ڤەنزوێلا گرژییەكانی توركیا و ئەمریكا قووڵ دەكاتەوە

07/08/2019 - 16:52 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت


راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا هەڕەشە لەو وڵاتانە دەكات كە پەیوەندیی بازرگانی لەگەڵ ڤەنزوێلادا دەكەن و دەشڵێ ئەوەی پەیوەندی بازرگانی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا ببەستێت، دەكەوێتە بەر سزای ئەمریكا، ئەمەش لە كاتێكدایە توركیا پەرە بە پەیوەندییە بازرگانییەكانی لەگەڵ ڤەنزوێلا دەدات.


جۆن بۆڵتن راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا هێرشی توندی كردە سەر نیكۆلاس مادوورۆ سەرۆكی ڤەنزوێلا و گوتی "دەست بەسەر هەموو موڵك و ماڵیدا دەگیرێت لە ئەمریكا". هەروەها داوای لە وڵاتان كرد بە هەموو شێوەیەك پەیوەندی بازرگانی لەگەڵ ڤەنزوێلادا بپچرێنن، بە پێچەوانەوە ئەمریكا سزای ئەو وڵاتە دەدات كە پەیوەندی بازرگانی لەگەڵ مادوورۆدا دەبەستێت.


وەزیری دەرەوەی رووسیاش بە پەلە وەڵامی ئەمریكای دایەوە و گوتی ئێمە ئامادەی هەموو هاوكارییەكی ڤەنزوێلاین و پەیوەندی بازرگانیان لەگەڵدا نابڕین.


بەڵام توركیا تاوەكو ئێستە هیچ لێدوانێكی فەرمی نەداوە و نەیگوتووە كە دەچێتە ژێر باری بڕیارەكانی ئەمریكا لەبارەی ڤەنزوێلاوە یان نا. بەڵام رەجەب تەیب ئەردۆغان پەیوەندی دۆستانەی لەگەڵ مادوورۆدا هەیە، هەروەها كاتێك سەردانی ئەو وڵاتەی كرد، چەندین گرێبەستی بازرگانی لەگەڵدا ئیمزا كرد.


یەكێك لەو گرێبەستانەش چوونی چەند كۆمپانیایەكی توركیا بوو بۆ ڤەنزوێلا، تا بتوانن ئاڵتون لەو وڵاتەدا بدۆزنەوە.


هەروەها هەردوو وڵات بڕیاریان دا ئالوگۆڕی بازرگانی لە نێوانیاندا بگەیەننە ئاستێكی بەرز كە نزیك ببێتەوە لە ١٠ ملیار دۆلار لە ساڵێكدا.


ئەگەر توركیا نەچێتە ژێر باری بریارەكانی ئەمریكاوە لەبارەی ڤەنزوێلا، ئەگەری زۆرە گرژییەكانی نێوان توركیا و ئەمریكا زیاتر تەشەنە بكات و ئەمریكاش سزای ئابووریی توركیا بدات، چونكە راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئاماژەی دا كە شتێك نەماوە بۆ گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن و هەر وڵاتێك پەیوەندی بازرگانی لەگەڵ ڤەنزوێلادا هەبێت، با چاوەڕێی سزاكانی ئەمریكا بكات.


ماڵپەڕی (سۆل)ی توركی ئاماژەی داوە كە پێدەچێت توركیاش هەمان هەڵوێستی رووسیای هەبێت و پشت لە ئەمریكا بكات و روو لە ڤەنزوێلا.