به‌رگرى شارستانى سۆران: چه‌ند جارێك له‌ دیوى ئێران كۆنتڕۆلى رووداوى ئاگر كه‌وتنه‌وه‌مان كردووه‌

"له‌ماوه‌ى كه‌متر له‌ دوو هه‌فته‌ چوار كه‌س له‌ رووباره‌كانى ده‌ڤه‌رى سۆران خنكاون"

23/06/2019 - 16:32 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

له‌ سنورى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى به‌رگرى شارستانى سۆران، ته‌نها له‌ماوه‌ى دوو هه‌فته‌دا چواركه‌س خنكاون، كه‌ زۆربه‌یان منداڵ بوونه‌، هه‌روه‌ها چه‌ندین رووداوى ئاگركه‌وتنه‌وه‌ تۆمار كراون و به‌هۆیه‌وه‌ چه‌ندین دۆنم زه‌ووى و پوش و پاوان سوتاون، له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك ئۆتۆمبێل و رووداوى دیكه‌.


عه‌مید عیماد كه‌نعان رێكانى، به‌ڕێوه‌به‌رى به‌رگرى شارستانى سۆران، به‌ (باس)ى راگه‌یاند: "سنورى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كه‌مان هه‌رچوار قه‌زاكانى (سۆران، رواندز، مێرگه‌سۆر، چۆمان) له‌خۆده‌گرێت، به‌هۆى ئه‌وه‌ى ناوچه‌كه‌مان شاخاوى و كوێستانه‌و چه‌ندین سه‌یرانگه‌ش له‌ ده‌ڤه‌ره‌كه‌دا بوونیان هه‌یه‌، ساڵانه‌ به‌تایبه‌ت له‌م وه‌رزانه‌دا گه‌شتیار و خه‌ڵكێكى زۆر به‌مه‌به‌ستى گه‌شت و سه‌یران رووى تێده‌كه‌ن، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هه‌ندێك جار به‌هۆى ناشاره‌زا بوونیان رووداوى دڵته‌زێنى لێده‌كه‌وێته‌وه‌، وه‌ك هه‌ڵدێران و رووداوى هاتووچۆ و خنكان له‌ روباره‌كان، كه‌ ته‌نها له‌ه‌ماوه‌ى كه‌متر ل دوو هه‌فته‌دا چوار رووداوى خنكان له‌ سنووره‌كه‌مان تۆماركراوون، كه‌ سێ له‌وانه‌ منداڵبوونه‌، رووداوه‌كانیش له‌ سنورى شارۆچكه‌كانى رواندز و چۆمان بوونه‌".


به‌ڕێوه‌به‌رى به‌رگرى شارستانى سۆران، گوتیشى: "داواكارین له‌ هاووڵاتیان و گه‌شتیاران، له‌كاتى رووكردنیان بۆ ده‌ڤه‌ره‌كه‌، هۆشیارى خۆیان و منداڵه‌كانیان بن و روو له‌م شوێنانه‌ نه‌كه‌ن، كه‌ مه‌ترسیداران، هه‌روه‌ك تابلۆى هۆشیاركردنه‌وه‌ هه‌ڵواسراوه‌، هه‌روه‌ها تیمه‌كانمان له‌به‌رگرى شارستانى به‌رده‌وام له‌ ئه‌ركدان، به‌تایبه‌تیش له‌رۆژانى بۆنه‌و ئاهه‌نگه‌كاندا له‌ زۆربه‌ى شوێنه‌كان جێگیر ده‌كرێن، به‌ڵام به‌هۆى به‌رفراوانى سنوره‌كه‌مان زۆرجار له‌ كۆنتڕۆل ده‌رده‌چێت".


