وەزیری بازرگانی: حکوومەت بڕیاری چاکسازیی داوە و جێبەجێشی دەکات

"نابێ تەنیا هاوردەکار بین، دەبێ کارگە دروست بکرێت و بەرهەمی خۆمان بنێرینەوە دەرەوە"

07/08/2019 - 17:12 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی، لە کابینەی تازەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە گفتوگۆیەکی تایبەتی (باس)دا چەندین پرسی گرنگی تایبەت بە وەزارەتەکەی و کەرتی بازرگانی و پیشەسازی دەخاتە ڕوو. هاوکات رای دەگەیەنێت، ئەو کابینەیە دەستی بە چاکسازی کردووە و چاوەڕوانی بڕیاری باش دەکرێ. ئاشکراشی دەکات، هەوڵ دەدەن دەست بە پێدانی قەرزی پیشەسازی بکرێتەوە.


سەرەتا ئاماژەی بەوە دا، لە چوارچێوەی ئەو کارنامەیەی راگەیەندراوە، ئەو هێڵە گشتییانەی کارنامەکە، کە سەرۆکی حکوومەت لە رۆژی متمانە بەخشین بە کابینەی نوێ لە پەرلەماندا خستییە ڕوو، ئێمە پلانی چوارساڵی خۆمان دادەنێین، گوتی: "کەموکوڕییەکانمان دەستنیشان کردووە و هەوڵی نەهێشتنیان دەدەین، هەردوو کەرتەکە لای ئێمە گرنگن، بە تایبەت دروستکردنی ژینگەیەکی یاسایی وا کەوا لە هەردوو کەرتی بازرگانی و پیشەسازیدا دادپەروەری دروست بێـت و کێبڕکێ دروست بێت، بۆ ئەوەی بەپێی قانوون، هەموو کەسێک مافی هەبێت مونافەسە بکات، دەمانەوێت قۆرخکاری لەو کەرتە، بە تایبەت قۆرخکاریی بازرگانی نەهێڵین".


زیاتر گوتیشی: "دەمانەوێت داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان زیاد بکەین، ئەویش بەوەی لە کوردستانەوە کاڵا و کەلوپەل رەوانەی دەرەوە بکرێت، نابێت ئێمە تەنیا هاوردەکار بین، لێرە ماددەی خام و دەستی کار و پێداویستییە سەرەتاییەکان هەیە، دەبێت لێرە کارگە دروست بکرێت و بەرهەمی خۆمان بنێرینەوە دەرەوە".


ئەو جەختی کردەوە، بەپێی ئەو پلانەی هەیانە، پیشەسازی لە کوردستان دەبوژێننەوە و کارگە لەکارخراوەکان دەکەنەوە، گوتیشی: "دەمانەوێت وەبەرهێنەرانی بیانی بێن لێرە کارگە و کارخانە دابمەزرێنن و هەلی کارمان بۆ زیاد بکەن، لەگەڵ زۆر لایەنی دەرەوە قسەمان کردووە، بۆ ئەوەی زۆر کارگەی پێویست بهێننە کوردستان، تاوەکوو لە کوردستان بەرهەمەکانیان دروست بکەن، نەوەکە ئێمە لەوێ بیانهێنین".


کەمال موسلیم، ئاشکرای کرد، لە کۆتایی مانگی رابردوودا نووسراوێکی ‌ئاراستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە، بە مەبەستی پاراستنی خەڵکی کوردستان لە کەلوپەل ‌و خواردەمەنیی خراپ، کە لە رووی دارایی ‌و تەندروستییەوە زیانێکی زۆریان پێ دەگەیەنێ‌، گوتی: "نووسراومان کردووە، بەپەلە ئەنجومەنی پاراستنی بەکاربەر پێکبهێندرێت، بۆ ئەوەی ئەو ئەنجومەنە دروست بکرێت و مافی بەکاربەر بپارێزرێت، دروستکردنی ئەو ئەنجومەنەش پاڵپشتە بە یاسای پاراستنی بەکاربەری ژمارە یەکی ساڵی 2010ـی پەرلەمانی کوردستان".


