كرانەوەی توركیا بە ڕووی كورد لە كۆنسێرتی حاجۆوە تا فیلمە قەدەخەكەی هونەر سەلیم

 

26/06/2019 - 22:52 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

دوابەدوای سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا و پێشوازی لێكردنی لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەركۆمارەوە، یەكێك لە فیلمە هەرە بەناوبانگەكانی هونەر سەلیم كە تا ئەو كاتە لە وڵاتەكەدا قەدەخە كرابوو، ڕێگە بە نمایشكردنی درا.


لە ٢٠٠٢دا كاتێك ئاكپارتیی دەسەڵاتدار هاتە سەر دەسەڵات، سەرەتا مامەڵەیەكی نەرمی لەگەڵ پرسی باكووری كوردستاندا كرد، لە كرانەوەی كولتوورییەوە دەستی پێكرد و رێگەی دا زمانی كوردی لە پاڵ زمانی توركیدا قسەی پێ بكرێت و چیتر قەدەخە نەبێت.


رەجەب تەیب ئەردۆغان لە ٢٠٠٥ لە ئامەد وتارێكی پێشكەش كرد و گوتی ”لە توركیا كێشەی كورد هەیە، دەبێت ئەو كێشەیە لەسەر دەستی ئاكپارتی چارەسەر بكرێت“ ئیدی لە باكوور گۆرانیبێژانی كورد، گۆرانی كوردیان تۆمار كرد و كتێب بە كوردی چاپ كرا و رێگەش درا چەند رۆژنامەیەك لە توركیا بە زمانی كوردی دەربچن وەكو (گوندەم، رۆژنامەی باس).


لە ٢٠٠٣ جوان حاجۆ یەكەم كۆنسێرتی لە باتمان ئەنجام دا، واتە یەكەم گۆرانیبێژ بوو كە لەلایەن حكوومەتەوە بە فەرمی رێگەی درا كۆنسێرت ساز بكات و بە كوردی گۆرانی بچڕێت. هەندێك دەڵێن ١٠٠ هەزار كەس ئامادەی كۆنسێرتەكە بوون، بەڵام چەند میدیایەكی توركیا باس لە ئامادەبوونی ٣٠٠ هەزار كەس دەكەن، چونكە دوای كۆنسێرتەكەی سەدان كەس لە هۆتێلەكاندا مانەوە و ئەو رۆژە باتمان قەرەباڵخیەكی زۆری بەخۆوە بینی.


جوان حاجۆ دوای كۆتایی هاتنی كۆنسێرتەكە دیمانەیەكی لەگەڵ رۆژنامەی (وەتەن)ی توركی ئەنجام دا و لێیان پرسی بۆچی پێشتر كۆنسێرتت لە باكوور ئەنجام نەداوە؟ ئەویش گوتی ”بە هۆی ئەو سیاسەتە خراپەی هەبووە، نەمتوانیوە كۆنسێرت ئەنجام بدەین. ئەوكات زمانی كوردی و میوزیكی كوردی لە توركیا قەدەخە بوو، بەڵام ئێستە توركیا وەكو جاران نیە و بڕوام بەوە هەیە توركیا دەچێتە ناو یەكێتیی ئەورووپاوە، ئەمەش ئەگەر بەم شێوەیە كرانەوە بە خۆیەوە ببینێت“.


دوای كۆنسێرتەكە، زۆربەی میدیاكانی توركیا قسەیان لەسەر كرد، وەكو هەواڵ و رێپۆرتاژ گرنگیان بەو كۆنسێرتەدا، بەڵام ئەوكاتیش نەژادپەرستەكان رەخنەی توندیان لە حكوومەت گرت و گوتیان ئەمە دان پێدانانە بە كورد و ئەنجامەكەی خراپ دەبێت.


هەر لە ساڵی ٢٠٠٨، حكوومەتی ئاكپارتی لە رێگەی كردنەوەی تەلەڤزیۆنی TRT كوردی، هەنگاوێكی گەورەتری نا بۆ كرانەوەی توركیا بەرامبەر بە كێشەی كورد، چونكە پێشتر بە هەموو شێوەیەك كردنەوەی تەلەڤزیۆن بە زمانی كوردی قەدەغە بووە و، زمانی كوردی هیچ حیسابێكی بۆ نەكراوە.


