راکان جبووری سەرەڕای چەندین کەیسی گەندەڵی چۆن ئازاد کرا؟

به‌رپرسێكی پارتی: دادگاى كه‌ركووك سه‌ربه‌خۆیی له‌ده‌ست داوه‌

26/06/2019 - 17:35 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

هه‌فته‌نامه‌ی (باس) ورده‌كاریى چۆنیه‌تیى ئازادكردنی راكان جبووری. پارێزگارى سه‌پێندراوى كه‌ركووك به‌كه‌فاله‌ت ئاشكرا ده‌كات. دواى ئه‌وه‌ى به‌ تۆمه‌تى گه‌نده‌ڵی سكاڵاى یاسایی له‌سه‌ر تۆمار كرابوو.


دواى ده‌ركردنی فه‌رمانی ده‌ستگیركردن بۆ راكان جبوورى، پارێزگارى سه‌پێنراوى كه‌ركووك به‌ره‌و به‌غدا هه‌ڵات، به‌ڵام رۆژی پێنجشه‌ممه‌ى رابردوو 20/6/2019 گه‌ڕایه‌وه‌ كه‌ركووك و چووه‌ به‌رده‌م دادگا و پاشان به‌كه‌فاله‌ت ئازاد كرا.


سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار له‌ كه‌ركووك، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "دوای ئه‌وه‌ى له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵییه‌كانى، راكان جبوورى فه‌رمانى ده‌ستگیركردنى بۆ ده‌رچوو، به‌ڵام ناوبراو به‌ره‌و به‌غدا هه‌ڵات و هه‌فته‌ی رابردوو له‌ شوێنه‌كه‌ى (پارێزگا) ده‌وامى نه‌كردووه‌، به‌ڵام نیوه‌ڕۆی رۆژی پێنجشه‌ممه‌ 20/6/2019 چووه‌ته‌ دادگای كه‌ركووك و سه‌ره‌تا له‌ دادگا لێكۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و تۆمه‌تانه‌ى، كه‌ ئاراسته‌ى كرابوو، گوته‌ى لێ وه‌رگیرا".


سه‌رچاوه‌ ئاشكراى كرد، راكان جبوورى، به‌مه‌به‌ست به‌ نیوه‌ڕۆ چووه‌ته‌ دادگا، چونكه‌ ئه‌و رۆژه‌ كه‌ پێنجشه‌ممه‌ بووه‌، دوا رۆژی ده‌وام بووه‌ له‌ هه‌فته‌دا و پاشان بۆ ئه‌وه‌ى دادوه‌رى لێكۆڵینه‌وه‌ى كه‌ركووك، كه‌ ناوى سه‌باح مه‌جیده‌ و كورده‌، له‌ پرسی دادگاییكردنه‌كه‌ بكشێته‌وه‌، له‌ ئه‌نجامدا له‌ژێر فشارى عه‌بدولكه‌ریم مه‌فه‌رجی، سه‌رۆكى دادگای كه‌ركووك، ئه‌و دادوه‌ره‌ كورده‌ له‌ دۆسێیه‌كه‌ كشاوه‌ته‌وه‌ و پاشان دۆسێیه‌كه‌ى راكان جبوورى براوه‌ته‌ به‌رده‌م دادوه‌رێكى دیكه‌، به‌ ناوى عومه‌ر عه‌بدولحه‌مید، كه‌ توركمانه‌ و تازه‌ له‌ دادگاى كه‌ركووك ده‌ستبه‌كار بووه‌، ئه‌ویش بڕیاری دا به‌كه‌فاله‌ت ئازادى بكات.


له‌م باره‌یه‌وه‌، مه‌ریوان جه‌لال، به‌رپرسی مه‌كته‌بی راگه‌یاندنى لقی كه‌ركووكى پارتی، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "هه‌ڵبه‌ته‌ دادگاى كه‌ركووك سه‌ربه‌خۆیی له‌ده‌ست داوه‌ و له‌سه‌ر كۆی ئه‌و گه‌نده‌ڵییانه‌ى راكان جبوورى، نه‌یانتوانی فه‌رمانى ده‌ستگیركردنه‌كه‌ى جێبه‌جێ بكه‌ن و ده‌ستگیری بكه‌ن و پاشان سزاى بده‌ن، سه‌ره‌تا كه‌ راكان جبوورى چووه‌ته‌ دادگاى كه‌ركووك، دادوه‌ر سه‌باح مه‌جید، كه‌ كورده‌، پێداگر بووه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى راكان جبوورى له‌سه‌ر ئه‌و سكاڵایانه‌ى لێی كراوه‌ ڕابگیرێ (ته‌وقیف)ی بكات، به‌ڵام له‌ژێر فشاری سه‌رۆكى دادگاى كه‌ركووك، به‌و ته‌وقیفه‌ ڕازى نه‌بووه‌، هه‌ڵبه‌ته‌ كاته‌كه‌ش له‌ سه‌عاتی كۆتایی ده‌وامدا بووه‌، ئینجا دۆسێیه‌كه‌یان بردووه‌ته‌ به‌رده‌م دادوه‌رێكى دیكه‌ى لێكۆڵینه‌وه‌، ئه‌ویش ده‌ستبه‌جێ بڕیاری ئازادكردنى داوه‌ به‌كه‌فاله‌ت".


