کوڕی ئەنفالکراوێکی بارزانی: 36 ساڵه‌ چاوەڕێی گەڕانەوەی باوکم دەکەم

 

31/07/2019 - 20:09 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

لە بەرەبەیانی ڕۆژی 31/7/1983دا، هێزەکانی ڕژێمی بەعس دەستیان بە گرتن و ئەنفالکردنی بارزانییەکان کرد و تا دوا ڕۆژی پرۆسەکە، 8000 بارزانییان گرت و بێ سەروشوێنیان کردن. ئێستا کە 36 ساڵ بەسەر ئەم جینۆسایدەدا تێدەپەڕێت، بەڵام تەنیا 596 ڕوفاتی شەهیدانی ئەنفالکراو لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانەوە گەڕێندراونەتەوە و لە گۆڕستانێکی تایبەت لە بارزان بە خاک سپێردراون.


فاتما، هاوسەری ئەنفالکراوێکی بارزانییە، بە چاوی پڕ گریانەوە چیرۆکی پڕ ئازاری ئەو چرکەساتە بۆ هەفتەنامەی (باس) دەگێڕێتەوە و دەڵێت: ”لەو ڕۆژەوەی، کە بە بەرچاوی منەوە، هاوسەرەکەم و کەسوکارەمیان گرتن و تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، هیچ ڕۆژێکی خۆشم لە ژیانمدا نەبینیوە. لە ماوەی 36 ساڵی بێکەسیماندا، شوێنی دایک و باوکمان بۆ منداڵەکانمان گرتبووەوە، ڕۆژانی پشووش کارمان دەکرد و ڕەنجمان دەکێشا، بە دەردەسەری و سەختییەکی زۆرەوە منداڵەکانمان گەورە و گۆش و پەروەردە کردن. گێڕانەوەی دیمەنی دڕندەیی ئەو ڕۆژانەی بەعس کە بە بەرچاومانەوە ئازیزەکانیان بردین، لەگەڵ تاسەی چاوەڕوانی و ژیان لەگەڵ ئەم برینە قووڵە بەدرێژایی ئەم هەموو ساڵە، هەروا ئاسان نییە. بۆیە هەر کات ساڵوەگەری ئەو تاوانە دێتەوە، وا هەست دەکەم ئەو کاتەیە و دیسانەوە بە بەرچاوی منەوە دەیانبەن و شوێنبزر و زیندەبەچاڵیان دەکەن“.


تاهیر ساڵح، کوڕی ئەنفالکراوێکی بارزانییە، ئەو ڕۆژانە منداڵ بووە، کە بە بەرچاویەوە، جەللادەکانی بەعس جگە لە باوکی، 10 ئامۆزا و خاڵۆزایان بردووە و بە گشتیش 30 کەس لە بنەماڵەکەیان ئەنفال کراون. بە هەناسەیەکی سارد و دوو چاوی پڕ لە تاسە و چاوەڕوانیی گەڕانەوەی باوکی، بە (باس)ی ڕاگەیاند: ”بەرەبەیانێکی زووی کۆتایی مانگی تەمووزی ساڵی 1983، سەربازەکانی عێراق هاتن و دەورەی ماڵەکانیان داین. کاتژمێر 11ی پێش نیوەڕۆ لەناو گەڕەک و کووچەکانی ئاواییەکەماندا بووە دەنگە دەنگ و قیژە و هاوار. ئیتر ئەوە بۆ 36 ساڵ دەچێت، ئەو دەنگە جەرگبڕەی قیژە و هاواری دایک و خوشکەکانمان لە گوێچکەکانماندا دەزرنگێتەوە. منداڵیم بەبێ سۆزی باوک گوزەراند، لەو ڕۆژەوە نەمبینیوە و باوەشێکی گەرمم پێیدا نەکردووە، ئیتر ژیان بۆ ئێمە تامی مەرگی دەدا“. 


