لەنێوان شارەکانی هەرێمی كوردستان بە درێژیی 650 كیلۆمەتر هێڵی شەمەندەفەر دروست دەكرێ

وەزارەتی گواستنەوە: هەر یەک كیلۆمەتر 12 ملیۆن دۆلاری تێدەچێت

07/08/2019 - 16:54 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێكردنی هه‌رێمی كوردستان، لەمیانەی خستنەڕووی پلانی چوار ساڵی وەزارەتەكەی ئاشكرای كرد، به‌رنامه‌یان هه‌یه‌ بۆ راكێشانی رێگای ئاسنین و هێنانی شەمەندەفەر بۆ هەرێمی كوردستان، ئەوەش لەكاتێكدایە، پێشووتریش چەند پڕۆژەیەك هەبووە بۆ ئەوەی هێڵی ئاسنین لە كوردستان دروست بكرێـت.


سەڵاح جەوهەر، بەڕێوەبەری گشتیی گواستنەوەی زەمینی و ئاسنین لە وەزارەتی گواستنەوەی هەرێمی كوردستان، بە (باس)ی راگەیاند، وەزارەتی گواستنەوە پڕۆژەی هەیە بۆ راكێشانی هێڵی ئاسنین، گوتی: "لە پلانی ساڵانەماندا راكێشانی هێڵی ئاسنین هەیە، بۆ پلانی چوار ساڵەی وەزارەتیش جەختی لێ كراوەتەوە".


روونیشی كردەوە، بەپێی نەخشەسازی، هێڵی ئاسنین لەنێوان زاخۆ-دهۆك، دهۆك- هەولێر، هەولێر-سلێمانی و لەوێشەوە بۆ باشماخ دەبێت، گوتی: "ئەوەی نەخشەسازیی بۆ كراوە 650 كیلۆمەترە، كە هەر یەک كیلۆمەتر پێویستی بە 12 ملیۆن دۆلارە، بەڵام حیسابی ئەوە كراوە، كەوا هێڵی ئاسنین و شەمەندەفەرەكەش بەم پارەیە ئامادە دەكرێت".


ئاشكراشی كرد، لە ساڵی 2010 چەند كۆمپانیایەك پڕۆپۆزەڵی خۆیان پێشكەش كرد، بۆ دروستكردنی هێڵی ئاسن، ئەویش لەسەر قەرزێك، بەڵام نەكرا.


بەپێی نەخشەسازی، لە رێگەی ئەو پرۆژەیەوە سەرجەم شارەكانی هەرێمی كوردستان لە رێگەی ئەو هێڵەوە بە یەك ببەسترێنەوە.


بە گوتەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، هێڵی شەمەندەفەر پێویستی بە بودجەیەكی زۆر هەیە، بۆیە دەبێت وەبەرهێنەران و كەرتی تایبەت رۆڵی باشیان تێدا هەبێت، ئەو گوتی: "كوردستان لەبارە بۆ هێڵی ئاسنین، ئەگەر دۆخی ئاسایش و ئابووری جێگیر بێت، بۆ چوار ساڵی داهاتوو دەتواندرێت هێڵی ئاسنین دروست بکرێت".


بەپێی نەخشەسازی، هێڵی شەمەندەفەری كەركووك- سلێمانی، كە بە كارەبا كار دەكا، نزیكەی 110 كیلۆمەترە و دەبوو بە چەند قۆناخێك جێبەجێ بكرێت، خێراییەكەشی 200 كیلۆمەتر بوو لە سەعاتێكدا.


پێشووتر لە ساڵی 2016، مەولود باوەموراد، وەزیری گواستنەوەی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رای گەیاندبوو: ”هێڵی ئاسنی لە هەرێمی كوردستان سوودی نییە و بەكەڵك نایەت، چونكە شارەكان لە یەكدی دوور نین و جگە لەوە بایی ئەوەندە هاووڵاتی نییە بە شەمەندەفەر هاتوچۆ بكەن. بیرۆكەی بەستنەوەی هەرێمی كوردستانمان بە رێگای ئاسنین بە دەریای ناوەڕاست و ئیستەنبوڵ و وڵاتانی ئەوروپا هەیە، ئەمەش خەونێكی گەورەیە و پێویستی بە بودجەیەكی گەورە هەیە. پێشتریش وەبەرهێنەرێك پڕۆژەی هێڵی ئاسنی سلێمانی- كەركووك- بەغدا و وڵاتانی كەنداوی پێشكەش كرد بۆ گواستنەوەی كەلوپەل، لە ئەنجوومەنی وەزیران پڕۆژەكە پەسەندیش كرا، بەڵام تاوەكوو ئێستا بەدوای پرۆژەكەوە نەهاتووەتەوە".


