتمان بۆ خۆمان دەگەڕێتەوە‌ و لە سەدا سەدی پارەی ئەو زەوییە باشانەی هەشمانن ‌و دەیفرۆشین، دووبارە بۆ خۆمان دەگەڕێتەوە، لەو داهاتانە چاڵی ناو شاقامەکانی شار چاک دەکەینەوە".


لە ساڵی 2018 داهاتی پۆلیسی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 300 ملیۆن دۆلار بووە.


زاهیر محەمەد، بەڕێوەبەری هاتوچۆی کۆیە بە (باس)ی راگەیاند، رێگەوبانەکانی کوردستان پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە و بە دووسایدکردن هەیە، گوتی: "بۆمان دەرکەوتووە 20%ی هۆکارەکانی روداوەکانی هاتوچۆ بۆ یەک سایدی و خراپیی رێگەوبانەکان دەگەڕێتەوە".


روونیشی کردەوە، هۆکارێکی بەرچاوی تێکدانی رێگەوبانەکان بارهەڵگرەکانن، گوتیشی: "پێویستە رێگای تایبەت بۆ بارهەڵگر هەبێت، بەڵام ئەوە نییە، زۆربەی هۆکاری هاتوچۆش بۆ ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر دەگەڕێتەوە".


ئاماژەی بەوەش دا، چارەسەرکردنی رێگەوبانەکان بەو جۆرە دەکرێت، دروستکردنی رێگەوبان لە حکوومەتەوە بدرێتە کەرتی تایبەت، گوتیشی: "چەندین کۆمپانیای کەرتی تایبەت ئامادەن رێگەوبانەکان بکەنە دووساید و کاتێکیش تەواو بوون، بڕێک پارەی رەمزی لە شۆفێران وەربگرن، ئەوەش لە زۆربەی وڵاتان هەیە و لە بەژەوەندیی شۆفێرانە".


دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رای گەیاند، لە پلانی کارکردنی چوارساڵی داھاتوودا، زۆر گرنگیی دەدەن بە رێگەوبانەکان، گوتی: "کارەکانمان بریتی دەبن لە پێداچوونەوە بە شێواز و دیزاینی دروستکردنی رێگاکان و پڕۆژەکانی نیشتەجێکردن، دەمانەوێت لەم چوار ساڵەدا، پڕۆژەی ئەو رێگا ستراتیژییانە تەواو بکرێن، کە ھەرێمی کوردستان بە پارچەکانی دیکەی کوردستان دەبەستنەوە، ھەوڵ دەدەین بۆ ساڵی 2023 زۆربەی پڕۆژەکانی رێگەوبان تەواو بکرێن”.


وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ئەوەشی خستە ڕوو، دەیانەوێت رێگاکان بپارێزرێن و رێگا کۆنەکان چاک بکرێنەوە، بۆ ئەوەی خراپتر نەبن، کە چاکبوونەوەیان پێویستی بە پارەی زیاتر ھەبێت، گوتیشی: "کار بۆ تەواوکردنی رێگا دووسایدەکان دەکەین، ئەوانەیشی پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە ھەیە نۆژەن بکرێنەوە".


بەپێی ماستەر پلانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، بڕیاربوو لە ساڵی 2017 هەموو رێگای شار و شارۆچکەکانی کوردستان جووت ساید بکرێن، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی ئەو پلانە شکستی هێنا.


زانا مستەفا، بەڕێوەبەری‌ گشتیی‌ پلاندانان لە وەزارەتی‌ ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بە (باس)ی ڕاگەیاند، پێشووتر پلانیان هەبوو لە ساڵی 2010 بۆ ساڵی 2017 بەشێکی زۆری رێگاکان جووتساید بکرێن، بەڵام نەیشاردەوە، بەهۆی نەبوونی بودجە ئەو پلانەیان وەستاوە، ئەوەشی ئاشکرا کرد، پلانەکەیان بەردەوامە.