نوێنەرانی پێكهاته‌كان: ئومێدمان به‌ كابینه‌کەی مه‌سرور بارزانی زۆرە

 

25/06/2019 - 16:26 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

دواى سه‌ردانى مه‌سرور بارزانى، سەرۆک وەزیرانی راسیپێدراو بۆ پێكهێنانی كابینه‌ى نۆیه‌مى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، هەروەها بۆ لای نوێنه‌رانى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى پێكهاته‌كانی هه‌رێمی كوردستان، به‌ مه‌به‌ستى به‌شداریكردنیان له‌ حكوومه‌تى داهاتوودا، نوێنه‌رانى پێكهاته‌كان ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن، كه‌وا ئه‌وان ئومێدیان به‌ كابینه‌ى داهاتووى حكوومه‌تى هه‌رێم زۆره.


له‌م باره‌یه‌وه‌، وه‌حیده‌ یاقو هورمز، نوێنه‌رى پێشووى مه‌سیحییه‌كان له‌ په‌رله‌مانى كوردستان، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "مافی پێكهاته‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان پارێزاره‌ و ئومێدمان به‌ كابینه‌ى نۆیه‌مى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان هه‌یه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تیى مه‌سرور بارزانی و دڵنیاین له‌وه‌ى كه‌ مافه‌كانمان زیاتر ده‌پارێزرێ و به‌ڵێنی زیاتریش دراوه‌ كه‌ مافی مه‌سیحییه‌كان و توركمان و ته‌واوى پێكهاته‌ ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان بپارێزرێ، ئێمه‌ هیوایه‌كى گه‌روه‌مان به‌ حكوومه‌تى داهاتوو هه‌یه‌، كه‌ زاڵ بێت به‌سه‌ر ته‌واوى قه‌یرانه‌كاندا و حكوومه‌تێكى به‌هێز ده‌بێت و ئێمه‌ش هاوكاریى ئه‌و حكوومه‌ته‌ ده‌بین و به‌ حكوومه‌تى خۆمانى ده‌زانین، ئێمه‌ هاووڵاتیی ئه‌م وڵاته‌ین و هه‌وڵ ده‌ده‌ین بره‌و به‌ پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ بده‌ین".


گوتیشی: ”مه‌سیحییه‌كان به‌ پۆستێكى وه‌زارى و چه‌ندین پۆستی دیكه‌ى ناو حكوومه‌ت، به‌شداری له‌ كابینه‌ى داهاتوودا ده‌كه‌ن و پشكى مه‌سیحییه‌كان له‌ كابینه‌ی داهاتوودا زیاتر ده‌بێت“.


له‌لایه‌كى دیکەوه‌، له‌باره‌ى دۆخی مه‌سیحییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان به‌ به‌راورد به‌ مه‌سیحییه‌كانى عێراق، وه‌حیده‌ یاقو هورمز كه‌ هاوكات چالاكوانێكی سیاسیی دیارى مه‌سیحییه‌كانه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان، ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ كرد، مه‌سیحییه‌كانى كوردستان له‌ دۆخێكى ته‌واو ئه‌میندان و ئێمه‌ هه‌ستمان به‌ جیاوازى نه‌كردووه‌، دۆخى مه‌سیحییه‌كانى هه‌رێم به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ مه‌سیحییه‌كانى ناوچه‌ كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێمى كوردستان و عێراق یه‌كجار زۆره‌، چونكه‌ ئه‌وان ئاریشه‌یان زۆره‌ و به‌هۆی ئه‌و فشاره‌ سیاسییه‌ى له‌سه‌ریانه‌، مه‌سیحییه‌كانى باشوورى عێراق و ناوچه‌كانى دیكه‌ش كۆچیان كردووه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ى وڵات و به‌شێكیشیان هاتوونه‌ته‌ هه‌رێمى كوردستان، مه‌سیحییه‌كان به‌ رێژه‌یه‌كى كه‌م له‌ به‌غدا ماون، هه‌روه‌ها مه‌سیحییه‌كانى كه‌ركووكیش دۆخیان ناله‌باره‌ و مه‌سیحییه‌كانى ده‌شتى نه‌ینه‌واش زۆرینه‌ى هه‌ره‌ زۆریان له‌ هه‌رێمى كوردستاندا ئاوارەن، ئه‌وان هه‌میشه‌ داوا ده‌كه‌ن، كه‌ ده‌سه‌ڵاتى سه‌ربازیى ده‌شتى نه‌ینه‌وا بدرێته‌ پێشمه‌رگه‌، چونكه‌ میلیشیاكان ته‌عه‌دا له‌ خه‌ڵك ده‌كه‌ن، بۆ مه‌سیحییه‌كانى ئه‌و سنووره‌ ته‌واو ڕوون بووه‌ته‌وه‌، كه‌ ئه‌وه‌ی له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتى پێشمه‌رگه‌دا بێت به‌ ئازادى ده‌توانێت موماره‌سه‌ى ئایینی خۆی بكات.