ئەو بە پێویستی دەزانێت، گرنگی بە ئاسایشی خۆراک بدرێت، گوتی: "پێویستە حکوومەتی هەرێم و هەموو وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی تێکڕای کابینەکە، گرنگییەکی زۆر بەوە بدەن، کە ئەو مەترسییەی لەسەر ئاسایشی خۆراک هەیە نەیهێڵن، ئەویش بە شێوەیەک بتوانین بەرهەمە خۆماڵییەکان زیاد بکەین و هانی جووتیارەکان بدەین، کە لە بە دابینکردنی ئاسایشی خۆراک بەشدار بن و پێداویستییەکانیان بۆ دابین بکەین و ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیشیان لە بازاڕدا گەرەنتی بکەین".


وەزیری بازرگانی و پیشەسازی دووپاتی کردەوە: "هەوڵ دەدەین دووبارە قەرزی پیشەسازی دەست پێ بکرێتەوە، بۆ ئەوەی لە رێگەی بانکی پیشەسازی قەرز بدرێتە ئەو کەسانەی، کە لەو بوارەدا دەیانەوێت کار بکەن، کاریش بۆ ئەوە دەکەین، کە ئەوانەی قەرزیان وەرگرتووە و بەهۆی قەیرانی دارایی توانای گەڕانەوەی قەرزەکەیان نەبووە، چارەسەرێکیان بۆ بدۆزرێتەوە".


سەبارەت بە داخستنی کارگەکان گوتی: "داوای لیستم کردووە بۆ هەموو ئەو کارگانەی لە کاردان یان داخراون، لەگەڵ وەرگرتنی ناوی ئەوانەی کە مۆڵەتی کارگەیان وەرگرتووە، بەڵام کار بە مۆڵەتەکانیان نەکراوە".


باوەڕی وایە، بە پێشخستنی پیشەسازی دەتواندرێت هەلی کار زیاد بکەن و ئەو فشارەش لەسەر کەرتی گشتی و حکوومەت کەم بکرێتەوە، گوتی: "بەڵام ئەوە بە وەبەرهێنانی راستەقینە دەکرێ، کە وەبەرهێنی دەرەکی پارە بهێنێتە وڵاتەکەمانەوە، نەک ئەو وەبەرهێنانەی ئێستا کە زۆرینەی لە کەرتی خانووبەرەدایە و وەبەرهێن کەمترین پارەی خۆی تێدا بەگەڕ دەخات. بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانیشی زۆربەی پارەی خەڵکی هەرێم دەچێتە دەرەوە، گرنگیدان بە کەرتی تایبەت زۆر گرنگە، چونکە بە گرنگیدان بە کەرتی تایبەت ئەو فشارە زۆرەی لەسەر حکومەت هەیە کەم دەبێتەوە و خەڵک بەم شێوەیە داوا و هەوڵ بۆ دامەزراندن نادات، بەڵام ئەو کەرتەش دەبێت بە شێوەیەک رێک بخرێتەوە، کە مافی خەڵکی تێدا پارێزراو بێت، هاوکات پێویستە یاسای خانەنشینی بۆ کارمەندانی کەرتی تایبەت دەربکرێت، بە شیوەیەک کە مافیان تێیدا پارێزراو بێ".


ئەو وەزیرە، کە لەسەر پشکی بزووتنەوەی گۆڕانە، گەشبینە بەوەی کابینەی نۆیەمی حکوومەت، چاکسازیی گرنگ دەکات، گوتیشی: "جدییەتێکی باش لە ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکی حکوومەتدا دەبینم بۆ چاکسازی، پێشبینی ئەوە دەکەم شتی باش بکرێت، حکوومەت دەستی بە چاکسازی کردووە و هێواش هێواش بڕیار بۆ ئەنجامدانی چاکسازی دەدات و جێبەجێشی دەکات".


موسلیم پەیوەست بە گفتوگۆکانی هەولێر و بەغدا، گوتی: "بۆ پیشاندانی نیازپاکی، شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدایان کردووە، ئێستاش بڕیار دراوە شاندی فەرعی دروست بکرێت، بەنیازین بەپێی دەستوور کێشەکانمان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکەین، بە تایبەت کێشەی بودجە و نەوت و ناوچە کوردستانییەکان و هەموو بابەتەکانی تر".