فەرماندەیەکی پێشمەرگە بۆمب و تەقەمەنی و کەلوپەلی تاوانەکانی داعش دەکاتە مۆزەخانە

سەرپەرشتیاری مۆزەخانەکە: بە دەیان جۆر مین و تەقەمەنی و کەلوپەلی بەکارهاتووی داعش نمایش کراون

10/07/2019 - 16:52 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

لە ماوەی شەڕی چوار ساڵەی پێشمەرگەدا لەگەڵ داعش، ئەو هێزە تیرۆرستییە هەموو جۆرە چەک و بۆمب و تەقەمەنییەکی تاقی کردەوە، بۆ ئەوەی بەرەنگاریی پێشمەرگە بێتەوە، بەڵام دواجار داعش تێکشکا و هەموو ئەو کەرەستانەشیان بوونە دەستکەوتی پێشمەرگە و ئێستا کراونەتەی مۆزەخانە.


مۆزەخانەی بۆمبە دروستکراوەکانی داعش، کە لە کۆڕێیە، لەسەر رووبەری 45 مەتر چوارگۆشە دروست کراوە، لەوێدا زیاتر لە 120 جۆر مین و تەقەمەنی و کەلوپەلی بەکارهاتووی داعش هەیە، لە هەموویاندا تەکنیکێکی شەڕ و شێوازەکانی تەقەمەنی بەکار هێندراون.


لیوا مەحمود حوسێن کاکەیی، سەرپەرشتیاری مۆزەخانەی بۆمبە دروستکراوەکانی داعش لە کۆڕێ، بە (باس)ی راگەیاند، دوای ئەوەی بڕیاریان دا بۆمبەکانی داعش بە دیکیۆمێنت بکەین، ئەو مۆزەخانەیان کردەوە، گوتی: "لە ماوەی شەڕی چەند ساڵەی داعشدا، خەریکی پووچەڵکردنەوەی بۆمب بووین، کە چەکی سەرەکیی داعش بوو، لەگەڵ فارماندەکانی ئەندازە بڕیارمان دا بۆمب و چەک و جۆرەکانی دیکەی تەقەمەنی دیکۆمێنت بکەین، کە پاشماوەی داعش بوون، بڕیاری ئەوەشمان دا، کە هەموو ئەو کەلوپەل و کەرەستە بەکارهاتووانەی داعش کۆ بکەینەوە و نمایشیان بکەین".


ئەو گوتیشی: ”پاش کۆکردنەوەی کەلوپەلەکان لە شوێنێک داندران، تا شەڕی داعش تەواو بوو، دواتر هەندێک زانیاریمان کۆ کردەوە و لە دووتوێی 100 لاپەڕەدا بۆ سەرەوەی خۆمان بەرز کردەوە، پاش گفتوگۆکردن و پرس و راوێژ بڕیار درا، لە سەرەتای 2016 تا کۆتایی 2018 لەناو بینای کەتیبەی ئەندازەی فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانیی یەک، بینایەک بۆ مۆزەخانەیەک، کە تایبەت بێت بە بۆمبە چێنراوە دروستکراوەکانی داعش دروست بکەین و بۆمب و تی ئێن تی و کەرەستە بەکارهاتووەکانی داعشی تێدا نمایش بکەین".


لەو مۆزەخانەیەدا ئاشنا دەبیت بەوەی داعش بۆ دروستکردنی مین و تەقەمەنی و جۆرەکانی تی ئێن تی سوودیان لە بۆڕیی نەوت، بتڵی غاز، دەبەی پلاستیک، مەنجەڵی چێشتلێنان، بۆڕیی ئاگرکوژێنەرەوە و چەندین کەرەستەی دیکە بینیوە.


روونیشی کردەوە، داعش پشتی بەستبوو بە چوار جۆر چەک و تەقەمەنی: "یەکەمیان چاندنی بۆمب لەسەر رێگاکان، دووەمیان بەکارهێنانی پشتێنی بۆمبڕێژکراو، سێیەمیان بەکارهێنانی ئۆتۆمبێل و زریپۆش، چوارەمیشیان بۆمبڕێژکردن".


مەحمود کاکەیی ئاماژەی بەوەش دا، لەم قۆناغەدا تەنیا ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان دەتوانن سەردانی مۆزەخانەکە بکەن، ئەوەیش بۆ ئەوەی زیاتر بە تەکنیکی داعش و ئەو کەرەستە و کەلوپەلانەی کە لە شەڕدا بەکاریان هێناوە، ئاشا ببن: "لەبەرئەوەی بابەتەکە سەربازییە، بۆیە بە رووی گەشتیاران و خەڵکی ئاسایی نەکراوەتەوە".


