عەریزەنووسی لە دەستییەوە دەکرێتە ئەلیکترۆنی

بۆ هەر مامەڵەیەک نزیکەی 25 هەزار دینار وەردەگیرێت

06/07/2019 - 14:52 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

لە هەولێر کۆمپانیایەک سیستەمی عەریزەنووسین دەکاتە ئەلکترۆنی. عەریزەنووسەکانیش گلەیی ئەوە دەکەن، کە ئەگەری ئەوە هەیە بێکار بن، بەڵام بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی داد، جەخت دەکاتەوە، کە ئەوانەی خوێندەوارن دەتوانن خول ببینن، ئەوەی توانای فێربوونی کۆمپیوتەریشی نەبێت، دەتوانێت کەسێکی نزیکی خۆی لە شوێنی خۆی دابنێت.


یەکێک لە عەریزەووسەکانی شاری هەولێر، لە ترسی دژایەتیکردنی لە داهاتوودا، نەیویست ناوی بڵاو بکرێتەوە، بۆ (باس) ئاماژە بەوە دەدات، کە ماوه‌یه‌كه‌ ده‌نگۆى ئه‌وه‌ بڵاوبووەتەوه گوایه‌ كۆمپانیایه‌ك له‌ شوێنى ئەوان كاره‌كان ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆ، به ‌بیانووى ئه‌وه‌ى كه‌ سیسته‌مى نووسینى مامه‌ڵه‌كان له‌ ده‌سته‌وه‌ ده‌كاتە‌ كۆمپیوته‌ر، دەشڵێت: ”له‌كاتێكدا ئه‌گه‌ر حكوومه‌ت داواى له‌ ئێمه‌ كردبا ده‌مانتوانى به‌ شێوازێكى باشتر له‌م كۆمپانیایه‌ ئه‌م كاره‌ بکەین، دواى ئه‌وه‌ى كه‌ په‌یوه‌ندیشمان به‌ لایه‌نى په‌یوه‌ندیدارەوە كرد، هه‌واڵه‌كه‌ى پشتڕاست كرده‌وه کە کۆمپانیایەک ئەو ئەرکە دەگرێتە ئەستۆ“‌.
ئەو عەریزەنووسە ئەوەش دەخاتە ڕوو، ئەوان‌ هه‌وڵیان داوە له‌ رێگه‌ى وه‌زاره‌تی دادەوە‌، ئه‌و كاره‌ رابگرن، به‌ڵام وه‌ڵامى وه‌زیر و به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى و دادنووسى یه‌كه‌م ئه‌وه‌ بوو، كه‌وا راگرتنى ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ له‌تواناى ئه‌واندا نییه،‌ چونكه‌ كۆمپانیاكه‌ راسته‌وخۆ له‌ لایه‌ن ئەنجومەنی وەزیرانەوه‌، پشتگیرى كراوه‌ و نووسراوه‌كه‌ واژووى سەرۆکایەتیی ئەنجومەنى وەزیرانی له‌سه‌ره، ره‌وانه‌ى وه‌زاره‌تى داد كراوه‌، كه‌ وا بیرۆكه‌ى ئه‌م كۆمپانیایه‌ جێبه‌جێ بكرێت، گوتیشی: ”ئێمه‌ دڵنیاین كه‌وا سه‌رۆكى حكوومه‌ت ئاگادار نییه‌ به‌وه‌ى، كه‌ واژووه‌كه‌ى و بیرۆكه‌ى ئه‌م كۆمپانیایه‌ ده‌بێته‌ مایه‌ى بێكاربوونى زیاتر له‌ 500 ‌كه‌س، واته‌ نانبڕانى 500 خێزان، چونكه‌ هه‌ر یه‌كێك له‌ ئێمه‌ خێزانێكی لە ئەستۆیە“.
ئەو عەریزەنووسە باس لەوەش دەکات کە گوایه‌ كه‌ ئه‌م كۆمپانیایه‌ له‌لایه‌ن بەڕێوه‌به‌رى گشتیى فه‌رمانگه‌ى دادییه‌كان ئاگادار كراوه‌ته‌وه‌، كه‌ مافیان نه‌خورێت، به‌ڵام جەخت لەوە دەکاتەوە کە تا ئێستا هیچ مه‌رجێك نییه‌ و دیار نییە كه‌ مافەکانیان چى لێ به‌سه‌ر دێ، بۆیە دەڵێت: ”هاتنى ئه‌م كۆمپانیایه‌ زیانێكى ماڵیى گه‌وره‌یه‌ بۆ ئێمه‌، بۆ نموونه‌، عەرزوحاڵنووسمان هه‌یه‌ چه‌ندین ساڵه‌ پیشەی عەریزەنووسییە، به‌ڵام ئێستا به‌ هۆى سیسته‌مى ئه‌م كۆمپانیایه‌، كه‌ شیوازى نووسینه‌ به‌ كۆمپیوته‌ر، ده‌بێ واز بێنێت، چونكه‌ شارەزایى له‌ كۆمپیوته‌ر نییە، ئیتر به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك بیرۆكه‌كه‌ بۆ نانبڕانى ئێمه‌ى چینى هه‌ژاره“.


