پەرلەمانتارێکی ئێزدی: چەندین گرووپی چەكداری سەر بە پەكەكە و حەشدی شەعبی لە شنگالدان

"لەدوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە تەعریبێكی دیکە لە ناوچە كوردستانییەكان بەڕێوە دەچێت"

06/07/2019 - 16:59 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

د. خالیدە خەلیل رەشۆ، پەرلەمانتاری كوردی ئێزدی لەسەر لیستی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، لە گفتوگۆیەكی تایبەتی (باس)دا، قسە لەبارەی دۆخی ئێزدییەكان و پرسی شنگال و كێشەكانی دیکە دەكات. راشی دەگەیەنێت، شنگال و ناوچە كوردستانییەكان نائارامن و خەڵكی بیانی و گرووپی چەكداریی بیانییان تێدایە، ئەگەر پێشمەرگە نەگەڕێتەوە ناوچەکە، خەڵكیش ناتوانێت بگەڕێنەوە. ئاشكرای دەكات، 200 هەزار كوردی ئێزدی لە كەمپەكاندان و 3هەزاریشیان تاوەكوو ئێستا شوێنبزرن.


د. خالیدە، كە بەهۆی ئەوەی هەڵەیەك لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراقدا هەبوو، كەسێكی دیکە لەجێی ئەو داندرابوو، دوای بڕیاری دادگای فیدراڵی، مافی پەرلەمانتاریی بۆ گەڕایەوە، گوتی: "لە 12ی 5ی 2018 دەرچووبووم، بەڵام هەڵەیەك لە لایەن كۆمسیۆنی هەڵبژاردندا هەبوو، كەسێكی عەرەب لە لیستی جەماهیری عەرەبی، لە شوێنی من داندرابوو، دوای سكاڵاكردن لە دادگای فیدڕاڵی، مافی خۆم وەرگرتەوە و لە كۆتاییەكانی مانگی رابردوودا وەكوو پەرلەمانتار دەستم بە كار كرد".


گوتیشی: "بێ هیوا نین لەوەی بە هاوكاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق و رێكخراوە كۆمەكبەخشەكانی دونیا، شنگال ئاوەدان بكرێتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی دۆخی شنگال خراپە، بە تایبەت لە رووی ئەمنی و خزمەتگوزارییەوە، بۆیە خەڵكێكی زۆر كەم گەڕاونەتەوە و تا ئێستا ئاوەدان نەكراوەتەوە".


ئەو پێی وایە، تاوەكوو ماددەی 140 جێبەجێ نەكرێت، كێشەی شنگال و ناوچە كوردستانییەکان بە چارەسەرنەكراوی دەمێننەوە، گوتیشی: "شنگال و ناوچە كوردستانییەكان نائارامن و خەڵكی بیانی و گرووپی چەكداری بیانییان تێدایە، ئەگەر پێشمەرگە نەگەڕێتەوە، بەتایبەت بۆ شنگال، ئەوا خەڵكی ئێمە ناتوانن بگەڕێنەوە، چونكە ئارامی و ئاسایشی تێدا نییە، مەرجی گەڕانەوەی خەڵك بەندە بە گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچەکە".


روونیشی دەكاتەوە، دەیان گرووپی چەكدار لە شنگالدان و دۆخەكەیان ئاڵۆز کردووە، دەشڵێت: "چەندین گرووپی چەكداری سەر بە پەكەكە هەیە، لەگەڵ چەند گرووپێكی تری حەشدی شەعبی و عێراقی، ئەو گرووپانە خەڵكی بیانین و بە ناوچەكە نامۆن، تاوەكوو ئەو گرووپانە نەچنە دەرێ، ناتواندرێت باسی ئاوەدانكردنەوەش بكرێت، چونكە دەبێ ئارامی هەبێت بۆ ئەوەی خەڵك بتوانێ بگەڕێتەوە، پەكەكە بۆ مەرامی سیاسی لە شنگال خۆی سەپاندووە و دەستوەردانی سیاسی دەكات، ئەو هەرگیز خزمەت بە ئێزدییان ناكات".


