کورد له‌ هه‌ڵبژاردنى داهاتووى ئه‌نجومه‌نی پارێزگاى كه‌ركووكدا زیانمه‌ندى یەکەمە

چەند په‌رله‌مانتارێکی یه‌كێتی له‌ كاتی ده‌نگدان به‌ هه‌موارى یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ نه‌كشانه‌وه

05/08/2019 - 16:06 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

وێڕای خراپیی دۆخى ئه‌منیى كه‌ركووك، بڕیاره‌ مانگى نیسانى ساڵی ئاینده‌، هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكانى عێراق به‌ كه‌ركووكیشه‌وه‌ بکرێت. به‌رپرسێكى پارتی دیموكراتى كوردستان ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ 150 هه‌زار ئاواره‌ نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ و 300 هه‌زار عه‌ره‌بى هاورده‌ نیشته‌جێی سنووری كه‌ركووك بوونه‌ ئێستا زۆرینه‌یان ده‌توانن له‌ كه‌ركووك ده‌نگ بده‌ن.


له‌ ساڵی 2005 و به‌پێی یاسای برێمه‌ر، هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك هاوكات له‌گه‌ڵ پارێزگاكانى دیكه‌ى عێراق کرا، ئه‌وكات له‌ كۆی 41 كورسیی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌، لیستى برایه‌تى توانى 26 كورسیى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك به‌ده‌ست بهێنێت، به‌ڵام به‌هۆی تایبه‌تمه‌ندیى خستنه‌ پاڵ كه‌ركووك، هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك له‌ ساڵی 2009 و 2013دا نەکرا، بڕیاره‌ بۆ یه‌كى نیسانى ساڵی ئاینده‌، هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگانى عێراق به‌ كه‌ركووكیشه‌وه‌ بکرێت و رێژه‌ى كورسییه‌كانى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان به‌شێوه‌یه‌كى به‌رچاو كه‌مى كردووه‌، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ بۆ هه‌ر یەک ملیۆن كه‌س 10 كورسى دانراوه‌ و كورسییه‌كانى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووكیش له‌ 41 كورسییه‌وه‌ كه‌م ده‌كرێته‌وه‌ بۆ 13 كورسی و كورسییه‌كى كۆتاش بۆ مه‌سیحییه‌كان، به‌و پێیه‌ش ژماره‌ى دانیشتوانى كه‌ركووك به‌ یه‌ك ملیۆن و 639 هه‌زار و 953 كه‌س دیاری كراوه‌.


له‌ چه‌ند رۆژی رابردوودا، له‌ په‌رله‌مانى عێراق یاسای هه‌مواركراوى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكانى عێراق تێپه‌ڕێنرا، كه‌ په‌رله‌مانتارانى پارتی و به‌شێك له‌ په‌رله‌مانتارانى یه‌كێتی له‌گه‌ڵ ئه‌و یاسایه‌دا نه‌بوون، به‌پێی ئه‌و یاسایه‌ ژماره‌یه‌كى زۆرى ده‌نگده‌رانى كورد له‌ كه‌ركووك بێ به‌ش ده‌بن له‌ ده‌نگدان، ئه‌وانه‌ى كه‌ نفووسیان پێشووتر گواستووه‌ته‌وه‌ بۆ شاره‌كانى هه‌رێمى كوردستان و ته‌نیا فۆرمى خۆراكیان لە كه‌ركووك ماوه‌.


ده‌قی ماده‌ى 35ى یاسای هه‌ڵبژاردنى هه‌مواركراو به‌و شێوه‌یه‌یه‌، كۆمیسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن پابه‌ند ده‌كرێت به‌ وردبینیى له‌ تۆمارى ده‌نگده‌ران، تاوه‌كوو 31ى كانونى دووه‌مى 2020 له‌نێوان پسووله‌ى خۆراك و ناسنامه‌ى بارى شارستانی، بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و ناوانه‌ بسڕێته‌وه کە له‌ هه‌ردوو تۆماره‌كه‌دا هاوتا نین.


له‌م باره‌یه‌وه‌، مه‌ریوان جه‌لال، به‌رپرسی مه‌كته‌بی راگه‌یاندنى لقی كه‌ركووكى پارتی، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "له‌ ماوه‌ى چه‌ند سه‌عاتێكى كه‌مدا، هه‌موارى پرۆژه‌ یاسای ژماره‌ 12ی ساڵی 2018 له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق كرا و له‌ په‌رله‌مان تێپه‌ڕێنرا، بڕیاریش درا مانگى نیسانى ساڵی داهاتوو هه‌ڵبژاردن له‌ پارێزگاكانى عێراق به‌ كه‌ركووكیشه‌وه‌ بکرێ، هه‌ڵبه‌ته‌ ئێمه‌ هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردندا بووینه‌، به‌ڵام نه‌ك له‌ دۆخێكى نائاساییدا، بۆیه‌ ئێمه‌ دژی ئه‌وه‌ بووین كه‌ له‌ دۆخى نائاسایی كه‌ركووكدا هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌ بچێ، به‌گوێره‌ى ئه‌و یاسایه‌ى هه‌ڵبژاردن ده‌نگێكى زۆرى كورد ده‌فه‌وتێ و له‌به‌رامبه‌ردا ده‌نگى عه‌ره‌ب زیاد ده‌كات، چونكه‌ كارێكى وا كراوه كه‌ له‌ ساڵی 2010ه‌وه‌ تاوه‌كوو 2013 پشت به‌ تۆمارى ده‌نگده‌ران ببه‌سترێت، به‌و پێیه‌ش كورد زیان ده‌كات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى كورده‌ ئاواره‌كان پێش ئه‌و كاته‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ شاره‌كه‌یان، بۆیه‌ ئێمه‌ دژی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ین، کە به‌و شێوه‌یه‌ به‌ڕێوه‌ بچێ".


گوتیشی: ”بارودۆخى كه‌ركووك زۆر خراپه‌ و زیاتر له‌ 150 هه‌زار هاووڵاتیی كوردى كه‌ركووك له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ ئاواره‌ى هه‌رێمى كوردستان بوونه‌ و زیاتر له‌ 300 هه‌زار عه‌ره‌بى هاورده‌ هاتوونه‌ته‌ سنوورى پارێزگاى كه‌ركووك، ئه‌وان فۆرمى خۆراك و نفووسیان گواستووه‌ته‌وه‌ بۆ كه‌ركووك، واتا ده‌توانن ده‌نگ بده‌ن، به‌وه‌ش رێژه‌ى كورد كه‌م ده‌كات و رێژه‌ى عه‌ره‌ب زیاد ده‌كات، ئێستا نه‌یارانى كورد داواى ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ كۆمیسیۆن تۆمارى ده‌نگده‌درانى ساڵی 2013ه‌وه‌ به‌ولاوه‌ هه‌ژمار نه‌كه‌ن، ئه‌مه‌یان كاره‌ساته‌، چونكه‌ كورد له‌ ساڵی 2003ه‌وه‌ هه‌ر به‌رده‌وام بوونه‌ له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ شاره‌كه‌یان و به‌و پێیه‌ش ئه‌وان نه‌توانن ده‌نگ بده‌ن، بۆیه‌ ئێمه‌ ئه‌وه‌ قبووڵ ناكه‌ین و ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنیش بكرێ، پێویسته‌ كه‌ركووكییه‌كان تێكڕا ده‌نگى خۆیان بده‌ن، وه‌ك خۆى چۆن بووه‌، با تۆمارى ده‌نگده‌ران به‌و شێوه‌یه‌ بمێنێته‌وه‌“.


پێوه‌ند به‌م باسه‌، شه‌مسه‌دین مه‌حمود، به‌رپرسی به‌شی هه‌ڵبژاردنی مه‌ڵبه‌ندى كه‌ركووكى یه‌كێتی، بۆ میدیایه‌كى سه‌ر به‌ حزبه‌كه‌ى ڕای گه‌یاندووه‌، به‌پێی ماده‌ى (35)ى یاسای هه‌مواركراوى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكانى عێراق، كورد زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بێ و ژماره‌ى ده‌نگه‌كانى له‌ كه‌ركووك كه‌م ده‌بێته‌وه‌، چونكه‌ به‌پێی ئه‌و ماده‌یه‌، ئه‌و هاووڵاتییانه‌ى ته‌نیا فۆرمى خۆراكیان كه‌ركووكه‌ و نفووسیان سه‌ر به‌ یه‌كێك له‌ پارێزگاكانى هه‌رێمه‌، بۆ هه‌ڵبژاردنى داهاتووى كه‌ركووك ناتوانن ده‌نگ بده‌ن.
ئه‌و به‌رپرسه‌ى یه‌كێتی ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ش كردووه‌، هه‌ر به‌پێی یاسای نوێی هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان، دانیشتوانى هه‌ندێك ناوچه‌ ئێستا له‌ ڕووى كارگێڕییه‌وه‌ سه‌ر به‌ كه‌ركووك نیین، بێبه‌ش ده‌بن له‌ ده‌نگدان، به‌ نموونه‌ ناحیه‌ى قادر كه‌ره‌م و شوێنی تریش.