زیاتر گوتیشی: "پلەدار و ئەفسەرانی هێزەکانی هاوپەیمانان وەکوو ئەمەریکا و ئەڵمانیا و بەریتانیا و فینلاندا و هەموو هاوپەیمانان هاتوون، سەرسام بوون بە مۆزەخانەکە و قارەمانیەتیی پێشمەرگە".


باس لەوەش دەکات، مۆزەخانەکە بچووکە و پێویستی بە رووبەری زیاتر هەیە، بەڵام سەرەتا وەکوو هەنگاوێک پێیان باش بووە بەشێک لەو کەرەستانەی داعش، کە خۆیان پووچەڵیان کردووەنەتەوە، نمایش بکەن و هێزەکانی پێشمەرگە و ئەفسەران سوودی لێ بینن، گوتیشی: "نیازی فراوانکردنی مۆزەخانەکەمان هەیە، چاوەڕوانی دابینکردنی بودجە دەکەین بۆ ئەوەی گەورەتر بکرێت".


مۆزەخانەی بۆمبە دروستکراوەکانی داعش، لە مانگی 4ی ئەمساڵ کراوەتەوە و پلانی گەورەکردنی مۆزەخانەکەش هەیە.


کاکەیی، کە فەرماندەی ئەندازەی هێزەکانی پشتیوانیی یەکیشە، دەڵێت: “کەتیبەی ئەندازەییمان توانیویانە بە درێژایی 700 کیلۆمەتر لە شنگالەوە تا رۆژئاوای کەرکووک لە مین و تەقەمەنی پاک بکەنەوە، ئەوەیش هەوڵ و ماندوونێکی زۆری ویستووە و چەندین شەهید و برینداریشی لێ کەوتووەتەوە”.

ئاماژەی بەوەش دا، سەرەتا داعش بۆ دروستکردنی TNT سوودی لە بۆڕیی نەوت گواستنەوە وەرگرتووە، دواتر لە ناوچەی پیشەسازیی مووسڵ مین و تەقەمەنییەکانیان دروست کردووە، لە شێوەی کاشی، کە 5-7 کیلۆ تی ئێن تی تێدا بووە، دوای ئەوە سوودیان لە مەنجەڵی چێشتلێنان بینوە و پاش ئەویش بۆڕیی ئاگرکوژێنەرەوەیان بۆ داگرتنی تی ئێن تی بەکارهێناوە.


ئاشکراشی کرد، رێکخراوی تیرۆریستیی داعش سوودیان لە دەبەی پلاستیکی بینوە و TNT یان لەناو داناوە، چونکە پلاستیک بەرگەی ساردی و گەرمی دەگرێت و بۆ ماوەیەکی زۆریش دەمێنێتەوە، ئەمە بێ لە دروستکردنی مینی دژە تانک.


ئەو فەرماندەیە دەڵێت: “داعش زۆر تەکنیکی بەکار هێناوە، ئامانجیشی ئەوە بووە کەتیبەکانی ئەندازە تووش بکات، چونکە ئەگەر ئەندازە مین و تەقینەوەکان پووچەڵ نەکاتەوە، هیچ هیزێک ناتوانێت پێشڕەویی بکات”.


جەختیشی کردەوە، ئەو یەکانەی ئەندازە، کە لە درێژایی ئەو 700 کلیۆمەترە کاریان دەکرد، شەو و رۆژ زانیارییان ئاڵوگۆڕ دەکرد و هەر شتێکی نامۆیان ببینایە، یەکتریان لێ ئاگادار دەکردەوە.


ئەو لەمیانەی قسەکانیدا روونی کردەوە، لە سەرەتای شەڕی تیرۆردا زانیارییەکی ئەوتۆیان لەسەر تەکنیکی داعش نەبووە، هەروەها کەرەستە و کەلوپەلی پێویستیان بۆ ئەنجامدانی کارەکەیان لە بەردەست نەبووە: "هەر ئەوەیش بووە هۆی شەهیدبوون و برینداربوونی چەند ئەفسەر و پێشمەرگەیەکی قارەمان، بەڵام دواتر و پاش پەیوەندییان لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان و مەشق و راهێنان، شارەزاییەکی باشیان لەسەر تەقینەوەکان پەیدا کرد، ئێستا ئەگەر هەر رووداوێک روو بدات، هیچ مەترسییەک لەسەر تیمەکانمان نییە و دەتوانین بە زووترین کات چارەسەری بکەین".