لە کوردستان زەروو جێگەی کەڵەشاخ دەگرێتەوە

پزیشکێک: دەرهینانی خوێن بە کرم مەترسیدارە

07/07/2019 - 17:57 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

بەشێک لە دەرمانخانە میللی و گیاییەکان و ئەو شوێنانەی کەڵەشاخیان لێ دەکرێت، لەجیاتی دەرهێنانی خوێن بە کەرەستەی تایبەت، خوێن بە جۆرە کرمێک دەردەهێنن، کە لە کوردەواری پێی دەگوترێت (زەروو)، بەشێک لەوانەی ئەو کرمە بەکاری دێنن، پێیان وایە لە کەڵەشاخ باشترە. پزیشکێکش دەڵێ کارێکی مەترسیدارە.


کاردۆ ئەبووبەکر، هەموو ساڵێک لە هاتنی بەهار، کەڵەشاخ دەکات، دوو جاریش لە رێگەی کرمی زەرووەوە خوێنی دەرهێناوە، بە قسەی خۆی بۆ (باس) جارێکیان کڵاوەی چۆکی ئازاری هەبووە، ئەویش بەو کرمە خوێنی لێ دەرهێناوە، ماوەی چەند رۆژێک هیچ ئازاری نەمابوو، دواتر کەمێک ئازاری لێ دروست بووەوە، ئەویش کەمتر لە جاران“، بەڵام ئەمساڵ کاتێک بەهۆی سێ کرمەوە، خوێنی لەنێوان پەنجەکانی و سەر دەستی دەرهێناوە، تووشی خوێنبەربوون بووبوو، سەردانی پزیشکی تایبەتی کردووە، بۆ ئەوەی خوێنەکەی بوەستێت: ”خۆی ئەو کرمە نزیکەی 20 خولەک تا نیو سەعات خۆی خوێنت دەمژێت، دواتر مادەیەکی تێدایە دەچێتە ناو خوێنت و خوێنت شل دەکاتەوە، بەهۆیەوە خوێنەکەم نەوەستا، ناچار و بە پەلە چوومە لای پزیشک“.


رزگار ئاکرەیی، شارەزایەکی بواری پزیشکی تەواوکارییە، ماوەی زیاتر لە 12 ساڵە، چارەسەری خەڵک بە کەڵەشاخ، کرمی زەروو، هەنگ، دەرزی ئاژنین دەکات، ئەوە روونی دەکاتەوە کرمی زەروو لە کۆنەوە بەکار هاتووە و سوودێکی زۆری هەیە، وەک چارەسەرکردنی شەقیقە، ئازاری جومگەکان و سڕبوونی ماسوولکەکان، بەتایبەت ئەو شوێنانەی کە ناتوانرێت بە کەلوپەلی کەڵەشاخ خوێنی لێ دەربهێندرێت، بەڵام بە قسەی ئەو، ناتوانرێت بەبێ دیاریکردنی جۆری نەخۆشییەکە لەلایەن پزیشکەوە هیچ کارێک بکات.


ئەو شارەزاییەی پزیشکی تەواوکاری، پەنجە بۆ ئەوە درێژ دەکات، کە ئەو کرمە مادەیەکی لە لەشی دایە، کاتێک بە جەستەی کەسێکەوە دەنووسێت و گاز دەگرێت، ئەو مادەیە دەچێتە لەشی ئەو کەسەوە و مادەکە خوێن شل دەکاتەوە، سوودەکەی لەوەدایە کە ئەو خوێنانەی لەنێو دەمارەکان و موولوولە خوێنەکاندا هەیە، وەستاون و جووڵەیان نییە و تووشی خوێن مەیین بوونە، زۆربەی جار بە نەشتەرگەری ئەو خوێنە دەردەهێنرێت و دەمارەکان دەکرێنەوە، بۆیە بەهۆی ئەو کرمەوە پێویست ناکات نەشتەرگەری بکرێت، ئەو زەرووە، خوێنەکە شل دەکاتەوە و وا دەکات دەربچێت و خوێنی نوێ بچێتەوە ناو دەمارەکان.


جەختیش دەکاتەوە، کە ئێستا بەشێک لە نەخۆشخانەکانی شاری هەولێر بەکاری دەهێنن و پزیشکەکان دێن سەردانی دەکەن و ئەو کرمەی لێ دەکڕن، بەتایبەت بۆ ئەو نەشتەرگەرییانەی خوێنی تێدا دەمەیێت و بەجێ دەمێنێت.


ئەو کرمە لە بەشێک لە دەرمانخانە گیاییەکان و ئەو شوێنانەی کە کەڵەشاخی تێدا ئەنجام دەدرێت، دەفرۆشرێت، پێشتر لە زۆربەی رووبار و کانیاوەکانی کوردستان ئەو کرمە هەبوو، بەڵام ئێستا نەماوە، بە قسەی رزگار، هۆکاری نەمانی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەهۆی بەکارهێنانی دەرمانی راوکردنی ماسی و بەکارهێنانی قڕکەری مێروولە بۆ کشتوکاڵ و هەروەها چەند ساڵێک وشکەساڵی بوو، بۆیە قڕ بوون، بۆیە ئێستا لە وڵاتی تورکیا دەیهێنن و نرخی دانەی دۆلارێکە، تا دەگاتە دەستیان نزیکەی 3 هەزار دینار رادەوەستێت، : ”دەشبێت یەکجار بەکاری بهێنی و نابێت دووبارە بەکار بهێندرێتەوە، چونکە مەترسیی گواستنەوەی نەخۆشیی هەیە، بۆیە لەدوای بەکارهێنانی لەناو خوێدا دەکوژرێت، ترسیش لە بەکارهێنانی نییە، تەنیا بۆ کەسێک کە هەستیاریی هەبێت دەبێ دوای بەکارهێنانی مەرهەمی هەستیاریی لێ دەدرێت، تا ئێستاش کەس گلەیی لە بەکارهێنانی نەبووە و هیچ مەترسیی تێدا نییە، تەنیا دەبێ بە پاکوخاوێنی بەکار بهێنرێت“.


