وەزارەتی کارەبا: ئەم هاوینە کارەبا زیاتر دەدرێتە هاووڵاتییان

 

25/06/2019 - 15:03 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

بەرپرسێکی وەزارەتی کارەبا ئاشکرای دەکات، بەراورد بە ساڵی رابردوو، ئەم هاوینە پێدانی سەعاتەکانی کارەبای ینشتمانی بە هاووڵاتییان زیاتر بووە. جەختیش دەکاتەوە، 18 سەعات کارەبا دەدرێت و 6 سەعاتەکەی تریش موەلیدە پڕی دەکاتەوە.


حوسێن حەمەد، بەڕێوبەری گشتیی کارەبای هەولێر بە (باس)ی راگەیاند، بەگشتی دۆخی کارەبا ئەمساڵ لە ساڵی رابردوو باشترە، گوتی: "ئێستا شەو و رۆژ 17 بۆ 18 سەعات کارەبای نیشتمانی دەدرێتە هاووڵاتییان، بەراورد بە پارساڵ، ئەمساڵ دۆخی کارەبا باشترە و ئومێد هەیە باشتریش بکرێت".


ئەو بەرپرسەی کارەبا هۆکاری باشبوونی کارەبای لە هاوینی ئەمساڵدا گەڕاندەوە بۆ گەیاندنی غازی سروشتی بۆ یەکەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و بەگەڕخستنی چەند پڕۆژەیەکی تازەی کارەبا.


ئاشکراشی کرد، لە مانگی 6ی ساڵی رابردوودا 4 بۆ 5 سەعات کارەبا کەمتر دەدرایە هاووڵاتییان، گوتی: "ئەمساڵ لە مانگی 6 بە تێکڕا نزیکەی 5 سەعات کارەبای زیاتر دەدرێتە هاووڵاتییان، هەروەها پار لەم کاتانە خواست لەسەر کارەبا لە هەولێر هەزار و 300 مێگاوات بوو، بەڵام ئەمساڵ 300 مێگاوات خواست کەمترە".


هاوینی ساڵی رابردوو، تێكڕای بەرهەمی كارەبا نەدەگەیشتە 3 هەزار مێگاوات، بەڵام ئەمساڵ لە سەرووی 3 هەزار و 500 مێگاواتە.


هۆگر شاڵی، بریکاری وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە (باس)ی راگەیاند، ئێستا لەسەرووی 3 هەزار و 570 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێندرێت، گوتی: "پاش هەڵسەنگاندی بارودۆخی کارەبا و چۆنیەتیی ئیشپێکردنی یەکەکانی وێستگەکانی غازی بەرهەمهێنانی کارەبا و کارۆئاوی لە هەردوو بەنداوی دوکان و دەربەندیخان، ئێستا بەتێکڕا 3 هەزار و 570 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنرێت".


روونیشی کردەوە، بە رەچاوکردنی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و هەڵکشانی خواست لەسەر بەکارهێنانی کارەبا بۆ 5 مێگاوات، وەزارەتی کارەبا دەتوانێت تاوەکوو 18 سەعات کارەبا بدات، گوتی: "6 سەعاتەکەی دیکەش لە رێگەی موەلیدەی ئەهلییەوە کارەبا بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش دەکرێت، داوا لە هاووڵاتییان دەکەین، هاوکارمان بن لە کەمکردنەوەی زیاد بەکارهێنانی کارەبا، چونکە لە وەرزی هاویندا بارگرانییەکی زۆر دەکەوێتە سەر وێستگە و گۆڕەر و تۆڕەکانی دابەشکردنی کارەبا".


لە هەرێمی کوردستان نزیکەی یەک ملیۆن و 550 هەزار هاوبەشی کارەبا هەیە.


وەزارەتی کارەبا بڕیاری داوە، سەرجەم وێستگەکان بە غاز کارپێ بکات، وەکوو بەرپرسەکەی وەزارەتی کارەبا ئاشکرای دەکا: "ئەگەر سەرجەم وێستگەکان بخرێنەوە کار‌ و بە غاز کار بکەن، دەتوانرێت زۆرترین کارەبای نیشتمانی لە هاویندا بۆ هاووڵاتییان دابین بکە".