بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر: هەزاران كامێرای چاودێری لە شەقامەکانی هەولێر دادەنرێن

 

31/07/2019 - 17:26 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر رای گەیاند، پڕۆسەی دانانی 5 هەزار كامێرای چاودێری لە شوێنە گشتییەكان، كەوتووەتە واری جێبەجێكردنەوە و لە رێگەی سەنتەری كۆنتڕۆڵەوە، تەناهیی هەولێر دەخرێتە ژێر چاودێریی وردەوە.


لیوای مافپەروەر عەبدولخالق تەڵعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای ھەولێر، بە (باس)ی ڕاگەیاند: "پێش ساڵی 2014 بڕیار درابوو، كە پێنج ھەزار كامێرای چاودێری لە شوێنە گشتییەكان دابنرێن، بەڵام شەڕی داعش و قەیرانی دارایی پرۆسەكەیان دواخست، ئێستاش بودجە تەرخان كراوە و دەست بە جێبەجێكردنی كراوە و لە ھەموو شوێنە گشتییەكان كامێرای چاودێری دادەنرێت، ئەمەش ھەنگاوێكی زۆر باشە بۆ كەمكردنەوەی تاوان و ھەر تاوانێكیش ئەنجام بدرێت، لە رێگەی ئەو كامێرایانەوە بەزوویی ئاشكرا دەبێت".


بە گوتەی لیوا عەبدولخالق، سەنتەرێكی كۆنتڕۆڵی تایبەت بە چاودێریكردنی ئەو كامێرانە دانراوە، كە لەلایەن هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش و پۆلیسی هاتوچۆوە بەڕێوە دەبرێت و لە ھەر شوێنێك تاوانێك بکرێت، بە كەمترین ماوە لایەنی پەیوەندیداری لێ ئاگادار دەكەنەوە، بۆ ئەوەی كۆنتڕۆڵی دۆخەكە بكەن و رێگری لە تاوانەكە بكەن، كە ئەمەش بۆ پۆلیس و هێزە ئەمنییەكان ھاوكارێكی زۆر باش دەبێت.


بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر روونیشی كردەوە، سەرەتا پڕۆسەكە ناو شاری هەولێر و هەموو شوێنە گشتی و گرنگەكان دەگرێتەوە و دەشڵێ: "لە ئەولەویەتی كابینەی نۆیەم و وەزارەتی ناوخۆدایە، كە بەزوویی سەرجەم قۆناغەكانی دانانی ئەو پێنج هەزار كامێرایە تەواو بكرێن".


تەڵعەت، ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، دانانی ئەو كامێرایانە هاوكارێكی باشە بۆ هێزە تەناهییەكان، چونكە وەك خۆی گوتی: "زۆربەی تاوانەكان لە رێگەی كامێرای شوێنە گشتییەكانەوە ئاشكرا كراون، ئەو كاتەی، كە تاوانێك لە شوێنێك ئەنجام دەدرێت، راستەوخۆ سوودمان لە كامێرای ئەو شوێنانە وەرگرتووە، كە ئەمەش ئەركی هێزە ئەمنییەكانی بۆ دۆزینەوەی تۆمەتباران ئاسانتر و خێراتر كردووە".