هاوكات ره‌سووڵ ره‌ئوف، به‌رپرسى مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركووكى حزبی سۆشیالیست، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن به‌پێی ئه‌و ره‌شنووسه‌ى یاسای هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكانى هه‌مواركراو بکرێت، ئه‌وا كورد له‌ هه‌ڵبژاردنى داهاتوودا زه‌ره‌ر ده‌كات، چونكه‌ به‌شێوه‌یه‌كه‌ هه‌ر پارێزگایه‌ك، كه‌ ئاستى بایۆمه‌ترى له‌ %75ى تێنه‌ڕاندبێ، ده‌توانرێ ته‌نیا به‌ نفووس و فۆرمى خۆراك ده‌نگ بده‌ن، هه‌ڵبه‌ته‌ كه‌ركووكیش تاوه‌كوو ئێستا ئاستى ئه‌وانه‌ى، كه‌ بایۆمه‌ترییان کردووە نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌وه‌ى، كه‌ ته‌نیا پشت به‌ بایۆمه‌ترى ببه‌سترێت، واتا عه‌ره‌به‌ هاورده‌كان ده‌توانن به‌ ئاره‌زووى خۆیان ده‌نگ بده‌ن، خاڵێكى تریش كه‌ دیسان به‌ زیانى كورد ده‌شكێته‌وه‌، ئه‌ویش بریتییه‌ له‌وه‌ى، كه‌ جگه‌ له‌وه‌ى فۆرمى خۆراكی كه‌ركووك، له‌ كاتى ده‌نگداندا ته‌ماشاى نفووسیش ده‌كرێ، تاوه‌كوو بزانرێ نفووسه‌كه‌ی كوێیه‌، كه‌واته‌ ئه‌و خه‌ڵكه‌ى له‌ ساڵانى په‌نجاكانى سه‌ده‌ى رابردووه‌وه‌ وه‌ك خه‌ڵكی چه‌مچه‌ماڵ و ئاغجه‌له‌ر و قادر كه‌ره‌م و شوێنه‌كانى تریش سه‌ر به‌ كه‌ركووك بوونه‌، به‌ڵام ئێستا له‌ رووى ئیدارییه‌وه‌ سه‌ر به‌ سلێمانین، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر وابێت بێبه‌ش ده‌كرێن له‌ ده‌نگدان".


ئاشكراشی كرد، به‌و پێیه‌ش دەیان هەزار هه‌زار ده‌نگى كورد له‌ هه‌ڵبژاردنى داهاتووى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك كه‌م ده‌كات.


ڕاشی گه‌یاند، عه‌ره‌به‌كان به‌ به‌رنامه‌ كار ده‌كه‌ن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى، رێژه‌ى ده‌نگى كورد كه‌م بكات، پەر‌لەمانتارانی پارتی له‌و دانیشتنه‌ى كه‌ ده‌نگ بۆ یاسای هه‌مواركراوى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكانى عێراق درا، كشانه‌وه‌ و ده‌نگیان نه‌دا، به‌و حاڵه‌ته‌وه‌ هه‌ڵبژاردن له‌ كه‌ركووك به‌ڕێوه‌ بچێ، به‌ڵام چه‌ند په‌رله‌مانتارێكى یه‌كێتی هه‌ر له‌ناو كۆبوونه‌وه‌كه‌ی په‌رله‌مان مانەوە و نه‌كشانه‌وه‌، كه‌واته‌ كورد له‌سه‌ر ئه‌و بڕیارانه‌ش یه‌ك ده‌نگ نییه‌، بۆیه‌ ده‌توانم بڵێم، ئه‌م یاسای هه‌ڵبژاردنه‌ به‌ قازانجى كورد ناشكێته‌وه‌.