هەر لەو ساڵەدا بوو، رێگە درا كاسێت و گۆرانییەكانی شڤان پەروەر لە توركیا بفرۆشرێت و گوێی لێ بگیرێت. لەناو بازاڕی تەقسیم لە ئیستەنبۆڵ، باكوورییەكان گۆرانی (وا هاتن پێشمەرگێ مە)ی پەروەریان لێ دەدا و دڵیان زۆر پێی خۆش بوو.


فیلمی سینەمایی (دار ئەلبیسە) واتە (پۆشاكی تەسك)، كە دەرهێنەری بەناوبانگی كورد هونەر سەلیم كاری دەرهێنانی بۆ كردووە، چەندین ئەكتەری بەناوبانگی توركیا بەشدارن تێیدا وەكو (توبا بیوكئوستوون)، لە توركیا قەدەخە كرابوو، بەڵام بە بڕیاری وەزارەتی رۆشنبیری ئەو وڵاتە ئێستا فیلمەكە لە سینەماكانی توركیا نیشان دەدرێت.


هەروەها لە ٢٤ی ئەم مانگەدا، لە كەناڵی ئاسمانی (star tv)_ی توركی پەخش كرا و بینەرێكی بێوێنەی هەبوو. ئەمە جگە لەوەی ئەم فیلمە بە لای باكوورییەكانەوە ئەوەندە جێی سەرنج بوو، لە تویتەر باسوخواسێكی گرنگی باكوورییەكان بوو.


ئەو فیلمە لە ٢٠١٦ بەرهەم هاتووە، بە یەكێك لە بەرهەمە باشەكانی سەلیم دادەنرێت، ئەمەش بە گوێرەی گوتەی رەخنەگرانی سینەمای توركیا، بەڵام بە هۆی ئەوەی دەرهێنەرەكەی كورد بوو و، فیلمەكەش گرنگییەكی زۆری بۆ كلتووری كورد هەیە، بۆیە لە توركیا قەدەغە كرا. بەڵام لەگەڵ چوونی نێچیرڤانی بارزانی بۆ توركیا وەكو سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئیدی لەو رۆژەدا فیلمەكەی هونەر سەلیم قەدەغەكردنی نماییشی لەسەر هەڵگیرا و، رێگە درا لە تەواوی سینەماكانی توركیا نماییش بكرێت، بۆیە دەكرێت بڵێیت زۆر جار هونەر بە هەموو بوارەكانییەوە، ئاماژەی سیاسی گرنگن بۆ هەر نەتەوە و وڵاتێك.

دوای ئەوەی ئەكەپە سەرۆكی شارەوانی ئیستەنبۆڵی دۆڕاند و، زانی دەنگی كورد بوە وای كرد ئەكەپە شكست بهێنێت، بۆیە دەیەوێت كرانەوە بەرووی كورددا دەست پێ بكات، وەكو چۆن لە ٢٠٠٢ ئەنجامی دا.

یەكەم كرانەوەی ئەكەپەش دوای شكستەكەی لە ئیستەنبۆڵ، هەڵگرتنی قەدەغەكردنی فیلمەكەی هونەر سەلیم بوو، بەڵام لە داهاتوو هەنگاوی تریش بە دی دەكرێت.

جەهەپە كە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیایە، پێی باشە زمانی كوردیش وەكو زمانەكانی تری توركیا بخوێندرێت و رێگە بدرێت كورد بە زمانی دایك بخوێنێت. ئەمەش دوای ئەوەی جەهەپە بۆی دەركەوت دەنگی كورد لە ئیستەنبۆڵ هۆكار بوو كە سەرۆكی شارەوانی ببەنەوە.

بۆیە ئەكەپەش لە لای خۆیەوە، یەكەم هەنگاوی كرانەوەی كلتوور بەرووی كورددا، لە هەڵگرتنی قەدەغەكردنی فیلمەكەی سەلیمەوە دەست پێكرد و ئێستا هەموو كوردێك دەتوانێت ئەو فیلمە ببینێت و چێژی لێ وەربگرێت.

 

ڕەنگاڵە