لە عێراق و سووریادا زەمینەی سەرهەڵدانەوەی بەهێزتری داعش لەئارادایە

ئەبوبەکر بەغدادی لەنێوان بیابانەکانی عێراق و سووریادایە

10/07/2019 - 16:55 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

سەنتەری توێژینەوەکانی جەنگ لە واشنتۆن هۆشداری لە گەڕانەوەی بەهێزتری داعش لە عێراق و سووریا دەدات و شارەزایان و چاودێرانی تۆڕە توندئاژۆکانیش ئاماژە بەوە دەدەن، داعش زۆر سوودی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەرگرتووە و رێکخستنەکانی لە ئەوروپاوە کۆمەک بۆ سەرهەڵدانەوەی کۆ دەکەنەوە.


پێشتر چەند سەرچاوەیەکی زانیاری، لەوانە دەزگای فیدڕاڵیی ئاسایشی رووسیا، ئاماژەیان بەوە دابوو، کە زیاتر لە 1500 چەکداری داعش لە عێراق و سووریاوە بەرەو ئەوروپا رۆیشتوون، کە مەترسییان لێ دەکرێت لەو وڵاتانە دەست بە کردەوەی خۆکوژی و تیرۆریستی بکەن.


بەڵام بەپێی راپۆرتێكی سەنتەری توێژینەوەکانی جەنگ لە واشنتۆن، داعش لە هەموو شوێنێک دەستی بە خۆڕێکخستنەوەی دارایی و سەربازی کردووە و ئەگەری ئەوە هەیە بەهێزتر لە پێشووی، لە عێراق و سووریا سەرهەڵبداتەوە.


بەپێی راپۆرتەكە، کە بەشێک لە زانیارییەکان لە میدیا ئەمەریکییەکان بڵاو کراونەتەوە، داعش تاوەکوو ئێستا خاوەنی تۆڕێکی بەهێزی داراییە و ئەوەش یارمەتیی دەدات بە خۆڕێکخستنەوە و گەڕانەوەیەک، کە ئەگەری هەیە لە ڕابردوودا بەهێزتر بێت.


هاوکات پێشتریش زانیارییە سەربازییەکان ئەوەیان ئاشکرا کردبوو، کە ئەبوبەکر بەغدادی، خەلیفەی داعش، لە بیابانەکانی نێوان عێراق و سووریایە و بەردەوامیش شوێنەکەی خۆی دەگۆڕێت، لەوانە رۆژنامە بەریتانییەکان (سەندای تایمز) و (تێلیگراف) ئاماژەیان بەوە دابوو، کە بەغدادی لە بیابانەکانی رۆژئاوای عێراق و نزیک لە سووریا خۆی حەشار داوە. ئەو ناوچەیەش کە سەرۆکی داعشی لێیە، رێژەیەکی زۆر کەم دانیشتوانی هەیە.


له‌دوای یه‌كه‌م ده‌ركه‌وتنی له‌ 2014 و خوێندنه‌وه‌ی وتاری راگه‌یاندنی خەلافه‌ته‌كه‌ی له‌ مزگه‌وتی نوور لە شاری مووسڵ، بەغدادی بۆ دووەم جار لە 29/04/2019 لە گرته‌ ڤیدیۆیەکدا، كه له‌ لایه‌ن (دامه‌زراوه‌ی میدیایی فورقان)ی سه‌ر به‌ داعش، له‌ چه‌ناڵێكی تێلیگرام بڵاو كرایەوە، دەرکەوتەوە، تیایدا دانی بە شکستدا نا و هەڕەشەی لە وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپا کرد.


مەریوان نەقشبەندی، شارەزا لە گرووپە توندئاژۆکان و داعش، بۆ (باس) رای گەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە داعش ستراتیژیەتێکی نوێیان بۆ خۆڕێکخستنەوە دەست پێ کردووە و شانە نووستووەکانی داعش لە وڵاتانی ئەوروپا، کە ئێجگار نیگەران بوون بەم شکستە مەیدانییەی خەلافەتەکەیان، لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەیانەوێت کۆمەک و سەرچاوەی دارایی بۆ پاشماوەی ئەو چەکدارانەیان پەیدا بکەن، کە لە ناوچە ناسەقامگیرەکانی عێراق و سووریادان، گوتیشی: “داعش بۆ شاردنەوە و پەردەپۆشکردنی ئەم پلانەیان، ھەڵمەتێکی ھاندانیان بۆ توندوتیژی و چەواشەکردن و بەلاڕێدابردنی گەنجان و تەکفیرکردن و ناوزڕاندنیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دژی ئەو کەسایەتییانە دەست پێ کردووە، کە لە ڕووی فیکری و ئیدارییەوە بەشداریی کارایان ھەبووە لە دەرخستنی ڕووی ڕاستەقینەی داعش و ھۆشیارکردنەوەی خەڵک، ئەوەش بۆ ئەوەی ئامادەکاریی بکەن بۆ دووبارە سەرهەڵدانەوە”.


لای خۆشیانەوە، د.مەحمود عوسمان، چاودێری سیاسی بۆ (باس) رای گەیاند، زۆر لە ڕاپۆت و توێژینەوەکان ئاماژە بە سەرهەڵدانەوەی داعش دەدەن، گوتی: “ئەگەر دۆخی عێراق و سووریا وەکوو ئێستا بمێنێتەوە و چارەسەری کێشەکان نەکرێت و رێککەوتنی سیاسی و ئیداری روو نەدات و چارەسەر بۆ دۆخی ئابووریی خەڵکی لەو ناوچانەی، کە پێشتر داعشی لێ بووە نەکرێت، ئەوا سەرهەڵدانەوەی داعش ئەگەرێکی بەهێزە”.


پێشتر لیوا بابەکر زێباری، سوپاسالاری پێشووی عێراق، بۆ (باس) هۆشداری لە سەرهەڵدانەوەی داعش لە عێراق و سووریا دابوو، ئاماژەی بەوە دا، دۆخی ئەو ناوچانەی داعشی لێ بووە، چارەسەری سیاسی و ئابووری و ئەمنییان بۆ نەکراوە و ژینگەیەکی لەبارن بۆ دەرکەوتنەوەی چەکدارەکانی داعش، لەکاتێکدا کە ئەبوبەکر بەغدادی ماوە و زانیارییەکان باس لەوە دەکەن، کە لە بیابانەکانی نێوان عێراق و سووریایە، کە ناوچەیەکی سەختە و کۆنتڕۆڵکردنی ئاسان نییە.