کرمی زەروو، یان زالوو، بە ئینگلیزییەکەی بە (هیرۆدینیا) ناسراوە و بە عەرەبییەکەی (العلق الطبی) پێ دەگوترێت، سەر بە رەگەزی هەڵواسراوەکانە، درێژییەکەیان لەنێوان 5 بۆ 20 سانتیمەترە، دوو ئاراستەی هەیە، لای سەری کە خوێنی پێ دەمژێت و سەرەکەی تری، خۆی پێوە بەند دەکات، بەر لە هەزاران ساڵ بە مەبەستی پزیشکی بۆ چارەسەر بەکار هاتووە، زیاتر لە شەش بە قەد قەبارەی خۆی، خوێن دەمژێت، بۆیە دەتوانێت شەش مانگ بێ خواردن بژێت، لە سەدەکانی ناوەندیش بە شێوەیەکی بەربڵاو لە ئەورووپا بڵاو بووەوە و بۆ چارەسەری بەکار هاتووە، بەتایبەت لە کاتی پێکان و کۆبوونەوەی خوێن، پزیشکەکان بەکاریان هێناوە، ئێستا لە بەشێک لە وڵاتانی جیهان، بە مەبەستی جوانکاری بەکار دێت، بەتایبەت چاندنەوەی جەستە، مادەی هیرۆدینی تێدایە کە خوێن شل دەکاتەوە، بۆیە زۆربەی جار کەسەکە تووشی خوێنبەربوون دەبێت.


ئیسماعیل موشیر، سەرۆکی کۆمەڵەی رووەکناسانی کوردستان، بۆ (باس)، ئەوە دەخاتە ڕوو، کە لە ئەمەریکا، ئێران، تورکیا، چین و وڵاتانی کۆریا زۆر بەکار دێت، لە کوردستانیش تا ڕادەیەک بەکار دێت، تەنانەت بۆ گرێیە شێرپەنجەییەکانی مەمک، یەکەم جاریش لە زانکۆی هارڤارد، بە شێوەیەکی زانستی لە کاتی چاندنەوەی گوێ لە ساڵی 1985 بەکار هات و سەرکەوتنی بەدەست هێنا.


ئەو شارەزایەی کەڵەشاخ نایشارێتەوە، کە مەترسی لە دووبارە بەکارهێنانەوەی ئەو جۆرە کرمە زۆرە، چونکە دەبێتە خۆی گواستنەوەی نەخۆشی، بەتایبەت نەخۆشیی ئایدز، هەروەها خوێنبەربوون، بەتایبەت ئەوانەی کە ئەسپرین، زەنجەبیل، جینکەی، سیر و بیبەر دەخۆن، لەوانەیە درەنگ خوێنبەربوونەکەیان بوەستێت، لە رووی قەدەخەییەوە و دەڵێت: ”نە قەدەخەیە و نە رێ پێدراوە، چونکە هیچ رێنماییەکی دەربارە نییە، لە کۆلێژی پزیشکی هیچی لەسەر نەسەلمێندراوە، زیاتر لەدەرەوە توێژینەوەی لەسەر کراوە“.


د. شەپۆڵ جەلال، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ و سییەکان، لەبارەی بەکارهێنانی کەڵەشاخ و کرمی زەروو، ئەوە دەخاتە روو کە ئەو کرمە لە بواری پزیشکی، تەنیا لە کاتی نەشتەرگەریی جوانکاری و گواستنەوەی پێست بەکار دێت، نەک لەجیاتی کەڵەشاخ، ئەوکاتیش بۆ ئەوە بەکار دێت، کە ئەو خوێنەی لە کاتی گواستنەوەی پێستەکەدا کۆبووەتەوە، دەری بهێنێت و خوێنی نوێ بچێتە دەمارەکان.


ئەو پزیشکە جەخت دەکاتەوە، کە بەکارهێنانی ئەو کرمە، مەترسیی زۆری هەیە، چونکە لە کاتی کونکردنی پێست، مادەیەک لە لەشدا بڵاو دەکاتەوە، خوێن شل دەکاتەوە: ”بۆ هەندێک کەس کە کێشەی خوێنبەربوونی هەیە، بۆ ئەوانە ترسناکە، هەروەها ئەگەری زۆری هەیە چەندین میکرۆب بگوازێتەوە لەشی ئەو کەسە و تووشی نەخۆشیی بکات، چونکە بن پێستەکە لەوانەیە پیس بێت، یاخود بۆ دوو کەس بەکار بێت ترسناکە، لەوانەشە خوێنبەربوون روو بدات، چونکە خوێنەکە شل دەکاتەوە“.


د. شەپۆڵ، لەبارەی کەڵەشاخ و بەکارهێنانی کرمی زەروو، ئاماژە بەوە دەدات، کە ئەو کەسەی خوێنی زیادە، پێویستە خوێن بدا، نەک بە شێوەی کەڵەشاخ، بەڵکوو بە رێگەی زانستی، ئەویش بە هۆی کانوولەوە دەبێت، دەشڵێت: ”بە هەر رێگەیەکی دیکە خوێن دەرهێنان زانستی نییە.

 

 

ئەلبوومی وێنەکان