ئامانجی هێزە دەمامکدارەکەی پەکەکە ئاشکرا دەبێت

دروستکردنی ئەو هێزە دەمامکدارەی پەکەکە، تورکیا زیاتر بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان رادەکێشێ

02/07/2019 - 17:30 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

هێزە دەمامکدارەکەی PKK، کە لە چەند رۆژی رابردوودا لەلایەن میدیا نزیکەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان PKKوە، بە گرتەیەکی ڤیدیۆیی راگەیەنرا، ناڕەزایی توندی خەڵکی هەرێمی کوردستانی لێ دەکەوێتەوە. ئەندامانی لیژنەی پێشمەرگەش لە پەرلەمانی کوردستان پێیان وایە، پەکەکە بەو کارانەی، بەرلەوەی زیان لە دۆخی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان بدات، زیان گەورە بەر خۆی دەکەوێت.

لە چەند رۆژی رابردوودا، میدیاکانی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان PKK، گرتەیەکی ڤیدیۆیی دامەزراندنی هێزێکی دەمامکداریان بە ناوی (هێزی پاراستنی جەوهەریی باشووری کوردستان)ی راگەیاند، لە گرتەکەدا کەسێک وەکوو فەرماندەی ئەو هێزە میلیشایە ئاماژە بەوە دەدات، ئەوان لە ئەنجامی ئەو بۆشاییە سیاسی و سەربازییەدا دروست بوون کە لە هەرێمی کوردستاندا هەیە و ئامانجیان “پاراستنی بەها و کولتوور و دەستکەوتەکانی باشووری کوردستانە!”. ئەوەش لەکاتێکدایە، کە هەرێمی کوردستان بەپێی دەستووری عێراق، خاوەنی هێزی پێشمەرگە و ئاسایشی خۆیەتی و دروستکردنی هەر هێزێکی دیکەی چەکدار لەدەرەوەی یاسا و دەستوور، وەکوو هێزێکی میلیشیایی دژ بە بەرژەوەندییە سیاسی و یاساییەکانی هەرێمی کوردستان لێک دەدرێتەوە، بەو هۆیەشەوە هەر دوای راگەیاندنی ئەو هێزە، خەڵکی هەرێمی کوردستان بە هەموو چین و توێژەکانییەوە، لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، بەتایبەتی تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، کەوتنە نیگەرانی و ناڕەزایی دەربڕین لەبەرامبەر بەو هێزە دەمامکدارە و ئەو کارەی پەکەکەیان بە دەستدرێژییەکی دیکەی ئەو هێزە نایاساییە بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان لێک دایەوە.

لە راگەیەنراوێکیشدا حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لەبارەی بۆردومانەكانی توركیا و بوونی چەكدارانی پەكەكە لە ناوچە سنوورییەكانی باشووری كوردستان بڵاوی کردەوە کە: "چه‌كدارانى پەكەكە بێباكانه‌ ژيانى گوندنشينانى ناوچە سنوورییەكانیان خستووەتە مه‌ترسييه‌وه‌ و ده‌بێ په‌كه‌كه‌ له‌ گوندنشينان دوور كه‌ونه‌وه‌".

لە راگەیەندراوەكەی حكوومەتی ھەرێمدا ھاتووە: "هه‌بوونى چه‌كدارانى په‌كه‌كه‌ له‌و ناوچانه‌ و نزيكبوونه‌وه‌ و هاتنى به‌ ئه‌نقه‌ستيان بۆ ناو گوند و ئاواييه‌كان، بێباكانه‌ ژيانى گوندنشينانى ئه‌و ناوچانه‌ى خستووه‌ته‌ مه‌ترسييه‌وه‌، هه‌روه‌ها بووه‌ته‌ رێگر له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى ژيان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌يان".

ئاماژە بەوەش كراوە: "حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان قبووڵ ناكات و رێگه‌ نادات خاكه‌كه‌ى بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر و تێكدانى ئاسايشى وڵاتانى دراوسێ به‌كار بهێنرێت و به‌و هۆيه‌وه‌ ژيانى هاووڵاتيانى هه‌رێمى كوردستان بكه‌وێته‌ مه‌ترسييه‌وه". ‌

لەم بارەیەوە، عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ (باس) رای گەیاند، ئامانجی پەکەکە لە دروستکردنی ئەو گرووپە میلیشیایە، تێکدانی سەقامگیریی هەرێمی کوردستانە و پێشتریش پەکەکە رۆڵی زۆری لە دەربەدەرکردنی خەڵکی گوندە ناوچە سنوورییەکان و بیانوودان بە تورکیا بۆ بۆردومان بینیوە، ئێستاش بەو هێزە، تورکیا زیاتر بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان رادەکێشێ، هەروەکوو لە رۆژئاواش عەفرینی رادەست بە تورکیا کرد، گوتیشی: “روونە ئەو هێزە ئێستا ئەجێندای دژ بە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی هەر چوار پارچەکەی کوردستان جێبەجێ دەکات و لەو بارەیەشەوە رێککەوتنی لەگەڵ هەموو ئەو لایەنانەدا هەیە کە لە دژی بەرژەوەندییەکانی کورد و هەرێمی کوردستاندان”.

