حه‌شدى شه‌عبی نه‌وتى كه‌ركووك و خانه‌قینیش ده‌دزێت

نه‌وته‌كه‌ى كه‌ركووك له سلێمانییه‌وه‌ و ئه‌وه‌ى خانه‌قینیش له‌ مه‌نده‌لییه‌وه ده‌برێتە ئێران

27/06/2019 - 16:09 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

میلیشیاكانی حه‌شدى شه‌عبی، نه‌وتى كه‌ركووك و خانه‌قین به‌ تانكه‌ر به‌ره‌و ئێران ده‌به‌ن. ئه‌ندامێكى پێشووى په‌رله‌مانى عێراق ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، دیكۆمێنتمان پێشكه‌شی ئه‌مەریكا و یوو ئێن و ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق له‌سه‌ر دزینى نه‌وتى كه‌ركووك كردووه‌.


له‌م باره‌یه‌وه‌، شاخه‌وان عه‌بدوڵا، ئه‌ندامی پێشووى په‌رله‌مانى عێراق، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "سه‌باره‌ت به‌ دزینی نه‌وتى كه‌ركووك بۆ ئێران، ئێمه‌ ئه‌و بابه‌ته‌مان به‌ ئه‌مەریكا و یوو ئێن و ده‌سه‌ڵاتدارانى عێراق باس كردووه‌ و به‌ دیكۆمێنت پێمان داون".


گوتیشی: ”ئێستا به‌شێك له‌ نه‌وتى كه‌ركووك به‌ تانكه‌ر ده‌برێت بۆ باشوورى عێراق، له‌وێش هێڵێكى تایبه‌تیان بۆ دانراوه كه‌ له‌ كوێ نه‌وته‌كه‌ به‌تاڵ ده‌كه‌ن و پاشان ده‌یبه‌ن بۆ ئێران، به‌ڵگه‌ى ته‌واومان له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ هه‌یه‌ و ئێستا نه‌وتى كه‌ركووك به ئاشكرا ده‌دزرێت، ته‌نانه‌ت لایه‌نى عێراقییش ئاگادارى دزینى نه‌وتى كه‌ركووكن“.


ئاشكراشی كرد، زۆر لایه‌ن ده‌ستیان له‌ دزینى نه‌وتى كه‌ركووكدا هه‌یه‌.


پێوه‌ند به‌م باسه‌، ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌رى، سه‌رۆكى لیژنه‌ى نه‌وت و غاز له‌ ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك، پێشتر بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "ئێستا به‌رپرسانى ئیداریى كه‌ركووك ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ داموده‌زگا ئه‌منییه‌كانى كه‌ركووك زۆر تۆكمه‌ن، به‌تایبه‌ت به‌رپرسانی عه‌ره‌ب و توركمانیش باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ دۆخى كه‌ركووك ئارامه‌، له‌ولاشه‌وه‌ ده‌بینین كه‌ بۆڕییه‌كانى نه‌وت كون ده‌كرێن و نه‌وتى كه‌ركووك ده‌برێت، ئیتر نازانین ئه‌و ده‌زگا ئه‌منییانه‌ له‌ كوێن و بۆ ڕێگه‌ له‌و كرده‌وه‌یه‌ ناگرن. ئێستا له‌ كه‌ركووك فه‌وزایه‌كى ئه‌منى هه‌یه‌ و هیچ شوێنێكى ئه‌منیش نییه‌ تاوه‌كوو خه‌ڵك سكاڵاى بۆ به‌رێت، ئه‌و هێزانه‌ى هاتوون بۆ كه‌ركووك فره‌ ده‌سه‌ڵاتن، تیایاندا هه‌یه‌ سه‌ر به‌ وه‌زارتى به‌رگرییه‌ و هه‌شه‌ سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تى ناوخۆیه‌ و هه‌یه‌ سه‌ر به‌ حه‌شدى شه‌عبییه‌ و هه‌یه‌ سه‌ر به‌ ئه‌مەریكا و توركیا و ئێرانه‌، ئه‌وان هاوئاهه‌نگیی له‌نێوانیاندا نییه‌ و كه‌سیش نییه‌ بڵێت خاوه‌نى ئه‌و شاره‌ین، ئه‌وه‌ وای كردووه‌، كه‌ جۆرێكه‌ له‌ فره‌ كوێخایى، كه‌ ده‌سه‌ڵاته‌كان دابه‌ش بن و هێزێكى یه‌كگرتوو له‌ شاره‌كه‌ نه‌بێت".


له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى له‌ سه‌رجه‌م كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانى كه‌ركووك دزینى نه‌وت هه‌یه‌؟ ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌رى گوتی ”رۆژانه‌ ده‌بینرێ بۆڕیی نه‌وت كون ده‌كرێت و نه‌وتى شاره‌كه‌ ده‌برێت و هیچ شاراوه‌ نییه‌، به‌ڵام هه‌رگیز نه‌مانبینین بڵێن ئه‌وا دوو كه‌سمان له‌ كاتى دزینى نه‌وت ده‌ستگیر كرد، ئێستا هیچ زانیارییه‌كى ئه‌منى له‌سه‌ر ئه‌و كێڵگانه‌ى نه‌وت نییه‌، هه‌روه‌ها ئه‌و هێزانه‌ى هێنراون بۆ كه‌ركووك به‌ شتى تره‌وه‌ سه‌رقاڵن، به‌ لایه‌نه‌ ئه‌منییه‌كه‌وه‌ سه‌رقاڵ نیین و ته‌نیا خه‌ریكى به‌حزبیكردنى خه‌ڵك و به‌چه‌كداركردنیانن، ئینجا له‌نێو ئه‌و چه‌كدارانه‌ دز و جه‌رده‌شی تێدایه‌ و خه‌ڵكیش هه‌یه‌ دزی ده‌كات و ده‌ستگیر ناكرێت“.


سه‌باره‌ت به‌ داهاتی نه‌وتی دزراوى كه‌ركووك بۆ كوێ ده‌ڕوات، سه‌رۆكى لیژنه‌ى نه‌وت و غاز له‌ ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك، گوتی: ”نه‌وتى كه‌ركووك خه‌ڵكه‌كه‌ى سوودى لێ نابینێ و داهاتى نه‌وته‌ دزراوه‌كان بۆ میلیشیا و چه‌كدار و لایه‌نى ئه‌منیی تر ده‌ڕوات، نه‌ك بۆ ده‌وڵه‌ت، به‌پێی كارى فه‌رمى بێت، ده‌بێت وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراق نه‌وت بیفرۆشێت به‌ سۆمۆ و سۆمۆش پاره‌كه‌ى راده‌ستى عێراق بكاته‌وه‌ و وه‌زاره‌تى دارایی عێراقیش رای بگه‌یه‌نێ، كه‌ مانگانه‌ ئه‌وه‌نده‌ نه‌وتى كه‌ركووكمان فرۆشت، به‌ڵام ئێستا كه‌ بۆڕی كون ده‌كرێت، دیاره‌ هه‌ر بۆ دزینى نه‌وته‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر حكوومه‌ت نه‌وت بفرۆشێ، خۆ ده‌چێت له‌ به‌لووعه‌ى سه‌ره‌كییه‌وه‌ نه‌وت ده‌درده‌هێنێ.


لە لایەکی ترەوە، به‌پێی زانیارییه‌كانى (باس)، ماوەیه‌كه‌ میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبی نه‌وتى سنوورى ناوچه‌ كوردستانییه‌كانى دیاله‌ به‌ره‌و ئێران ده‌به‌ن.


هه‌ر به‌پێی زانیارییه‌كان، نه‌وته‌كه‌ى سنوورى ناوچه‌ كوردستانییه‌كانى دیاله‌ هاوشێوه‌ى كه‌ركووك له‌ ده‌روازاى مه‌نده‌لییه‌وه‌، به‌ تانكه‌ر به‌ره‌و ئێران ده‌برێت.


له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌، عامر ره‌فعه‌ت، ئه‌ندامى پێشووى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى دیاله‌، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "به‌شێك له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كانى دیاله‌ بووه‌ته‌ ناوه‌ندی بازرگانى بۆ حه‌شدى شه‌عبی و ئێستا میلیشیاكان نه‌وتی نه‌فتخانه‌ى سنوورى خانه‌قین به‌ره‌و ئێران به‌ قاچاخ ده‌بن، ئێستا له‌ سنوورى مه‌نده‌لی ده‌روازه‌یه‌كى سنووریى لێیه‌ له‌گه‌ڵ ئێران و ئه‌و ده‌روازه‌ بووه‌ته‌ ناوه‌ندێكی بازرگانى بۆ میلیشیاكان و ئه‌وه‌نده‌ بایه‌خیان به‌و ده‌روازه‌یه‌ داوه‌، ئه‌وه‌نده‌ بایه‌خیان به‌ مه‌نده‌لی نه‌داوه‌".


گوتیشی: ”له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كان میلیشیاكان سه‌رقاڵی بازرگانیى خۆیانن و ئه‌وان ئێستا ناوچه‌كه‌ له‌ژێر كۆنترۆڵی خۆیاندایه‌ و ئه‌و دۆخه ناله‌باره‌ى دروستیان كردووه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندییاندایه‌.