پەرلەمانتاری لیستی سائیروون: پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا بەرەو باشتر دەڕوات

"ئومێدمان هەیە کابینەی تازە بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی بە حیکمەت و دانایی کێشەکان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکا"

24/06/2019 - 18:37 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

جەمال فاخر عوەید، پەرلەمانتاری لیستی سائیروون لە پەرلەمانی عێراق، لە گفتوگۆیەکی تایبەت لەگەڵ (باس)دا، چەند پرسێکی گرنگ دەخاتە ڕوو. رای دەگەیەنێت، ئومێدمان هەیە کابینەی تازەی حکوومەت بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی کێشەکان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکات. جەختیش دەکاتەوە، هەزار دۆسێی گەندەڵییان لەبەردەستدایە و بەهۆی گەندەڵیشەوە 350 ملیار دۆلار بەفیڕۆ دراوە.


سەرەتا ئاماژەی بەوەدا، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا بەرەو باشتر و باشتر دەڕوات، گوتی: "بەراورد بە رابردوو، پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی ناوەندی زۆر باش بووە، ململانێکان خاو بوونەتەوە و چارەسەری کێشەکان خراونەتە سەر مێزی گفتوگۆ، کێشەکان ئەگەر درێژەش بکێشن، دەبێ چارەسەر بکرێن، ئێمە برای یەکترین و پێکەوەبوونمان بەهێزمان دەکات و دوورکەوتنەوەشمان لە یەکتر لاوازمان دەکات".


روونیشی کردەوە: "دەبێ ئاستەنگەکان و کێشەکان لەنێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق چارەسەر بکرێن، بە تایبەت کێشەکانی نەوت و ناوچە کێشە لەسەرەکان و کێشەی بودجە و هێزەکانی پێشمەرگە، هێزی هەردوولامان لە چارەسەرکردنی کێشەکان و باشتربوونی پەیوەندییەکانمان و بەهێزبوونی ئابووریمانە".


ئەو پەرلەمانتارەی لیستەکەی موقتەدا سەدر، گەشبینە و دەڵێ: "ئومێدمان هەیە کابینەی تازەی حکوومەت، بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، کێشەکان لەگەڵ بەغدا بە حیکمەت و دانایی خۆی چارەسەر بکات و ماوەی زەمەنییش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دابندرێت".


لەبارەی کێشەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان (ناوچە داگیرکراوەکان) عوەید باوەڕی وایە: "دەبێ سەرۆک وەزیران و سەرکۆمار لیژنە بۆ چارەسەریی هەموو کێشەکان دروست بکەن، بە تایبەت بۆ کێشەی ناوچە کێشە لەسەرەکان، ئەویش بەپێی دەستوور، بەتایبەت ئەوەی پێشووتر هەبوو بە ناوی لیژنەی ماددەی 140، دەکرێت ئەو لیژنە بە تێگەیشتنێکی تازەوە دروست بکرێتەوە".


گوتیشی: "ئەگەر ئارەزووی چارەسەرکردنی کێشەکان لەنێوان هەولێر و بەغدا هەبێت، لە ماوەیەکی کورتدا کێشەکان چارەسەر دەبن، پشتیوان بە خودا ئەو ئیرادەیەش هەیە، بەتایبەت دوای سەرکەوتنمان بەسەر تیرۆر و داعش، خوازیارم حکوومەتی عێراق بە پەلە و لە ماوەیەکی کەمدا کێشەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان چارەسەر بکات".


جەمال فاخر، جەخت دەکاتەوە، هێزی پێشمەرگە رۆڵێکی گەورەیان هەبوو لە تێکشاندنی داعش و پاراستنی کوردستان و عێراق، گوتیشی: "پێشمەرگە بەشێکە لە سیستەمی بەرگریی عێراق و پارێزەرانی نیشتمانن، لەگەڵ ئەوەداین بە هاوبەشی لەگەڵ هێزەکانی سوپای عێراق، وڵات لە مەترسییەکان بپارێزن، بە تایبەت مەترسیی تیرۆر، ئێمە لە بودجەدا دەنگمان بۆ ئەوە داوە، مووچەی پێشمەرگە لەسەر میزانییەی عێراق بدرێت، ئەگەر دواش کەوتبێت، بەڵام هەر دەدرێت".


پێی وایە، عێراق کێشەی زۆری هەیە و دەبێ چارەسەری بکات، دەڵێت: "لەشکرێک لە بێکارمان هەیە، خزمەتگوزاری نییە و کارەبا نییە و گەندەڵی زۆر بڵاوە، بۆیە دەبێت کێشە و گرفتەکان چارەسەر بکرێن و ماف بۆ هاووڵاتی بگەڕێتەوە".


لەبارەی گەندەڵی لە عێراقدا گوتی: "زیاتر لە هەزار دۆسێی گەندەڵیمان لەبەردەستدایە، ئەو دۆسێیانە پەیوەندییان بە وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ و نەوت و مەرزە سنوورییەکانەوە هەیە، سەدان دۆسێش خراونەتە بەردەست دەستەی نەزاهە و دادوەری و داواکاری گشتی، بەڕژدی کار لەسەر کاراکردنی ڕۆڵی دادوەری و دەستەی بنبڕکردنی گەندەڵی دەکەین و کار بۆ بەئەنجام گەیاندنیان دەکەین، چونکە ئەوەی لە سزا بەدوور بێت، زیاتر خراپەکاری دەکات".


لەمیانەی قسەکانیدا راشی گەیاند: “گەندەڵی لە وڵاتدا بووەتە مایەی لەبەریەک هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەت و لەدەستدانی زیاتر لە 350 ملیار دۆلار و پاشەکشەکردنێکی مەترسیدار لە ڕووی خزمەتگوزارییەکان و کەمبوونەوەی وزەی کارەبا و فەراهەمنەکردنی ئاوی شیاوی خواردنەوە و جێبەجێنەکردنی پڕۆژەکانی نیشتەجێکردن، هەموو ئەمانە بەرەنجامی نەبوونی ستراتیژ و دیدێکی دروستە بۆ رێگریکردن لە بەهەدەرنەدانی سامانی گشتی”.


باوەڕشی وایە، دیاردەی گەندەڵی بووەتە مایەی داڕووخانی ڕاستەقینە لە بواری خزمەتگوزاری و ئاسایشی عێراق: "بۆیە بۆ لێدانی گەندەڵکاران، پێویستمان بە دەستێکی پۆڵایین هەیە".

 

ئەلبوومی وێنەکان