ئەگەرەكانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە توركیا

29/06/2019 - 12:11 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

ئەنجامی هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ئیستەنبۆڵ بۆ ئاكەپە، كاریگەرییەكی زۆر خراپی لەسەر دەروونی بەرپرسان و لایەنگرانی ئەو پارتە دروست كردووە، چونكە ئەكرەم ئیمامئۆغلو كاندیدی هاوپەیمانی میللەت، بە جیاوازیی ٨٥٠ هەزار دەنگ بە پێش بیناڵی یلدرم كاندیدی هاوپەیمانی كۆماری كەوت، بۆیە پرسی هەڵبژاردنی پێشوەختە هاتووەتەوە بەرباس.

 

جەهەپە كە براوەی هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ئیستەنبۆڵ و ئەنقەرەیە، پێی باش نییە توركیا بچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە، چونكە ئەو ستراتیژییەتەی دایڕشتووە بۆ ئێستا نییە، بەڵكوو بۆ چەند ساڵی داهاتووە.

 

ئەكرەم ئیمامئۆغلو سەرۆكی هەڵبژێردراوی شارەوانیی ئیستەنبۆڵ، لەلایەن جەهەپەوە ئامادە دەكرێت تا لە ٢٠٢٣ لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی كۆماری توركیا ببێتە كاندیدی جەهەپە، لە ئێستاشەوە ئامادەی دەكەن.

 

ئیمامئۆغلو كەسێكە لە ماوەی ٣ مانگی رابردوودا ناوبانگی لە توركیا و جیهاندا دەركرد، هەروەها تاكوو ئێستا نازانرێت لە كاروباری ئیدارە و بەڕێوەبردنی ئیستەنبۆڵدا چۆنە، بۆیە ئەگەر توركیا بچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە، ئیمامئۆغلو ئێستا ناتوانێت شان لە شانی رەجەب تەیب ئەردۆغان بدات، بۆیە جەهەپە دەیەوێت تا ٢٠٢٣ ئیمامئۆغلو وەكوو سەرۆكی شارەوانی خۆی بسەلمێنێت، ئەوكات بهێننە مەیدان و ركابەری ئەردۆغانی پێ دەكەن.

 

ئاكەپەش بە هەمان شێوە بەرچاوی روون نییە ئەگەر توركیا بچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە، ئاخۆ دەتوانێت وەكوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆكایەتی ٢٤ی حوزەیران سەركەوتن بەدەست بهێنێت، چونكە قەیرانی دارایی لە توركیا لە بەرژەوەندیی ئاكەپە نییە، یەكێك لەو هۆكارانەش وای كرد ئاكەپە لە ئیستەنبۆل و ئەنقەرە شكست بهێنێت، قەیرانی دارایی بوو.

هەدەپە و مەهەپەش بە هەمان شێوە پێیان باش نییە توركیا بچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە و ئەوان پێیان باشە تا ٢٠٢٣ وڵات بەم شێوەیەی ئێستا بەڕێوە ببرێت.

 

توركیا چۆن دەچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە؟

دوو ئەگەر وا دەكەن توركیا بچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە، لەو دووە ئەگەر یەكێكیان روو بدات، لە دەسەڵاتی هیچ لایەنێكدا نییە و هەڵبژاردنی پێشوەختە لە دەرگای توركیا دەدات.

 

١. عەلی باباجان جێگری سەرۆكوەزیرانی پێشووی توركیا و وەزیری دارایی پێشوو، بە نیازە لە پاییزی ئەمساڵدا پارتێكی تازە دابمەزرێنێت. ئەو پارتەش هەموو ئەو دروشمانە بەرز دەكاتەوە، كە لە ٢٠٠٢ ئەكەپە بەزری كردبوونەوە، بۆیە دەیەوێت ببێتە جێگیرەوەی ئاكەپە. بە گوێرەی زانیارییەكانیش ٤٠ بۆ ٤٥ ئەندام پەرلەمانی ئاكەپەی لەگەڵدایە. هەروەها ئەحمەد داودئۆغلوش بە هەمان شێوە بە نیازی دامەزراندنی پارتێكی تازەیە، ئەویش ٣٥ بۆ ٤٠ ئەندام پەرلەمانی ئەكەپەی لەگەڵدایە، بۆیە بە دامەزراندنی ئەو ٢ پارتە، ئەكەپە لەناو پەرلەمان زۆرینە لە دەست دەدات، تەنانەت ئەگەر مەهەپەی هاوپەیمانیشی لەگەڵیدا بمێنێتەوە ژمارەی كورسییەكانی ناگاتە ٣٠١، بۆیە لەو ئەگەرەدا توركیا دەچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە.

 

٢. ئەگەر بێت و هاوپەیمانی نێوان ئەكەپە و مەهەپە هەڵبوەشێتەوە، لەو ئەگەرەشدا ئاكەپە زۆرینە لە دەست دەدات و ژمارەی كورسییەكانی دەبێتە ٢٩٤ لە كۆی ٦٠٠ كورسی پەرلەمان. لەو ئەگەرەشدا گە ئەكەپە زۆرینەی لە دەستدا، دەسەڵاتەكانی سەرۆك كۆماری توركیا كەم دەبنەوە و سنووردار دەبن، بۆیە ئەردۆغان قبووڵی ناكات دەسەڵاتەكانی كەم ببنەوە لە سیستەمی كۆماریدا، بۆیە بە ناچاری توركیا دەچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە.