له‌ كه‌ركووك دزینی ئۆتۆمبێل و هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر ماڵان بووه‌ته‌ دیارده‌

رۆژانە 5 ئۆتۆمبێل دەدزرێن

29/06/2019 - 15:02 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

دزینی ئۆتۆمبێل و هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر ماڵان له‌ شاری كه‌ركووك بووه‌ته‌ دیارده‌، به‌ڕێوه‌به‌رى ئاسایشی كه‌ركووك ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، شه‌وانه‌ له‌ كه‌ركووك کەس بەتەمای خۆی نییە.


له‌م باره‌یه‌وه‌، ئیدریس ره‌فعه‌ت، به‌ڕێوه‌به‌رى ئاسایشی كه‌ركووك، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "هۆكارى سه‌ره‌كیى دزینی ئۆتۆمبێل و هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر ماڵان بووه‌ته‌ دیارده‌ له‌ كه‌ركووك، بۆ داموده‌زگا ئه‌منییه‌كانى ئێستاى شاره‌كه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ خۆیان به‌ خاوه‌نى شاره‌كه‌ نازانن و خه‌مخۆر نیین، شه‌وانه‌ له‌ كه‌ركووك هه‌ڵده‌كوترێته‌ سه‌ر ژماره‌یه‌ك ماڵ و هه‌روه‌ها دزینی ئۆتۆمبێل بووه‌ته‌ كارى رۆژانه‌".


روونیشى كرده‌وه‌، ئه‌و كه‌سانه‌ى هه‌ڵده‌كوتنه‌ سه‌ر ماڵان ده‌مامكدران، ئیتر كه‌س نازانێ كارمه‌ندانى هێزه‌ عێراقییه‌كانن، یان خه‌ڵكى ترن، له‌ هه‌موو حاڵه‌تێكدا شه‌وان كه‌س به‌ته‌مای خۆی نییه.


سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگاداریش له‌ كه‌ركووك بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "به‌شێك له‌وانه‌ى هه‌ڵده‌كوتنه‌ سه‌ر ماڵان له‌ گه‌ڕه‌كه‌ جیاجیاكانى كه‌ركووك سه‌رانی میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبین كه‌ ئێستا خۆیان شاره‌كه‌یان به‌ده‌سته، ئه‌وان ده‌مامك ده‌كه‌ن و به‌ ئۆتۆمبێلی به‌رز و بێ ژماره‌ هه‌ندێك جار به‌ناوى پشكنینه‌وه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ى خۆیان به‌ خاوه‌ن ماڵه‌كان بناسێنن، ده‌ست به‌ پپشكنینی ماڵان ده‌كه‌ن، ئیتر زێڕ و پاره‌، یاخود هه‌ر شتێكى دیكه‌ى گه‌رانبه‌هایان ده‌ست بكه‌وێت بۆ خۆیانی ده‌به‌ن".


سه‌رچاوه‌كه‌ ئاشكراشی كرد، له‌ كه‌ركووك رۆژانه‌ زیاتر له‌ پێنج ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان له‌ گه‌راجه‌كانى راگرتنی ئۆتۆمبێل ده‌دزرێت و له‌پێش ده‌رگاى ماڵان و ته‌نانه‌ت له‌ناو حه‌وشه‌ى ماڵانیش، ئێستاش به‌شێوه‌یه‌كى كۆمپیته‌رى ئاسانكارییه‌ك هه‌یه‌ بۆ ئیشپێكردنی ئۆتۆمبێل، دۆخه‌كه‌ واى لێ هاتووه‌ وه‌ك پێشتر خه‌ڵك ناوێرێت له‌ بازاڕ، یاخود گه‌راجه‌كانى ڕاگرتنی ئۆتۆمبێل، ئۆتۆمبێلی خۆی رابگرێت، به‌تایبه‌ت ئۆتۆمبێله‌ گرانبه‌ها و به‌رزه‌كان و له‌ولاشه‌وه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان كه‌مته‌رخه‌من و به‌دواى دز و جه‌رده‌كاندا ناگه‌ڕێن، تاوه‌كوو ده‌ستگیریان بكه‌ن.


