نەوەکانی داعش.. بەرمیلە بارووتەکەی عێراق

رێکخراوێکی نەرویجی: 45 هەزار منداڵی داعش لە عێراقدا هەن

27/06/2019 - 16:16 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

بەپێی ئەو زانیارییانەی رێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان لە راپۆرتەکانیاندا ئاماژەیان پێ کردووە، بەشێکی ئەو منداڵانەی لەدوای کەوتنی داعش بەجێ ماون، هیچ ناسنامەیەکیان نییە، نازاندرێت ئەو منداڵانە بە رەچەڵەک سووریایین یان عێراقی، چونکە باوکەکانیان نادیارن و هیچ بنەمایەکیش نییە بۆ تۆمارکردنیان بەناوی کەسێکی دیاریکراوەوە، تەنانەت بەشێکی ئەو منداڵانە خۆیشیان باوکی خۆیان نەبینیوە و نازانن منداڵی کێن.


بەپێی بەدواداچوونەکان، زۆر لەو منداڵانە بێ بەڵگەنامەن، چونکە باوکە تیرۆیستەکانیان یان کوژراون، یان بۆ شوێنی نادیار هەڵاتوون، یاخود لە کاتی شەڕەکاندا بۆ دەرکردنیان لەو ناوچانەی داگیریان کردبوو، ون بوون.


هەر بۆیە دەستنیشانکردنی باوکیان سەختە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی دەرکردنی بەڵگەنامەی یاسایی ببێتە ئاستەنگێک، چونکە تۆمارکردنی منداڵێک، کە لە باوک یان دایکێکی چەکداری داعش لەدایک بووبێت، لە ڕووی یاساییەوە ئەستەمە، چونکە گرێبەستە هاوسەرگیرییەکە لەلایەن لایەنێکی نایاساییەوە دەرکراوە.


چارەسەر بۆ ئه‌م کێشەیە لە چوارچێوەی دەستووری عێراق و سیستمی یاساییدا چه‌سپێنراوه‌، کە مافی هاووڵاتیبوون دەداتە هەر منداڵێک، کە لە دایکێکی عێراقی بێت.


لە سەرەتای مانگی 5ی 2019 رۆژنامەی (تایمز)ی بەریتانی ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە 45 هەزار منداڵ لە ناوچەکانی پێشووی ژێر کۆنتڕۆڵی داعش لەدایک بوون و بوونەتە بۆمبێکی تەوقیتکراو بۆ ئێستا و داهاتووی عێراق.


هاوکات ئەنجومەنی پەنابەرانی نەرویجی رای گەیاند، چارەنووسی ٤٥ هەزار منداڵی داعش لە کەمپی ئاوارەکانی عێراق بەنادیاری ماوەتەوە و هیچ ناسنامەیەکیان نییە.


ئەنجومەنی پەنابەرانی نەرویجی، کە ڕێکخراوێکی مرۆییە، لە ڕاپۆرتێکیدا ئاماژەی بەوەش کردووە، گەر ئەو منداڵانە لەلایەن کۆمەڵگای عێراقییەوە ڕەت بکرێنەوە، ئەوا لە خوێندن و پێداویستیی تەندروستی و مافە سەرەتاییەکانیان بێبەش دەکرێن.


تاریق حەرب، پسپۆڕی یاسایی و سەرۆکی رێکخراوی کولتووریی یاسایی رای گەیاندووە: "منداڵان، کە دایکیان عێراقی بێت و باوکیان بیانی، مافی بەدەستهێنانی هاووڵاتیبوونیان هەیە، چونکە دەستوور و یاسای عێراق دایک وا دەبینێت، کە مافی ئەوەی هەیە نەتەوەی خۆی بۆ منداڵەکەی بگوێزێتەوە".


گوتیشی: لەحاڵه‌تێکدا ئه‌گه‌ر ئەو بەڵگەنامەیە ون بووبێت، دەتوانێت دوو شایەت بهێنێت تا لەبەردەم دادوەردا گەواهیی دروستیی هاوسەرگیریی نێوان دوو کەسەکە لە به‌روارێکی دیاریکراودا بدەن، ئەوەش کە ئەوان دایک و باوکی ئەو منداڵە، یاخود منداڵانەن، کە کێشەکەیان هەیە و باوکەکەش مردووە یان ون بووە.


دەلال حەسەن غەڕاوی، پەرلەمانتاری عێراق بە (باس)ی راگەیاند: "پێویستە لە رووی دەروونی و کۆمەڵایەتییەوە دۆخێکی لەبار بۆ ئەو منداڵانە بڕەخسێندرێت و دوور بخرێنەوە لە بیری توندڕەوی، هەروەها لە رووی یاساییەوە کێشەکانیان چارەسەر بکرێن".


باوەڕیشی وایە، ئەگەر ئەو رێکارانە نەگیرێنە بەر، ئەوا ئەو منداڵانە دەبنە بۆمبێکی داندراو و هەر کاتێک گرووپە تیرۆرستییەکان بیانەوێ بیانتەقێننەوە دەتوانن بیکەن.


چالاکوانان دەڵێن، جیا لە ئاستەنگە یاساییەکان، کێشەی کۆمەڵایەتی و دەروونی هەیە کە دەبێت چارەسەر بکرێن، تا دڵنیایی بدرێت لە تەندروستیی منداڵان و مافەکانی هاووڵاتیبوونیان.


لەیلا عومەر، چالاکوانی مافی مرۆڤ بە (باس)ی راگەیاند، زۆربەی هاوسەرگیری لەنێوان ژنانی عێراقی و پیاوانی داعشدا بە زەبری هێز بووە، بەڵام ژنان و منداڵان دەکرێت لەلایەن خێزان یان ئەندامانی خێڵەوە رووبه‌ڕووی دۆخی نەخوازراو ببنەوە، گوتی: "ئەمە کێشەیەکی ئاڵۆزە و چارەسەرکردنی ئاسان نییە، بەڵام لەکۆتاییدا ناتوانین ئەم منداڵانە بەبێ بەڵگەنامەی فەرمی بۆ باری کەسێتی بهێڵینەوە".


لەیلا، کە ئه‌ندامی تۆڕی باڵوێزانی دارولسەلامه‌ و لە مووسڵ کار دەکات، گوتیشی: "بۆ بەرگرتن لەم کێشەیە لەگەڵ حکوومەت و یونیسێف کار دەکەین و ئێستا پرۆژەی هاوبەشمان هەیە بۆ دەرکردنی بەڵگەنامەی لەدایکبوون بۆ 2 هەزار و 500 منداڵی زیانبەرکەوتوو بەهۆی شەڕەوە لە خۆرئاوای مووسڵ".


جەختیشی کردەوە، بۆ منداڵانی داعش دوو رێگە هەیە: “یان لەژێر ناوی دایکیاندا تۆمار بکرێن، یان بەڵگەنامەی هاوسەرگیریی فەرمی بەدەست بهێنن، کە ناوی راستەقینەی باوکیانی تێدابێت”.


بەگوێرەی قەبڵاندنی ئه‌ندامەکەی تۆڕی باڵوێزانی دارولسەلام، 10 هەزار منداڵ لە مووسڵ کێشەی ناسنامەیان هەیە و منداڵانی داعشن.


لەیلا عومەر بە پێویستی دەزانێت، وەک کۆمەلگە و حکوومەت ئەم منداڵانە لەخۆ بگرین تا نەبنە نێچیرێکی ئاسان بۆ تیرۆریستان و تاوانباران و قاچاخچییانی مرۆڤ.