لەسەر وتارەكەی جەمیل بایك لە واشنتۆن پۆست توركیا هاتە دەنگ

04/07/2019 - 12:20 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

رۆژی چوارشەممەی رابردوو، جەمیل بایك سەركردەی باڵای پەكەكە و یەكێك لە دامەزرێنەرانی ئەو پارتە، وتارێكی لە رۆژنامەی (واشنتۆن پۆست) بڵاو كردووەتەوە و توركیاش لەسەر ئەو وتارە هاتووەتە دەنگ و بە ئەمریكا دەڵێت ئەمە شایەنی قبووڵ نییە.

 

بایك لە وتارەكەیدا باس لە چارەسەركردنی كێشەی كورد دەكات بە ڕێگەی ئاشتیانە، هەروەها دەڵێت یەكێك لە هەڵەكانی پەكەكە ئەوە بووە، كە بۆ پرسی چارەسەری لە توركیا تەنیا پشتی بە ئاكەپە بەست، لە كاتێكدا دەبوا هەموو هێزە دیموكراتەكانی بخستایەتە ناو ئەو پرسەوە، هەروەها لەسەر پرسی چارەسەری چەند زانیارییەكی خستووەتە ڕوو.

 

بەڵام ئیبراهیم كاڵن، گوتەبێژی سەرۆكایەتیی كۆماری توركیا، لەسەر ئەو وتارەی بایك لە (واشنتۆن پۆست) رەخنەی توند لە ئەمریكا دەگرێت و پێیان دەڵێت ئەمە پێشێلكردنی یاسای ئەمریكایە، چونكە پروپاگندە بۆ تیرۆر دەكەن.

 

رەنگە بۆچوون و وەڵامدانەوەی كاڵن ئەوەندە بە بایەخ و گرنگ نەبێت، چونكە ئەوەی دەبێت بۆ ئەو بابەتە گرنگە وەڵامی ئەمریكا بداتەوە، خودی رەجەب تەییب ئەردۆغانە، چاوەڕوانیش دەكرێت ئەردۆغان لە ماوەیەكی نزیكدا وەڵام بداتەوە.

 

كاڵن لە وتارێكدا كە لە پێگەی خۆی لە تویتەر بڵاوی كردوەتەوە، باس لە پەكەكە وەكوو هێزێكی تیرۆرست دەكات و دەڵێت بڵاوكردنەوەی ئەو وتارەش لە رۆژنامەیەكی بەناوبانگی ئەمریكی، پروپاگندەیە بۆ تیرۆر، چونكە پەكەكە لە لیستی تیرۆری ئەمریكا و یەكێتی ئەوروپا دایە.

 

هاوکات دەشڵێت: "ئەمە هیچ جیاوازییەكی لەگەڵ ئەوەی تۆ وتاری بەرپرسێكی باڵای قاعیدە، یان داعش لە رۆژنامەی (واشنتۆن پۆست) بڵاو بكەیتەوە، نییە. هەروەها بڵاوكردنەوەی وتاری بایك لەو رۆژنامەیە بەو مانایە دێت كە ئەوان نوێنەری كورد بن، بۆیە ئەمە سووكایەتییە بە كوردیش".

 

وەك ئەوەی بەشێك لە چاودێرانی سیاسی باسی دەكەن، رەنگە ئەم وتارەی بایك تەواوكەری پەیامەكەی عەبدوڵا ئۆجەلان بێت، كە لەڕێگەی پارێزەرەكانییەوە لە ئیمیراڵییەوە ناردی و داوای كرد كێشەی كورد لە توركیا بە ئاشتیانە چارەسەر بكرێت. واتە بایك وەكوو ئەوەی لە وتارەكەشیدا باسی كردووە، دەیەوێت ئەمجارەیان ئۆجەلانیش بەشێك بێت لەو پرسە و رۆڵی گرنگی پێ بدرێت.

 

رۆڵی سەرۆك بارزانی بەردەوام بەلای سیاسییەكانی توركەوە گرنگ بووە بۆ برەودان بە پرسی ئاشتی لە توركیا، بۆیە ماوەی مانگێك دەبێت لەڕێگەی چەند نووسەرێكی سەر بە ئاكەپە باس لە گرنگیی رۆڵی بارزانی دەكرێت بۆ ئەو پرسە و، دەڵێن گرنگ و پێویستە لە ئەگەری دووبارەهێنانەوەی بەرباسی پرسی چارەسەری، بارزانی رۆڵی سەرەكی پێ بدرێت، چونكە پێشتریش بارزانی دەستپێشخەری باشی هەبووە و بەردەوام داوای كردووە كێشەی كورد بە ئاشتیانە چارەسەر بكرێت.

 

چەند میدیایەكی توركیا باس لە گۆرینی هەڵوێستی پەكەكە دەكەن، بەوەی گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی ئیدی بە چەك و شەڕ پرسی كورد چارەسەر ناكرێت و، ئامادەكارییان هەیە تا بە ئاشتیانە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تورك بگەنە رێككەوتن.