حەیدەر عەبادی هەوڵی گەڕانەوە بۆ کورسیی سەرۆکوەزیران دەدات

بە جووڵاندنی شەقام و خۆنزیکردنەوە لە موقتەدا سەدر

07/08/2019 - 16:15 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

هەوڵەکانی عەبادی بۆ گەڕانەوە بۆ کورسیی سەرۆکوەزیران، لە ڕێگەی جووڵاندنی شەقام لە دژی حکوومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی بەردەوامە و هەوڵەکانی چڕ کردووەتەوە تاوەکوو موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدریش بەوە رازی بکات، بەڵام چاودێرانی سیاسی و پەرلەمانتارانی پێشووی کورد لە بەغدا پێیان وایە، عەبادی هەموو کارتەکانی بۆ گەڕانەوە بۆ دەسەڵاتی سەرۆک وەزیران سووتاوە.


سەرچاوە رۆژنامەوانییەکان باس لە هەوڵەکانی حەیدەر عەبادی، بۆ کورسیی سەرۆک وەزیران دەکەن و پێیان وایە کە حەیدەر عەبادی لەپشت بەشێک لە جووڵانەوەکانی شەقامەوەیە، تاوەکوو حکوومەتەکەی عادل عەبدلومەهدی بە لاوازی نیشان بدات و بەوەش زەمینەیەک بۆ گەڕانەوەی خۆی بۆ سەرۆکوەزیران بڕەخسێنێ.


ڕۆژنامەی (عوكازی سعوودیی) بڵاوی كردەوە، حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی پێشوو و سەرۆكی فڕاكسیۆنی نەسر و موقتەدا سەدر رێبەری ڕەوتی سەدر ڕێك كەوتوون، بۆ كۆتاییهێنان بۆ كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی، کە وا دیارە بیانووشیان (کەمیی خزمەتگوزارییەکانە) لە عێراق.


بەڵام، لەبەرامبەر بەوەش (سۆمەرییە نیوز) چەندین بەڵگەی وەکوو قەرز و ئەدای خراپی حکوومەتەکانی پێشوو هێناوەتەوە، کە ئەوان سەرچاوەی کەمی و خراپیی خزمەتگوزاریەکانن لە عێراق، کە وەکوو میرات بۆ حکوومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی ماونەتەوە، بەتایبەتی قەرزەکانی سەردەمی رژێمی پێشوو و قەرەبووکردنەوەی کوەیت و کەوتنە دەستی شارەکانی ناوەڕاستی عێراق بە دەستی داعش و بەهەدەردانی پارە و گەندەڵیی گەورە لە کەرتی کارەبا و ئاو و خزمەتگوزارییەکان.


لەمبارەیەوە، مەسعود حەیدەر، پەرلەمانتاری پێشووی کورد لە عێراق، بۆ (باس) ئاماژەی بەوە دا، سائیروون و موقتەدا سەدر، پشتیوانی لە گەڕانەوەی عەبادی ناکەن، گوتی: “راستە عەبادی بە هەموو شێوەیەک چاوی لە گەڕانەوەیە بۆ کورسیی سەرۆکوەزیران، بەڵام هەوڵەکانی ئێستاشی هەروەکوو رابردوو سەرکەوتوو نابن، چونکە دۆخی سیاسیی عێراق تەحەموولی ئاڵۆزبوون ناکات، بەپێچەوانەوە، سائیروون و فەتح و کورد، هەروەها زۆرینەی سوننەش ئێستا پشتیوانی لە حکوومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی دەکەن”.


لای خۆشیانەوە، شوان داودی پەرلەمانتاری پێشووی عێراق، بۆ (باس) رای گەیاند، کارتەکانی عەبادی بۆ گەڕانەوە بۆ کورسیی سەرۆکوەزیران سووتاون، پێش هەموو لایەنێک حزبی دەعوە، کە حزبەکەی خۆی بووە دەنگی پێ نادات، گوتیشی: “جگە لەوەش، دۆخی عێراق کەسایەتییەکی وەکوو عەبادی ناخوازێت، لەبەرئەوە حکوومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی درێژە دەکێشێت و لە حاڵەتی کەوتنیشیدا، ئەلتەرناتیڤەکەی عەبادی نابێ”.