بەشی زۆری عەرزوحاڵنووسەکان، بەبیانووی ترسیان لەو کۆمپانیایە، نەوەک لە داهاتوودا نانبڕاویان بکات، ئامادە نەبوون قسە بکەن، بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە زاری ئەو عەریزەنووسانە دەست هەفتەنامەی (باس) کەوتووە، کۆمپانیاکە باسی لەوە کردووە کە له‌برى نووسینى هه‌ر مامه‌ڵه‌یه‌ك، بڕى 2 هەزار و 500‌‌ دینار وه‌رده‌گرین، كه‌ لەلایه‌ن وه‌زاره‌تى دادەوە بۆیان دیارى كراوه،‌ بەڵام ئه‌م كۆمپانیایه‌ به‌نیازه‌ ئه‌م نرخه‌ به‌رز بكاته‌وه‌ بۆ 25 هه‌زار دینار، بۆ نووسینى هه‌ر مامه‌ڵه‌یه‌ك.


مەریوان قەرەنی، بەڕێوەبەری دادنووسی یەکەمی هەولێر، لەبارەی ئەو کۆمپانیایەوە باس لەوە دەکات، کە حکوومەت ئەو کۆمپانیایەی داناوە، ئەو ئاگادار نییە لە کوێ هاتووە، بەڵام بڕیار وایە عەریزەنووسین بکرێتە سیستەمی (IT): ”هەر شتێک بۆ حکوومەت باش بێ، ئێمەش پێمان باشە“. لەبارەی بێکاربوونی زۆربەی عەریزەنووسەکان، لەکاتێکدا کە کۆمپانیایەک ئەو کارە بگرێتە ئەستۆ و خۆی کەسەکان دیاری بکات، ئەوەی روون کردەوە، ئەوە کاری حکوومەتە و ئەو دەزانێ چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات.


بەڕێوەبەری دادنووسی یەکەمی هەولێر، لەگەڵ ئەوەدایە ئەو سیستەمە بکرێتە کۆمپیوتەر، چونکە بە قسەی ئەو، سیستەمێکی سەرکەوتووە، هەموو دنیا وای لێ هاتووە، نکۆڵییش لەوە دەکات کە 500 عەریزەنووس هەبێت: ”چارەسەر چییە؟، ئایا لەبەر ئەو کەسانە سیستەمەکە نەبێتە کۆمپیوتەر، ئەگەر ببێتە سیستەمی کۆمپیوتەر، ئەوکات ئەو کەسانەی شارەزاییان هەیە، دێنە سەر کارەکە، ئەوەی توانای نەبێ، دەبێت حکوومەت سیستەمەکە لەبەر چەند کەسانێک رابگڕێت؟، بۆیە ئێمەش هەر شتێک باش بێت بۆیان داوا دەکەین، بەڵام وردەکاریی لەلای ئێمە نییە و نازانین چییان بۆ دەکرێت، گوێم لێ بووە کە چارەسەریان دەکەن، بەڵام نازانم شێوازەکەی چۆنە“.