به‌پێی زانیارییه‌كانى (باس)، کە له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كى پۆلیسه‌وه‌ وه‌ری گرتوون‌، له‌م چه‌ند شه‌وه‌ى رابردوودا له‌ یه‌ك شه‌ودا سێ ئۆتۆمبێل له‌ كه‌ركووك دزراون، به‌شێوه‌یه‌ك له‌ گه‌ڕه‌كى ره‌حیماواى كه‌ركووك ئۆتۆمبێلێكى جۆری كیای بارهه‌ڵگرى ره‌نگ سیپیی مۆدێل 2018، كه‌ ساڵانه‌كه‌ى به‌ ناوى ئه‌نجام كه‌ریم محه‌مه‌د له‌لایه‌ن دوو كه‌سه‌وه‌ دزراوه‌، هه‌روه‌ها له‌ گه‌ڕه‌كى موسه‌ڵڵای كه‌ركووك ئۆتۆمبێلێكى جۆری ئۆمیگا، ڕه‌نگ سوور كه‌ ساڵانه‌كه‌ى به‌ناوى سه‌عه‌د مه‌حمود حه‌مه‌دە، دزراوه‌. هاوكات له‌ گه‌ڕه‌كى بارووتخانه‌ى كه‌ركووك ئۆتۆمبێلێكى جۆری كیای بارهه‌ڵگر، ره‌نگ سپی كه‌ ساڵانه‌كه‌ى به‌ناوى عه‌لی ئه‌حمه‌د حه‌سه‌نه‌، دزراوه‌.


له‌م باره‌یه‌وه‌، ره‌سووڵ ره‌ئوف، به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندى كه‌ركووكی حزبی سۆشیالیست دیموكراتی كوردستان، ڕای گه‌یاند: "قۆناخه‌كانى فشاركردن له‌سه‌ر دانیشتوانى كه‌ركووك به‌گشتی و كورد به‌شێوه‌یه‌كى تایبه‌تى به‌ چه‌ند هه‌نگاوێك گیراوه‌ته‌ به‌ر، ماوه‌یه‌ك پێش ئێستا ده‌ست به‌سه‌ر موڵك و ماڵی جووتیارانی كورددا ده‌گیرا، پاشان كاتى دروێنه‌كردنى ده‌غڵودان ئینجا به‌رهه‌مەكانیانیان ده‌سووتاند، هه‌روه‌ها پێشتریش هاتنی عه‌ره‌بی هاورده‌ و ئێستاش لە ‌گه‌ڕه‌كه‌ كوردییه‌كان هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر ماڵان و دزینى ئۆتۆمبێل بووه‌ته‌ دیار‌ده‌، ئه‌مه‌ش یه‌كێكه‌ له‌ قۆناخه‌كانى تر، كه‌ ئه‌وه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌یه‌، كه‌ كه‌ركووك به‌ حوكمى سه‌ربازى ده‌ڕواته‌ ڕێوه‌، ده‌بوو ئه‌گه‌ر له‌ رێگاى په‌یڕه‌وكردنى یاسای مه‌ده‌نى بوایه‌ رێگه‌ له‌و دیاردانه‌ ده‌گیرا، به‌ڵام ئێستا ئه‌و دیاردانه‌ بە ‌پلان و به‌رنامه‌ ئه‌نجام ده‌درێن، بێ گومان ئه‌مه‌شیان فشاركردنه‌ له‌سه‌ر دانیشتووانى كه‌ركووك و ده‌ستێك هه‌یه‌، كه‌ هیچ كاتێك ناهێڵن خه‌ڵكى كه‌ركووك بێ كێشه‌ بن".


ڕاشی گه‌یاند، دۆخه‌كه‌ واى كردووه‌ كوردى شاره‌كه‌ زۆر بێزارن‌ و خه‌ڵكانێك هه‌ن هه‌وڵ ده‌ده‌ن خۆیان له‌و دۆخه‌ ده‌رباز بكه‌ن و به‌ره‌و هه‌رێم بێن، بۆ ژیانێكى باشتر، كه‌ ئێستا كۆچی دانیشتوانى كوردى كه‌ركووك جارێكى تر به‌ره‌و شاره‌كانى تر ده‌ستی پێ كردووه‌ته‌وه‌، چونكه‌ له‌ رووى ئه‌منییه‌وه‌ شاره‌كانى هه‌رێم دۆخیان سه‌قامگیره‌، له‌ كه‌ركووك سه‌روماڵی هاووڵاتییان پارێزراو نییه‌ و له‌ملاشه‌وه‌ هه‌وڵی جدیی نییه‌ بۆ لابردنى ده‌سه‌ڵاتى سه‌ربازى له‌ كه‌ركووك، بۆ ئه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى كوردى بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ شاره‌كه‌، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌، كه‌ ئێستا سه‌رده‌مى ته‌كنه‌لۆژیای پێشكه‌وتووه‌ و كامێرای چاودێی له‌ زۆربه‌ى شوێنه‌ گشتییه‌كان و كۆڵانه‌كان هه‌یه‌ و به‌ئاسانى ده‌توانن دزه‌كان له‌ كه‌ركووك بدۆزنه‌وه‌، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ نه‌كه‌ن هه‌ڵبه‌ته‌ به‌ مه‌به‌ست نایكه‌ن.