بۆ کۆنگرە ئاراستە جیاوازەکانی کۆمەڵی ئیسلامی متمانەیان بە یەک نییە

لای باڵی بانگخوازان لادانی پاشگری ئیسلامی هێڵی سوورە

07/08/2019 - 16:11 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

وا بڕیار بوو راستەوخۆ دوای مانگی رەمەزان، کۆمەڵی ئیسلامی کۆنگرەی چوارەمی خۆی ببەستێت، بەڵام تاوەکوو ئێستا وادەی کۆنگرە چاوەڕوانکراوەکەی لە سەرکردایەتیی کۆمەڵی ئیسلامی دیاری نەکراوە. سەرچاوەیەکی ئاگەداریش ئاشکرای دەکات، بابەتەکە پەیوەندیی بە نەبوونی متمانە لەنێوان ئاراستە جیاوازەکانەوە هەیە و باڵی بانگخوازانیش بەتوندی دژی باسکردنی لادانی پاشگری ئیسلامی لە حزبەکەیان وەستاونەتەوە.


سەرچاوەیەکی ئاگەدار لە کۆمەڵی ئیسلامی بۆ (باس) ئاشکرای کرد، لەگەڵ ئەوەی کۆمەڵی ئیسلامی لە دوایین کۆبوونەوەی سەرکردایەتیدا بڕیاری پێکهێنانی چەند لیژنەیەکی بۆ ئەنجامدانی کۆنگرەی چوارەمی داوە و کارەکانی ئەو لیژنانەش گەیشتوونەتە خاڵی کۆتایی و پەسەند کراون، بەڵام سەرکردایەتیی کۆمەڵی ئیسلامی، لەبەر نەبوونی متمانە لەنێوان ئاراستە جیاوازەکان و ئەگەری ئینشیقاق و جیابوونەوەی بەکۆمەڵ، ترسی لە دیاریکردنی رۆژی کۆنگرە و تەنانەت شوێنی کۆنگرەکەش هەیە.


سەرچاوەکە گوتیشی: “ئێستا باڵی بانگخوازان بەتوندی لە دژی بیرۆکەی لادانی پاشگری ئیسلامی لە حزبەکەیان وەستاونەتەوە و باسکردنی ئەو بابەتەیان وەکوو هێڵی سوور داناوە، لەکاتێکدا بەشێک لە سەرکردایەتیی کۆمەڵی ئیسلامی پێیان وایە، ئەگەر کۆمەڵ لە رواڵەت و جەوهەری خۆیدا گۆڕانکاری نەکات، ئەوا توانای گەشەکردنی لەدەست داوە و رۆژ بە رۆژیش دەستلەکارکێشانەوە لەو حزبەدا هەیە، وێڕای قەیرانەکانی تر کە ڕوویان لەو حزبە کردووە”.


لە ماوەی رابردوودا، دڵشاد گەرمیانی، ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسیی كۆمەڵی ئیسلامی، لەمیانی وتارێكدا سەبارەت بە هاتنە بەرباسی ئەگەری لابردنی پاشگری ئیسلامی لە ناوی ئەو حزبە، نووسیویەتی: "هەنگاونان بە ئاراستەی ئەو جۆرە بیركردنەوانە، لەم بارودۆخە ناسك و هەستیارەی كۆمەڵ، شتێك نییە خەڵكی دیندار و دڵسۆزی كۆمەڵ بتوانێ بێدەنگیی لێ بكات”.


پێشی وایە، قبووڵكردنی ئەو بابەتە لە سەركردە و جەماوەری كۆمەڵی ئیسلامی ناوەشێتەوە.


ئەو بەرپرسەی كۆمەڵی ئیسلامی ئەوەشی خستووەتە ڕوو، کە وروژاندنی ئەم بابەتە لەم كاتەدا باڵباڵێنێكی نەخوازراو دێنێتە كایەوە، كە كۆمەڵ هیچ پێویستی بەو سەرئێشە زیادەیە نییە.


لە بەشێكی تری وتەكانیدا، دڵشاد گەرمیانی نووسیویەتی: "بەوەش زیاتر دەرگای ئینحراف و لادان دەكرێتەوە و پەردەی شەرمكردن پاش لادانی ئەو ناو و مۆركە ئیسلامییە، لەگەڵ تێپەڕبوونی كات دەدڕێت و سەرپێچی و بێشەرعی و بێ ئیلتزامی وردەوردە زیاد دەكات، لەگەڵ ئەوەشدا مەرج نییە دەنگ و كورسییەكان كە ئامانجی سەرەكییە، زیاد بكات".

پێشتر عەلی باپیر، ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی لە پەیامێكدا بە بۆنەی هەژدەمین ساڵیادی دامەزراندنی حزبەكەیان رای گەیاندبوو، ئەگەر پاشگری ئیسلامی كۆسپ بێت لەنێوان ئەوان و خەڵكدا، دەبێ لایببەن.