یاسین مەحمود، گوتەبێژی یەكێتیی وەبەرهێنەرانی كوردستان بە (باس)ی راگەیاند، پێشووتر لە كۆبوونەوەی 21ی ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان، پرۆژەیەكی تایبەتی دروستكردنی هێڵی شەمەندەفەر لەنێوان هەولێر و مووسڵ و كەركووك و سلێمانی پەسند كرا".


ئەو هێڵی ئاسنینەی ئەوكات پەسند كرا، بریتی بوو لە هێڵی شەمەندەفەری سلێمانی- كەركووك، كەركوك- هەولێر، هەولێر- مووسڵ و پاشان هەموویان بە توركیا ببەسترێنەوە.


سەڵاح جەوهەر، ئەوەی راگەیاند، ئەو پڕۆژەیە پڕۆژەی حكوومەتی عێراق بوو، حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش رەزامەندیی لەسەر دابوو، گوتیشی: "چەند كۆمپانیایەك كەوا كۆمپانیای هەرێمی كوردستانیشی تێدابوو، هاتنە پێشەوە تا پڕۆژكە وەربگرن، بەڵام دواتر نەكرا“.


یاسین مەحمود گوتیشی: "كوردستان رێگەی دەریایی نییە و رێگای وشكانیشی وەكوو پێویست نییە، بۆیە ساڵانە بەهۆی گواستنەوەی بار و كەلوپەلەكانمان زیانی ملیۆنان دۆلارمان پێدەكەوێـت".


گوتەبێژی یەكێتیی وەبەرهێنەران ئاماژەی بەوەشدا، بڕیاربوو وەبەرهێنەری ئەڵمانی و ئیتاڵی بە هاوكاریی كۆمپانیای ناوخۆیی پڕۆژەكە جێبەجێ بكەن.


بە بڕوای ئەو وەبەرهێنەرە، ئەو پرۆژەیە پرۆژەیەكی نیشتمانیی گرنگە، گوتی: "شەمەندەفەر ئاسانكاریی بۆ گواستنەوەی هاووڵاتییان و گواستنەوەی بەرهەمی وەبەرهێنەران و خاوەن كۆمپانیا و كارگەكان دەکات، هەموو ساڵێك تەنیا لە گواستنەوەی چیمەنتۆ لەنێوان سلێمانی و هەولێر، 100 ملیۆن دۆلایان بۆ دەگەڕێتەوە".


بەڕێوەبەری گشتیی گواستنەوەی زەمینی و ئاسنین لە وەزارەتی گواستنەوە ئاشكرای دەكات، لە ساڵی 2009 پڕۆژەیەكی حكوومەتی عێراق هەبوو بۆ ئەوەی لە رێگەی هێڵی ئاسنین توركیا و زاخۆ بە یەكتر ببەسترێنەوە.


پێشووتر لە لای توركیاوە پڕۆژەیەك هەبوو بە بڕی 7 ملیار دۆلار، بۆ ئەوەی ئامەد و هەولێر بە یەكەوە ببەسترێنەوە.


بۆ یەكەمی جاریش لە ساڵی 1916 لە عێراق هێڵی شەمەندەفەر كراوەتەوە و بۆ یەكەمنی جاریش شەمەندەفەر لە ساڵی 1920 لە بەغداوە هاتووەتە كەركووك. بەگوێرەی قسەی كارمەندێكی هێڵی شەمەندەفەری هەولێر لە ساڵی 1947 دەست كرا بە دروستكردنی هێڵی شەمەندەفەری بەغدا، كەركووك، هەولێر و لە ساڵی 1949 كراوەتەوە و شەمەندەفەر هاتووەتە كوردستان.