ڕاشی گه‌یاند، دادگا له‌ژێر فشاردا بڕیاری ئازادكردنى بەکەفالەتی بۆ راكان جبوورى ده‌ركردووه‌ و ده‌سته‌ى نه‌زاهه‌ى كه‌ركووك به‌ڵگه‌ى ته‌واویان له‌به‌رده‌سته‌ له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵییه‌كانى پارێزگارى سه‌پێندراوى كه‌ركووك و ئه‌و دیاره كه‌ پاره‌یه‌كى زۆر و زه‌وه‌ندى بۆ نانخواردن خه‌رج كردووه‌ و گه‌نده‌ڵیی دیكه‌شی له‌سه‌ر هه‌یه‌، هه‌روه‌ها ده‌ستی له‌ ته‌عریب و نانه‌وه‌ى كێشه‌ى جۆراوجۆر هه‌یه‌ له‌ كه‌ركووك، بۆیه‌ ده‌بوو به‌كه‌فاله‌ت ئازاد نه‌كرایه‌، به‌ڵام هه‌ڵبه‌ته‌ به‌ ته‌كتیك ئازاد كرا، به‌ڵام ئه‌مه‌ به‌ واتاى ئه‌وه‌ نییه‌، كه‌ تۆمه‌ته‌كانى له‌سه‌ر لابراوه‌، ده‌كرێ جارێكى تر ببرێته‌وه‌ به‌رده‌م دادگا و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ پێویسته‌ فشارى جه‌ماوه‌رى بكرێت و ئه‌و له‌ په‌رله‌مانیش داواى یاسایی له‌سه‌ر هه‌یه‌، كه‌ له‌ كاتى یاساییدا نه‌چووه‌ له‌ په‌رله‌مان سوێندى یاسایی بخوات، بۆ ئه‌وه‌ى وه‌ك په‌رله‌مانتار ده‌ستبه‌كار بێ.


له‌باره‌ى گواستنه‌وه‌ى دادگاییكردنه‌كه‌ى بۆ شارێكى تر، ئه‌و به‌رپرسه‌ى پارتی گوتی: "ئه‌گه‌ر دادگا سه‌روه‌ر بێت، ئه‌وا یاسا له‌ هه‌ر شوێنێك بێت ده‌بێت جێبه‌جێ بكرێت، به‌ڵام له‌ عێراقدا دیاره‌ كه‌ یاسا سه‌روه‌ر نییه‌، به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌و كه‌س و به‌رپرسانه‌ى، كه‌ سه‌رباز و داموده‌زگا ئه‌منییه‌كان له‌پشتیانه‌.


پێوه‌ند به‌م باسه‌، غه‌فوور ساڵح، جێگرى لێپرسراوى مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركووكى یه‌كێتی، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "سكاڵامان له‌سه‌ر راكان جبوورى تۆمار كردبوو له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵییه‌كانى و پاشان بڕیارى ده‌ستگیركردنى له‌لایه‌ن دادگاوه‌ بۆ ده‌ركرا، به‌ڵام راكان جبوورى، كه‌ ئاماده‌ى به‌رده‌م دادگا بوو و پاشان بڕیارى ئازادكردنى بۆ ده‌رچوو به‌كه‌فاله‌ت، ئه‌وه‌ ئه‌و بڕیاره‌ به‌ده‌ستێوردان ده‌ركراوه‌، ئه‌گینا ده‌بوو ئێستا ئه‌و ئازاد نه‌كرایه‌".


گوتیشی ”ئێمه‌ وازمان له‌ سكاڵاكانامان له‌سه‌ر راكان جبوورى نه‌هێناوه‌ و له‌ شوێنی به‌رزتره‌وه‌ كار له‌سه‌ر دۆسێیه‌كه‌ ده‌كه‌ین، ئه‌وه‌ى كه‌ كرا بۆ ئازادكردنى راكان جبوورى به‌كه‌فاله‌ت، سه‌رۆكى دادگاى كه‌ركووك نه‌بوو، به‌ڵكوو له‌ به‌رزترین ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ له‌ عێراق ده‌ستێوردان كرا، كه‌ ئه‌ویش سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نى باڵاى دادوه‌ریى عێراق بوو“.


پێشتر (باس) چه‌ند به‌ڵگه‌یه‌كى بڵاو كرده‌وه‌ و تێیدا سكرتێره‌كه‌ى راكان جبوورى، كه‌ خزمێكى نزیكى خۆیه‌تى، له‌ ماوه‌یه‌كى دیاریكراوى كه‌مدا زیاتر له‌ 400 ملیۆن دینارى ته‌نیا بۆ نانخواردن خه‌رج كردووه‌، هه‌ر به‌پێی به‌ڵگه‌كان، رۆژی وا هه‌بووه‌ بڕی زیاتر له‌ 7 ملیۆن دیناریان بۆ ژه‌مه‌ خواردنه‌كان خه‌رج كردووه‌، ئه‌وه‌ له‌كاتێكدایه‌، كه‌ به‌پێی یاسای پارێزگاكانى عێراق، هه‌ر پارێزگارێك ساڵانه‌ ده‌توانێت تاوه‌كوو بڕی 12 ملیۆن دینار بۆ نانخواردن له‌ دیوانى پارێزگا خه‌رج بكات.


به‌پێی زانیارییه‌كان، خه‌رجكردن و هێنانى پسووله‌ى نانخواردنه‌كانى راكان جبوورى، زۆربه‌یان وه‌همی بووه‌، له‌و كرده‌وه‌شدا عه‌لی سه‌عید عه‌لی كه‌ سكرتێری خۆیه‌تى، ورده‌كارییه‌كانى ئه‌و گه‌نده‌ڵییه‌ ته‌نیا ئه‌و له‌ خه‌رجكردنى پاره‌ بۆ نانخواردن ده‌زانێت.
بڕیار بوو راكان جبوورى له‌سه‌ر به‌هه‌ده‌ردانی سامانی گشتی و خه‌رجكردنى زیاتر له‌ 400 ملیۆن دینار له‌ ماوه‌ى چوار مانگ بۆ میوانخانه‌كه‌ى دادگایی بكرێت و پاشان سزای زیندانیی بۆ ببڕێته‌وه‌.