ئازاد رۆستەمی، بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی داد، بۆ (باس)، جەخت لەوە دەکاتەوە، کە ئەو بڕیارە لە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەرچووە، لەبارەی عەریزەنووسەکانیش، هیچیان لە شوێنەکانیان دەرناکرێن، ئەوانەی خوێندەوارن و شارەزای کۆمپیوتەرن، ئەوا خولێکیان بۆ دەکرێتەوە و لە شوێنی خۆیان دەمێننەوە، بەڵام ئەوانەی توانای بەکارهێنانی کۆمپیوتەریان نییە و تەمەنیان گونجاو نییە، ئەوا کەسێکی نزیکی خۆیان لە شوێنیان دادەنرێت، کوڕی بێت یان کچی، یا هەر خزمێکی بێت: ”هیچ کەسێک لانابرێت و بەپێی شارەزاییان دەمێننەوە، بۆ مانەوەشیان ئەوە سیستەمەکە وای لێ هاتووە و هەموو حکوومەت بەرەو سیستەمی بەئەلکترۆنی دەڕوات، بەڵام ئێمە لە کۆبوونەوەکان بڕیارمان داوە و باسمان کردووە، قووتی هیچ کەسێک نەبڕدرێت و هیچ کەسێک دەرنەکرێت، ئەوەی تەمەنەکەی لایداوە، وا بڕیارە کەسێکی نزیکی خۆی، کە پێی باشە و خۆی دەستنیشانی بکات، دادەنرێت“.


ئەوەش روون دەکاتەوە، ئەو سیستەمە سەرکەتووە و دەبێتە ئەرشیڤێکی باش، بۆ ئەوانەش کە گرفتیان تووش دەبێت، دەڵێت: ”هەر کەسێک لە کارەکەی خۆی مەحرووم کرا، دەتوانێت سەردانمان بکات، یان سەردانی فەرمانگەکەی خۆی بکات و ئاگادارمان بکاتەوە“.


ئازاد رۆستەمی، بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی داد، لەبارەی زیادکردنی نرخی مامەڵە لە 2 هەزار و 500ەوە بۆ 25 هەزار دینار، ئاماژە بەوە دەدات، کە نرخەکە بۆ ئەوە زیاد دەکرێت کە چیتر نۆرە نامێنێت، لەبەر رۆژ راوەستان نامێنێت و دەچنە ناو هۆڵ و سیستەمەکە دەبێتە نۆرەی ئەلکترۆنی: ”ئەوەش هیچ کاریگەرییەکی لەسەر عەریزەنووسەکان نییە، ئەوان ئیشی خۆیان دەکەن، بەڵام لەجیاتی ئەوەی پێشتر بە دەست کارەکانیان دەکرد، ئێستا دەبێتە سیستەمی ئەلکترۆنی، ئێمەش وای دەبینین، کە سیستەمەکە سەرکەوتوو دەبێت“.


ئازاد فەقێ، تەمەن 48 ساڵ، یەکێکی دیکەیە لە عەریزەنووسەکان، دژی ئەوەیە کە هەموو بە کۆمپیوتەر کار بکەن، ئەگەر سیستەمە بکرێتە کۆمپیوتەر، گلەییش لەوە دەکات، کە ئەگەر کەسێک لە کۆمپیوتەر نەزانێت، کەسێکی دیکە لە شوێنی خۆی دابنێت: ”چۆن دەبێت کەسێک بێنێت، کێ بژێویی کەسێکی دیکە دیاری دەکات؟ ئەوەش نابێت، بۆیە دەبێ جوانتر بیر لەو سیستەمە بکرێتەوە“.