 

بەڵام، تۆفیق کەریم، سەرکردەی دابڕاو لە کۆمەڵی ئیسلامی، کە ماوەیەکە بەپێی زانیارییەکانی (باس)، هەوڵی گەڕانەوەی بۆ ناو کۆمەڵی ئیسلامی بۆ دەدرێت، لە پۆستێکیدا لە (فەیسبووک)، لەژێر ناوی (کۆنگرە و بەدگومانی) نووسیویەتی: “بنەمای هەموو کارێکی پێکەوەیی متمانەبوونی بەشداربووانە بە یەکتری، بەتایبەت ئەگەر کارەکە خۆبەخشی و مۆرکی ئایینیشی پێوە بوو، پێم باشە هەموو ئەندامانی کۆمەڵ بە هەموو بیروڕا جیاوازەکانیانەوە بەم نەفەسەوە بەرەو کۆنگرە هەنگاو هەڵنێن، پێکەوە بیروبۆچوون بگۆڕنەوە، بۆ دۆزینەوەی باشترین شێواز بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵی ئیسلامی، لە چوار ساڵی ئایندەدا”.


ئەو سەرکردەیەی پێشووی کۆمەڵ، لە بەشێکی دیکەی نووسینەکەیدا، ئەوەشی خستووەتە ڕوو، کە مافی کەس نییە نیازی یەکدی بخوێنێتەوە، یان یەکتری تۆمەتبار بکات، بەتایبەت لە ڕووی ئیمانییەوە، چونکە هەڵەکە لەوێدا سەر هەڵدەدات و کەسانێک زیاتر لەوانی دی خۆیان بە خاوەن ماڵ، یان دیندار و دڵسۆزتر نیشان دەدەن.


ئەو گومانانە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی دوو رۆژی کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی کۆمەڵی ئیسلامی لە چەند رۆژی رابردوودا، لە دوایین کۆبوونەوەیەدا تەنیا راپۆرتەکانی ئەو لیژنانە پەسەند کران کە سەبارەت بە ئەنجامدانی کۆنگرەی کۆمەڵی ئیسلامی ئامادە کرابوون، بەبێ ئەوەی وادەیەکی دیاریکراو بۆ کۆنگرەی کۆمەڵی ئیسلامی دیاری بکرێت، کە چاوی کادیرانی کۆمەڵی ئیسلامی لە خوارەوە لەسەر وادەکە بوو نەوەکوو پەسەندکردنی راپۆرتەکان.


لەمبارەیەوە، بەر لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی کۆمەڵی ئیسلامی لە کۆتایی هەفتەی رابردوو، فارووق عەلی، ئەندامی سەرکردایەتیی کۆمەڵی ئیسلامی بۆ (باس) رای گەیاند، ئێستا چەند لیژنەیەکیان بۆ ئەنجامدانی کۆنگرەی کۆمەڵی ئیسلامی پێکهێناوە، کە کارەکانیان کۆتایی هاتووە، گوتیشی: “لیژنەیەکمان بەناوی داڕشتنی پلان و پەیڕەو لەگەڵ لیژنەی پلانی ستراتیژی بۆ چوار ساڵ، لەگەڵ لیژنەی زەمینەسازی داناوە، کە کاری هەموو لیژنەکان کۆتایی هاتووە، ئەوانە کە راپۆرتی کۆتایی خۆیان دایە سەرکردایەتی، ئەوە لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتیدا بڕیار لە وادەی بەستنی کۆنگرە دەدرێت، واتا رۆژ و شوێنەکەیشی دیاری دەکرێت، لە هەموو دۆخێکدا دەبێ لە ساڵی ٢٠١٩ و پێش هاتنی ساڵی نوێ، کۆنگرەی کۆمەڵ ببەسترێت”.


ئەو سەرکردەیەی کۆمەڵ، لەبارەی هێڵی سوور و پرسی ئەو ناکۆکییانەی کە بەهۆی لادانی پاشگری ئیسلامییەوە هەیە، ئاماژەی بەوە دا، کۆنگرە گەورەترین دەسەڵاتە و دەتوانرێ تیایدا هەر پرسێک کە هەبێت، بخرێتە بەر باسەوە و هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت و بڕیاری لەبارەوە بدرێت، بەڵام هەر شتێک هۆکاری لەبەینبردنی پڕۆژە و گەڕانەوە بۆ دواوە بێت، بێ گومان کۆمەڵی ئیسلامی خۆی لێ نادات.


لە راپۆرتێکی کەناڵی (پەیام) زمانحاڵی فەرمیی کۆمەڵی ئیسلامیش دوای دوایین کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی کۆمەڵی ئیسلامی، کە کۆبوونەوەکان دوو رۆژ لەسەر یەک ئەنجام دران، هاتووە “ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی كۆمه‌ڵی ئیسلامی ڕاسپارده‌ و ڕاپۆرتی لیژنه‌كانی پلان و ستراتیژ و زه‌مینه‌سازیی كۆنگره‌ی چواره‌می حزبی په‌سه‌ند كردووە”.


بەڵام بەپێی دوایین زانیارییەکانی (باس) لەو کۆبوونەوەیەدا وادەی کۆنگرەکە لەبەر ئەوە دیاری نەکراوە، تاوەکوو بەر لە دیاریکردنی رۆژەکەی تەوافق لەسەر بابەت و پرسەکانی کۆنگرە لەنێوان ئاراستە جیاوازەکاندا بکرێت.