ئەو بەجێماوەی ئەنفال، لەبارەی ڕووسووری و شکۆمەندیی دایکەکانیان دەڵێت: ”دیمەنی زەحمەتکێشیی و قوربانیدانی دایکمم، بۆ ئەوەی بە سەربەرزی و شکۆمەندییەوە بەخێو و گەورەمان بکەن، هەرگیز لەبیر ناکەم. باش لە یادمە، دایکم لە بەرەبەیانێکی زووەوە و تا درەنگ دەچووە کرێکاری، بۆ ئەوەی بژێویی ڕۆژانەمان بۆ دابین بکات. ئەو ڕۆژانە سەختترین کاتەکانی ژیانمان ژیاین، ژیان وەک هەناسەدان، نەک ژیانێکی شیاو بە مرۆڤ، تەنانەت تا ساڵی 1989 بێ خانوو و جێ و ڕێ بووین و لە کەلاوەکاندا ڕۆژمان بەسەر شەودا دەکردەوە“. 


حازم محەممەد، کە کوڕێکی دیکەی بارزانیی باوک ئەنفالکراوە، وێڕای گێڕانەوەی چیرۆکی تاڵی و تفتیی ژیانی دوای ئەنفالکردنی باوکی، لەگەڵ هەڵکێشانی هەناسەی ساردی بۆ چیتر نەگەڕانەوەی باوکی و بێهوودەبوون لە چاوەڕوانی، داوا لە هێزە سیاسییەکان دەکات یەکڕیز و تەبا بن و گوتی: ”وەک کوڕی ئەنفالکراوێک، کە ئەم هەموو ساڵە دەرەقەتی برین و ئازاری بێ کەسی و بێ باوکی هاتین و دڵنیام ئیتر ببڕای ببڕ باوکم نابینمەوە، هەروەها بە چاوی خۆم بینیومە و دەزانم دایکەکانمان چەند سەختی و مەینەتییان بەدیارمانەوە کێشاوە، بۆ ئەوەی هەست بە بێکەسی نەکەین و خەم نەخۆین، لە تاریکیدا و بەتەنیا فرمێکسیان بۆ کۆستکەوتوویی خۆیان دەڕشت. بۆیە تەنیا داواکاریم ئەوەیە، ساڵڕۆژی ئەنفالکردنی 8000 بارزانی ببێتە فاکتەر و هەوێنی یەکڕیزی و تەبایی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان. بەتایبەتی لە قۆناعی ئێستاماندا پێویستە کورد یەکگرتوو، یەک دەنگ و یەک هەڵوێست بن، بۆ ئەوەی جارێکی دی تووشی کۆست و کارەسات و جینۆساید نەبینەوە“.


ئەو کوڕە باوک ئەنفالکراوە گوتیشی: ”دەبێتە کورد بیرەوەریی رۆژی 31/7 و ڕۆژانی دیکەی یادی ئەنفالکردن و کیمیاییبارانکردنی کوردان، بەرز و شکۆدار ڕابگرن، چونکە ئەوەی ئەمڕۆ کە دەیبینین، بەرهەمی ئەم هەموو قوربانیدانەی ئەو ڕۆژانەیە. ئازادیی ئەمڕۆمان، بەری ڕووباری خوێنی شەهیدان و فرمێسکی دایک و خوشکی بەجێماوی ئەنفال و هەناسەی تەنگ و گریانی نووساوی کۆستکەوتووەکانی کیمیاییباران و هەموو ئەو کۆست و کارەساتە جەرگبڕانەیە، کە بەسەر گەلەکەماندا هاتوون. بۆیە پێویستە و ئەرکی سەرشانی هەموو لایەکمانە، بۆ پاراستن و پێشخستنی ئەزموونی ئازادیمان، بۆ گەیشتن بە ئامانجی سەرەکیی نەتەوەیی و نیشتمانیمان، کە باوک و باپیرانمان قوربانییان لەپێناوی دا، دەست بخەینە ناو دەستی یەکتر، یەک دەنگ و یەک هەڵوێست درێژە بە کاروانی خەباتی سیاسی و تێکۆشانی مەدەنیمان بدەین، تاکوو ڕەوانی شەهیدەکانمان ئاسوودە و داهاتووی نەوەکانمان گەشتر بێت“.