ئەو سەرکردەیەی پارتی جەختی کردەوە، پەکەکە لەکاتێکدا خۆی مۆڵەتی یاسایی نییە و هێزێکی نافەرمییە، بە چ حەق و لۆژیکێک دێت میلیشیا بە ناوی پاراستنی هەرێمی کوردستان دروست دەکات؟، گوتی: “ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە، ئێستا خەڵک لە هەر چوار پارچەکەی کوردستان، لە ئەجێندای ئەو هێزە گەیشتوون، ئەوەتا لە هەڵبژاردنی ئەستانبوڵ بینیمان کە رێبەرەکەی و قەندیل کەس گوێی لێ نەگرتن، لە هەرێمی کوردستانیش بینیمان، لە دروستکردنی ئەو هێزە چۆن خەڵکی بە هەموو چین و توێژەکانەوە دەنگی ناڕەزاییان لە دژیان بەرز کردەوە، لەبەرئەوە بارودۆخی داهاتوو هیچی لە بەرژەوەندیی پەکەکەدا نابێ و جگە لە تێکدان و ئاژاوەنانەوە، لە رووی سیاسییەوە پەکەکە هیچی بۆ ناکرێت، هەروەکوو چۆن تا ئێستا نەیتوانیوە لە باکوور گوندەکەی ئاپۆ رزگار بکات. لەبەرئەوە دروستکردنی ئەو هێزەش بۆ هەرێمی کوردستان، بەشێکە لەو پەراوێزخراوییەی قەندیل و پەکەکە، کە وڵاتان بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان بۆ کاری تێکدەری بەکاری دەهێنن”.

لای خۆشیانەوە، پەرلەمانتاری یەکێتی، عوسمان کەریم سوارە، جێگری سەرۆکی لیژنه‌ى پێشمه‌رگه‌ و ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێیەکان لە پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی دروستکردنی ئەو هێزەوە بۆ (باس) رای گەیاند، دروستکردنی ئەو هێزە، نایاساییە و کارێکی خراپە کە پەکەکە کردوویەتی، چونکە ئەمن و ئاسایشی هەرێمی کوردستان، بە یاسا بە دەستی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و پۆلیس و ئاسایشەوەیە، گوتیشی: “ئەو هەرێمەی کە هەیە، دەبێت هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بە هەر چوار پارچەکەوە بیپارێزن، دەبێ ئەو لایەنانە بە پەکەکە و حزبەکانی رۆژهەڵاتیشەوە ئەو راستییە بزانن، ئەگەر شوێنێک هەبێت هەموو لایەنەکانی تێدا حەوابێتەوە، ئەوە هەرێمی کوردستانە، لەبەرئەوە دەبێت ئەوانیش بارودۆخەکەی لەبەرچاو بگرن، چونکە تێکدانی بارودۆخی هەرێمی کوردستان، خزمەت بەوانە ناکات، بەپێچەوانە زیانیان پێ دەگات، لەبەرئەوە داوامان ئەوەیە، هەر لایەنێک کە دەیەوێ هێزی چەکدار لەناو هەرێمی کوردستان دروست بکات، دەبێت ئەوە بزانێت کە کارەکەی باش نییە و ئەنجامەکەشی باش نابێت”.

لای خۆشیانەوە، رێڤینگ هرووری، پەرلەمانتاری پارتی و ئەندام لە لیژنەی پێشمەرگە و ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێیەکان، بۆ (باس) جەختی لەوە کردەوە، شوێنی مەیدانیی شۆڕشی پەکەکە باکووری کوردستانە و دروستکردنی هێزی نایاسایی بۆ هەرێمی کوردستان دەستدرێژییە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان، گوتی: “خەڵکی هەرێمی کوردستان خاوەنی هێزی پێشمەرگەیە و پێویستی بە هیچ هێزێکی دیکە نییە تا بەرژەوەندییەکانی بپارێزێت، ئەگەر پەکەکە لە توانایدایە با بڕوات بەرژەوەندییەکانی خەڵکی باکووری کوردستان بپارێزێت، ئەوەی بۆ هەرێمی کوردستان دەیکات، نەک هیچی لێ سەوز نابێت، بگرە دواجار بە زیان بەسەر خۆشیدا دەشکێتەوە”.

جەختی لەوەش کردەوە، هەر دەستکەوتێک بەدەست بێت، بە دانوستان بەدەست دێت، باشترە پەکەکە لەجیاتی ئەوەی هێز بۆ هەرێمی کوردستان دروست بکات، چەکەکانی خۆی دابنێت و لەگەڵ تورکیا بڕواتە ناو دانوستان و پڕۆسەی ئاشتییەوە، گوتی: “ئەوەی لەسەر مێزی گفتوگۆ بە ئاشتی بەدەست دێت، بە دروستکردنی سەدان هێزی چەکدار بەدەست نایەت”.