بەهۆی دروستکردنی بەنداوێکەوە حەسەن کێفی شوێنەوار ژێرئاو دەکەوێت

 

15/07/2019 - 16:42 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

شاری حەسەن کێف، کە یەکێکە لە شارە مێژووییەکانی باکووری کوردستان و لە ڕووی مێژوویی گرنگیی تایبەتی خۆی هەیە، بەهۆی دروستکردنی بەنداوی ئیلی سوو، کە بەشێکە لە پرۆژەی گەورەی (گاپ) لە چەند ساڵی داهاتوودا دەکەوێتە ژێر ئاو.


پرۆژەی گاپ ئەو پرۆژەیەیە کە حکوومەتی تورکیا بە مەبەستی ئاوەدانی و پێشکەوتنی زیاتر بۆ ناوچەکانی خوارەوەی تورکیا جێبەجێی دەکات، کە هەر ٩ پارێزگای کوردی لەخۆ دەگرێت (ئەدەنە هەتا شەرناخ)، بەڵام لەڕاستیدا ئامانجی سەرەکیی ئەم پرۆژەیە گۆڕین و دەستکاریکردنی جیوگرافیای ناوچە کوردییەکان و شێواندنی مێژووی کوردە، یەکێکیش لەو کارانە ژێرئاوکەوتنی شاری حەسەن کێفی مێژووییە.


لێرە دەمانەوێت بە کورتی باسی مێژووی ئەم شارە لە سەردەمە جیاوازەکان بکەین.


بەپێی ئەو بەڵگە مێژوویی و شوێنەوارییانەی، کە تا ئێستا دۆزراونەتەوە، بۆمان دەردەکەوێت، کە حەسەن کێف بە مێژووییەکی ١٠ هەزار ساڵەوە، یەکێکە لەو شارانەی، کە بەدرێژایی مێژوو ژیان تێیدا بەردەوام بووە و گۆڕینی سیستەمی دەسەڵاتداری و حوکمڕانی نەیتوانیوە خەڵکی ئەم ناوچەیە لە شارەکەیان دەربکا.


ئەم شارە لە هەزارەی سێیەمی پێش زایین، بەشێک بووە لە شارستانیی خورییەکان، کە ئەوانیش بە باپیرە گەورەی کورد دادەنرێن.


لە ساڵەکانی ١٨٠٠-١٧٥٠پێش زایین، لە دەقە بزمارییەکانی ماری بە (ییلانسورا) ناوی هاتووە، کە شارێکی گەورە لەنزیک رووبارێکی گەورە بووە، کە مەبەستی لە رووباری دیجلەیە.


لە سەردەمی میتانییەکان، واتا ١٥٠٠ساڵ پێش لەدایکبوونی عیسای مەسیح، ئەم شارە یەکێک بووە لە شارە گرنگەکانی ئەو سەردەمە و نزیک بووە لە پایتەختی میتانییەکان، کە شاری (واشکونی) بووە.


لەپاش ئەوەی دەسەڵاتداری ئاشوورییەکان لە ساڵی٦١٢ی پێش زایین لە لایەن پاشای ماد (کیکسار- کەیخۆسرەو) کۆتایی پێ دێت، ئەم شارە گرنگییەکی زیاتری پێ دەدرێت، نموونەی ئەم گرنگی پێدانە لە دروستکردنی چەندین ئەشکەوتی گەورە و گرنگ لەناو دڵی چیاکانی حەسەن کێف دیارە کە ئێستاش هەر وەک خۆیان ماونەتەوە و سیمای شارەکەیان جوانتر کردووە.


لەپاش رووخانی میدییەکان، ئەم شارە دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی رۆمانەکان و دەبێتە بەشێک لە جیوگرافیی دەسەڵاتداری رۆمانەکان و لە سەرچاوەکان بە (کیفا) ناوی دەهێنن، لەم سەردەمە شارەکە پێشکەوتن و ئاوەدانیی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت، وەک دروستکردنی چەندین پرد لەسەر رووباری دیجلە، کە پاشماوەکانی هەتا ئێستا ماونەتەوە.


لە ساڵی ٣٦٣ زایینی، بەهۆی شەڕی (سامرا) و کوژرانی (جولیان)ی پاشای رۆمانییەکان، ئەم شارە کەوتە ژێر دەستی ساسانییەکان کە ئەویش بەپێی داوای پاشای ساسانی (شاپووری دووەم) بوو بۆ وازهێنانەوەی رۆمانییەکان لە هەندێ لەو ناوچانەی، کە لەژێر دەستیاندا بوون.


لەگەڵ بەدیارکەوتنی ئایینی ئیسلام و هاتنی عەرەبە موسڵمانەکان، دەوڵەتی ساسانی بەهۆی ئەو شەڕانەی کە کردی، لاواز بوو، هەتا لەکۆتاییدا تێکشکا. لەو سەردەمدا شاری حەسەن کێف کەوتە دەست عەرەبە موسڵمانەکان. لە سەردەمی عەباسییەکان و بەهۆی لاوازبوونی دەسەڵات، چەندین میرنشین لە ناوچەکەدا دەرکەوتن کە حوکمی ناوچەی خۆیان دەکرد، لەوانە میرنشینی دۆستەکی- مەڕوانی کوردی (٩٨٢-١٠٨٥ ز) کە لە لایەن میر بادەوە لە باکووری کوردستان دامەزرا، کە شاری حەسەن کێف یەکێک لە شارە هەرە گرنگەکانی ئەم میرنشینییە بوو، بە تایبەت لە سەردەمی میر (ئەحمەدی کوڕی مەڕوان ١٠١١ - ١٠٦١ ز)، کە شارەکە بووژانەوە و پێشکەوتن و ئاوەدانیی زیاتری بەخۆیەوە بینیوە.


لە سەردەمی دەوڵەتی ئەیووبیدا، ئاوەدانی رووی لە شارەکە کردووە و زۆربەی شوێنەوارەکانی ئێستای شارەکە بۆ سەردەمی ئەیووبییەکان دەگەڕێتەوە، کە کتێبی (شەرەفنامە)ی شەرەف خانی بەدلیسی سەرچاوەیەکی باشە بۆ ئەم بابەتە.


ئەم شارە بۆ ماوەیەک لە سەردەمی (ئاق قۆینلوەکان) دەبێتە پایتەختی هاوینە، هەتا ساڵی ١٥١٥ زایینی، کە لە لایەن عوسمانییەکان داگیر کرا.


بوونی چەندین ئەشکەوتی دەستکرد و سروشتە جوانەکەی رووباری دیجلە و نزیکەی ٣٠٠ بینای مێژوویی سەدەکانی ناوەڕاست، وای کردووە ئەم شارە بە مۆزەخانەیەکی کراوە، واتا بێ سەقف بناسرێت، سەرەڕای دەربڕینی ناڕەزایەتی لە لایەن چالاکوانەکانی بواری شوێنەوار و ژینگە و هاتنەوە دەنگی رێکخراوە جیهانییەکان بۆ پاراستنی ئەم شارە کۆنە، بەڵام بەداخەوە پاش چەند ساڵی تر، ئەم شارە دەکەوێتە ژێر ئاو و بەو شێوازە بەشێکی گرنگ لە مێژوو و شوێنەواری کورد لەناو دەچێت و تەنیا شتێک کە لێرە دڵمان کەمێک خؤش دەکات، شوێنی جیوگرافیی ئەم بەنداوەیە، کە دیسان دەکەوێتە ناوچە کوردییەکان.