عه‌مید عیماد رێكانى، ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌روو، له‌پێناو زوو گه‌یشتن به‌ كۆنتڕۆلكردنى رووداوه‌كان له‌ زۆربه‌ى شارۆچكه‌و شاره‌دێكانى سنوره‌كه‌یان بنكه‌و تیمى تایبه‌ت به‌ به‌رگرى شارستانى كراونه‌ته‌وه‌، ته‌نانه‌ت چه‌ند جار له‌لایه‌ن تیمه‌كانیانه‌وه‌ به‌تایبه‌ت تیمى بنكه‌ى به‌رگرى شارستانى حاجى ئۆمه‌ران، له‌ دیووى رۆژه‌هه‌ڵاتى كوردستانى ئێران، توانراوه‌ به‌هاناى هاووڵاتیان بچن و كۆنتڕۆلى رووداوه‌كانى ئاگر كه‌وتنه‌وه‌ بكه‌ن، ئه‌وه‌ش بووه‌ته‌ جێگى دڵخۆشى به‌تایبه‌ت خه‌ڵكى سنورى شارى پیرانشار كه‌ هاوسنوره‌ له‌گه‌ڵ حاجى ئۆمه‌ران به‌ چه‌پڵه‌ رێزانه‌وه‌ پێشوازى له‌ تیمه‌كانیان كراوه‌و ده‌ستخۆشیان لێكردوون، كه‌ توانیوایانه‌ له‌پێناو كارێكى مرۆڤانه‌و به‌هاناوه‌چوون سنور ببڕن.

 

به‌ڕێوه‌به‌رى به‌رگرى شارستانى سۆران، ئاماژه‌شى به‌وه‌دا، به‌هۆى ئه‌وه‌ى ئه‌مساڵ كژو گیا گه‌شه‌ى كردووه‌ تائێستا ده‌یان ئاگر له‌ سنورى شارو شارۆچكه‌كانى ده‌ڤه‌ره‌كه‌مان كه‌وتونه‌ته‌وه‌، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ چه‌ندان دۆنم زه‌ووى و پوش و پاوان و دارستان و ره‌زو باخى هاووڵاتیان سوتاون، هۆكارى زۆربه‌ى ئه‌م رووداوانه‌ش بۆ بێباكى هندێ له‌ هاووڵاتیان و گه‌شتیاران ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ له‌كاتى چوونیان بۆ گه‌شتو سه‌یران و له‌دواى خۆیان ئاگره‌كانیان كۆنتڕۆل ناكه‌ن، یان جگه‌ره‌ فڕێده‌ده‌نه‌ ناو پۆش و پاوان، له‌ ئه‌نجامدا رووداوى ئاگر كه‌وتنه‌وه‌و سوتانى لێده‌كه‌وێته‌وه‌، كه‌ تیمه‌كانمان له‌ بنكه‌ى به‌رگرى شارستانى به‌م هۆیه‌وه‌ ئه‌رك و ماندوبوونى زۆر ده‌چێژن و زیانى زۆریش به‌ر ژینگه‌ى كوردستان و ده‌ڤه‌ره‌كه‌ ده‌كه‌وێت، هیوادارین هاووڵاتیان خۆیان له‌ ئاگركه‌وتنه‌وه‌كان به‌دووربخه‌نه‌وه‌و له‌گاتى چونیشیان بۆ گه‌شت و سه‌یران یان هه‌ر كارێكى دیكه‌، له‌دواى خۆیان ئاگره‌كانیان كۆنتڕۆلبكه‌ن.

 

عه‌مید عیماد رێكانى، ئه‌وه‌شى ئاشكرا كرد، كه‌جگه‌له‌ سوتانى پوش و پاوان توانراوه‌ كۆنترۆل له‌سه‌ر چه‌ندین ئۆتۆمبێل و خانوو دوكانى هاووڵاتیان بكرێت و زیاتریش رووداوه‌كانى سوتان ماددى بوونه‌، تائێستا رووداوى گیانى لێنه‌كه‌وتۆته‌وه‌، ته‌نها چه‌ند زامدارێك هه‌بووه‌.