ئەو لەپاڵ دەرچوونی ئەو گرووپانە و گەڕانەوەی ئارامی، پێشی وایە، دەبێت لە رووی كۆمەڵایەتییشەوە دۆخێكی باشتر دروست بكرێت: "چونكە داعش كێشەی زۆری لەنێوان عەرەب و ئێزدییەكان دروست كردووە، دەبێ ئەو دۆخە ئاسایی بكرێتەوە".


د. خالیدە جەخت دەكاتەوە، سیاسەتی تەعریب لە ناوچە كوردستانییەكان بە شێوازێكی دیکە بەردەوامە، گوتی: "ئەگەر سەیر بكەین، لەدوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە تەعریبێكی دیکە لە ناوچە كوردستانییەكان بەڕێوە دەچێت، بۆ نموونە، خەڵكی كورد لەنێو موڵك و ماڵی خۆیدایە، خەڵكی دیکە دێن بە ئەوراقی ساختە دەڵێن ئەوە موڵكی ئێمەیە، لە كەركووك و شنگال دۆخەكە بەم جۆرەیە و ئەگەر چارەسەرێك نەكرێت خراپتر دەبێت".


روونیشی دەكاتەوە، دۆخی شنگال باش نییە، بە تایبەت لەدوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە، چونكە پێشووتر پێشمەرگە توانیبووی ئاسایش و ئارامیی ناوچەکە بپارێزێت، بەڵام ئێستا خەڵك لە دۆخێكی خراپدایە.


ئەو پەرلەمانتارە راشی دەگەیەنێت، حكوومەتی عێراقی لە ئاوەدانكردنەوەی شنگال خەمسارد بووە، گوتشی: "بەدڵنیایی حكوومەتی عێراقی خەمسار بووە لە ئاوەدانكردنەوەی شنگال، ئەگەر حكوومەتی عێراق خەمسارد نەبوایە، دۆخەكە بەم جۆرەی لێ نەدەهات".


خالیدە رەشۆ، جەخت دەكاتەوە، زۆر خەڵكی ئێزدی لە كەمپەكان ماون، گوتیشی: "زیاتر لە 200 هەزار كوردی ئێزدی لە كەمپەكانن و نەگەڕاونەتەوە شنگال، هەروەها 3 هەزارئێزدیش تاوەكوو ئێستا بێ سەروشوێنن، هەموو هەوڵێكمان بۆ ئەوەیە چارەنووسی ئەوان ئاشكرا بكرێت و بگەڕێندرێنەوە، نازانین ئەوانە لە سووریان یان لە عێراقن".


ئەو پەرلەمانتارە ئێزدییە باس لە دۆخی عێراق دەكات و دەڵێت: "لە عێراق گەندەڵییەكی زۆر و بەربڵاو هەیە، ئەگەر چارەسەر نەكرێت، ئەوا عێراق بەرەو مەترسیی گەورە دەبات، دەبێ دۆخی ئاسایش و خزمەتگوزاری باش بكرێت، هەروەها ئێستا مەترسیی دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش لە عێراقدا هەیە و دەبێت بەغدا و هەرێمی كوردستان پێكەوە كار بكەن بۆ زاڵبوون بەسەر داعش و فكری داعشدا".


لەبارەی گۆڕە بەكۆمەڵەكانی كوردانی ئێزدی لە شنگال و دەوروبەری، د.خالیدە گوتی: "نزیكەی 70 گۆڕی بەكۆمەڵی كوردانی ئێزدی لە شنگال و دەوروبەری هەن و هەڵنەدراونەتەوە، هۆكاری هەڵنەدانەوەی ئەو گۆڕانەش، نەبوونی ئارامی و ئاسایش بووە لەو ناوچانە".

 

ئەلبوومی وێنەکان