روونیشی کردەوە: ”ئێستا ئێمه‌ ئه‌گه‌ر به‌راوردێكى ناوچه‌ى ته‌لسقوف له‌گه‌ڵ حه‌مدانییه‌دا بكه‌ین له‌ ده‌شتی نه‌ینه‌وا، یان به‌رتڵه‌، ده‌بینین له‌وێ هه‌میشه‌ ئاریشه‌ بۆ مه‌سیحییه‌كان دروست ده‌كرێت و هه‌ڕه‌شه‌یان لێ ده‌كرێت، به‌ڵام له‌ ته‌له‌سقوف، چونكه‌ پێشمه‌رگه‌ له‌و ناوچه‌یه‌ هه‌یه‌، دۆخی ژیانی خه‌ڵك باشه‌ و مه‌سیحییه‌كانى به‌رتڵە‌ و حه‌مدانیشه‌ش ئێستا كۆچ ده‌كه‌ن به‌ره‌و ته‌لسقوف، چونكه‌ له‌وێ هه‌ست به‌دڵنیایی ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش ئه‌و ده‌رده‌خات، كه‌ حكوومه‌تى هه‌رێم و پێشمه‌رگه‌ مه‌بەستیانه‌ پێكهاته‌كان به‌بێ جیاوازى بپارێزن. مه‌سیحییه‌كانى به‌رتڵه‌ و حه‌مدانییه‌ موڵكه‌كانیان سووتێنرا و كه‌له‌وپه‌له‌كانیان دزرا و ئێستا جیهان به‌گشتی ئاگادارى ئه‌و دۆخه‌ى مه‌سیحییه‌كانه‌ له‌ عێراق و مامۆستایانی ئایینیی ئێمه‌ش له‌ده‌ره‌وه‌ بۆ دونیا ڕوونیان كردوه‌ته‌وه‌، كه‌ ژیان بۆ مه‌سیحییه‌كان له‌ عێراق نه‌ماوه‌ و ته‌نیا هه‌رێمى كوردستان بووه‌ته‌ پەناگەى مه‌سیحییه‌كان“.


هاوكات، محه‌مه‌د ئیلخانلی، سه‌رۆكى پارتی گه‌شه‌پێدانی توركمان، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "ئێمه‌ وه‌ك لایه‌نه‌ توركمانییه‌كان، له‌ یه‌كه‌م هه‌نگاودا داوامان كرد كه‌ له‌ سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ى هه‌رێم نوێنه‌رمان هه‌بێت، ئێستا وا نوێنه‌رمان له‌ ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌ماندا هه‌یه‌ و له‌ پێكهێنانى كابینه‌ى نوێشدا داوامان كرد، رۆڵێكى ئه‌كتیفمان هه‌بێ و ئومێدمان زۆره‌ به‌ حكوومه‌تى داهاتوو و توركمانیش به‌ وه‌زاره‌تێك به‌شدارى له‌و حكوومه‌ته‌دا ده‌كات، هه‌روه‌ها له‌ سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێم و ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانیش داواى پۆستى دیكه‌مان كردووه‌ و له‌ چه‌ند وه‌زاره‌تێكیش به‌ڕێوه‌به‌رى گشتی و بریكار ده‌درێت به‌ توركمان، هه‌روه‌ها له‌ نوێنه‌رایه‌تییه‌كانى هه‌رێم له‌ده‌ره‌وه‌ى كوردستان داوامان كردووه‌، كه‌ توركمانی تێدا هه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ى بۆ رای گشتیی نێوده‌وڵه‌تیش دیاربێت، كه‌ توركمانه‌كان له‌ ته‌واوى جومگه‌كانى هه‌رێمى كوردستان به‌شدارن‌".


ئێلیخانی گوتیشی: ”له‌ خوله‌كانى رابردووى حكوومه‌ت، پێكهاته‌كان ته‌نیا به‌ یه‌ك وه‌زیر به‌شداریى حكومه‌ت ده‌بوون، ئێستا له‌ هه‌موو سه‌رۆكایه‌تییه‌كان به‌شدارى ده‌كه‌ن و گرنگیى زۆر به‌ پێكهاته‌كان ده‌درێت، ئه‌وه‌ش هه‌نگاوێكى زۆر باشه‌ و پێشهاتێكى نوێی هه‌رێمه‌، به‌م جۆره‌ له‌داهاتوودا هه‌رێم ده‌بێته‌ خاوه‌نى حكوومه‌تێكى نیشتمانیی به‌هێز“.


هه‌روه‌ها له‌باره‌ى دۆخی توركمانه‌كانى هه‌رێم له‌ ناوچه‌ داگیركراوه‌كان، محه‌مه‌د ئیلخانلی كه‌ هاوكات سه‌رۆكى لیستی پارتی گه‌شه‌پێدانى توركمانییه‌ له‌ په‌رله‌مانى كوردستان، ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ كرد، له‌ هه‌رێمى كوردستان چالاكیى سیاسی به‌ شێوه‌یه‌كى ئازادانه‌ ده‌كرێت، به‌ڵام له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كانى ژێر ده‌سه‌ڵاتى حكوومه‌تى عێراقی ئێستا، زیاتر بابه‌تى مه‌زهه‌بی پێش ده‌خرێت و په‌یڕه‌و ده‌كرێت، له‌و ناوچانه‌ ئه‌گه‌ر له‌ ده‌سه‌ڵات نزیك نه‌بیت، یاخود به‌ دڵی ئه‌و لایه‌نه‌ مه‌زهه‌بگه‌رایانه‌ هه‌ڵسوكه‌وت نه‌كه‌ى، له‌ ئیداره‌كردنى ده‌سه‌ڵات و به‌ڕێوەبردندا دوور ده‌خرێتیه‌وه‌ و دژایه‌تیى ده‌كرێت، هه‌روه‌ها دۆخی هاووڵاتییانى توركمان له‌ هه‌رێم به‌ به‌راورد به‌و ناوچانه‌ زۆر باشتره‌.