له‌ سۆران پڕۆژه‌ى هه‌ڵمه‌تى نا بۆ هه‌ڵگرتنى چه‌كى نایاسایى راگه‌یاندرا

"پڕۆژه‌كه‌ بۆ ماوه‌ى سێ مانگ به‌رده‌وامى ده‌بێت"

23/06/2019 - 16:38 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

ژماره‌یه‌ك له‌ چالاكوانان و رێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى سۆران، به‌ هاوكاری و پاڵپشتی ئه‌نستتیۆتی ریفۆرم بۆ گه‌شه‌پێدان (RID) و رێكخراوی فریاگوزاری میلله‌تی نه‌رویجی (NPA)هه‌ڵمه‌تى نابۆ هه‌ڵگرتنى چه‌كی نایاسایان راگه‌یاند و چالاكیه‌كه‌ بۆ ماوه‌ى سێ مانگ به‌رده‌وامى ده‌بێت.

دڵشاد باڵه‌كى، سه‌رۆكى رێكخراوى ئاوێزه‌، به‌ (باسنیوز)ى رایگه‌یاند: "رۆژى چوارشه‌مه‌ 19-6-2019 به‌ نوێنه‌رایه‌تی سه‌كۆی گشتی سۆران و ده‌وروبه‌ری، كه‌ نوێنه‌رایه‌تی كۆمه‌ڵێك رێكخراوی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و كه‌سایه‌تی و چالاكانی مه‌ده‌نی و رۆژنامه‌نووس ده‌كات، به‌ دروشمی (نا بۆ هه‌ڵگرتنی چه‌كی بێ مۆڵه‌ت، به‌ڵی بۆ كۆمه‌ڵگایه‌كی شارستانی و دوور له‌ چه‌ك) به‌هاوكاری و پاڵپشتی ئه‌نستتیۆتی ریفۆرم، بۆ گه‌شه‌پێدان (RID) و رێكخراوی فریاگوزاری میلله‌تی نه‌رویجی (NPA)پرۆژه‌ی (هه‌ڵمه‌تی به‌رنگاربونه‌وه‌ی چه‌كی نایاسایی) له‌ سنوری هه‌ر چوار قه‌زای (سۆران، چۆمان، رواندز، مێرگه‌سۆر) بۆ رای گشتی و ناوه‌نده‌كانی راگه‌یاندن راگه‌یاندرا".

گوتیشى: "پڕۆژه‌كه‌ ماوه‌ی سێ مانگ ده‌خایه‌نێت، له‌ ریگه‌ی وۆرك شۆپ و سمینار و بڵاوكردنه‌وه‌ی هۆشیاری كۆنفراس بابه‌تی تر ئه‌نجام ده‌درێت و هیوادارین هه‌موو لایه‌ك هاوكارمان بن بۆ سه‌ركه‌وتنى ئه‌م پڕۆژ گرینگه‌، له‌پێناو كه‌مكردنه‌وه‌و نه‌هێشتنى تاوانه‌كانى كوشتن و قوربانیانى چه‌ك.

كه‌لسوم گه‌زنه‌یى، چالاكوانى مافى مرۆڤ، له‌ شارى سۆران و وه‌ك به‌شدار بووێك له‌ پڕۆژه‌كه‌، به‌ (باسنیوز)ى راگه‌یاند: "هه‌ڵگرتنی چه‌كی بێ موڵه‌ت له‌هه‌رێمی كوردستان، له‌حاڵه‌ته‌وه‌ بوو به‌دیارده‌، دیارده‌ی هه‌ڵگرتنی چه‌ك له‌هه‌رێمی كوردستان بارودۆخیكی نائارامی خوڵقاندووه‌، ئه‌مه‌ش كارێكی پڕ مه‌ترسیه‌ و ڕۆژ له‌ دوای ڕۆژ تاوان زیاد ده‌كات، كه‌ به‌چه‌كدار بوونی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی كۆمه‌ڵێك هۆكاری هه‌یه‌، به‌شێكی بۆ شه‌ڕی ناوخۆ ده‌گه‌ڕیته‌وه‌، به‌شیكی تر بۆ كولتوری عه‌شیره‌تگه‌ری و خێله‌كی و دوژمنداری و به‌شیكی تری بۆ ئاستی هۆشیاری و ڕوشنبیری تاكی كورد له‌رووی په‌روه‌رده‌یی خێزان و به‌شیكی تریش بۆ حیزبه‌كان كه‌وا چه‌كیان وه‌ك دیاری و شرینی به‌سه‌ر كادیرو ئه‌ندامه‌كانیان ده‌به‌خشیه‌وه‌، جگه‌له‌وه‌ش به‌شێك به‌رپرس و كاربه‌ده‌ستی حیزبه‌كان چه‌كداری خۆیان هه‌یه‌ و كۆمه‌ڵگایه‌كی عه‌سكه‌ریه‌تی له‌لایه‌ن حیزبه‌كان دروست كردووه‌".

گوتیشى: "زۆربوونی چه‌ك به‌وشێوه‌یه‌ تاوانی جۆراو جۆری زیاد كردووه‌، سه‌ره‌ڕای هه‌بوونی یاسای هه‌ڵگرتنی چه‌كی بێ موڵه‌ت قه‌ده‌غه‌یه‌، به‌ڵام یاساكه‌ وه‌ك به‌شێك له‌ یاساكانی تر جێبه‌جێ ناكرێت و بووته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌وا هندێ له‌ هاوڵاتیان متمانه‌یان به‌دام و ده‌زگای ئه‌منی و به‌یاسا نه‌مێنێت له‌یه‌ك لاكردنه‌وه‌ی كێشه‌كان".

ئه‌وه‌شی خستە ڕوو، گرنگه‌ حكوومه‌ت یاساكه‌ وه‌ك خۆی جێبه‌جێ بكات و هه‌ڵمه‌تی هۆشیاری به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی رۆشنبیری و هۆشیاری تاك له‌ڕێگاى دام و ده‌زگای په‌یوه‌ندیدارو رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن و...هتد، جگه‌له‌مانه‌ش كێشه‌ دوژمندارییه‌كان له‌ڕێگای یاسا یه‌ك لا بكرێته‌وه‌، دامه‌زراندنی سلكه‌ی سه‌ربازى كه‌م بكرێته‌وه‌.

ئەلبوومی وێنەکان