وردترین راپۆرت لەسەر پاڵاوتگەكانی هەرێمی كوردستان

لە هەموو پاڵاوتگەكان 453 یەكەی پاڵاوتن هەن، لە 24 سەعاتدا 68 هەزار و 706 تەن نەوت دەپاڵێون

20/06/2019 - 16:18 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

بەپێی راپۆرتێكی رێكخراوی دۆر بۆ زانیاریی نەوتی كوردستان، كە تایبەتە بە پاڵاوتگەکانی هەرێمی كوردستان و كۆپییەكی راپۆرتەكەش دەست (باس) كەوتووە، لەسەر كۆی پاڵاوتگەكانی هەرێمی كوردستان و بەرهەمەكانیان و توانای كاركردنیان، ئاماژە بە چەندین داتای ورد كراوە.


ئەوە خراوەتە ڕوو، كۆی گشتیی پاڵاوتگه تایبەتەكان، واتا ئەو پاڵاوتگە بچووكانەی پێیان دەگوترێت نایاسایی، ژمارەیان 190 پاڵاوتگەیە، وێرای ئەوانە، سێ پڵاوگەی گەورەی فەرمیش هەن، كە بریتین لە پاڵاوتگەی كەڵەك و بازیان و تاوكێ.


بەگشتی لە هەموو پاڵاوتگەكانی كوردستان 453 یەكەی پاڵاوتن هەیە، لە 24 سەعاتدا 68 هەزار و 706 تەن نەوت دەپاڵێون، كە زۆربەیان نەوتی سپی و گازوایل و بەنزین بەرهەم دێنن، زیاتر لە 3 هەزار و 253 كارمەندیش وەكوو دەستی كار لەو شوێنانە كار دەكەن.


زۆربەی پڵاوگە تایبەتەكان، كە ژمارەیان 153 پاڵاوتگەیە، لە هەولێرن.


بەپێی راپۆرتەكە، لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان 15 پاڵاوتگە لە ماوەی 24 سەعاتدا هەزار تەن نەوت دەپاڵێون، ئەویش لە رێگەی 68 یەكەی پاڵاوتنەوە، بەرزترین تواناش لە هەولێرە، كە بە تێكڕا 11 پاڵاوتگە، كە 17 هەزار و 700 تەن نەوت دەپاڵێون لە رۆژێكدا، كەمترین توانای پاڵاوتنیش لە دهۆكە، لە رێگەی 20 یەكە، تەنیا 4 هەزار و 80 تەن لە رۆژێكدا دەپاڵێون، بە كۆی گشتی 15 پاڵاوتگە لە سنووری هەرێمی كوردستان لە ماوەی 24 سەعاتدا 24 هەزار و 780 تەن نەوت دەپاڵێون.


هاوكات ئەو پاڵاوتگانەیش، کە توانای پاڵاوتنیان كەمتر لە هەزار تەنە، واتا لە 500 بۆ هەزار تەن كەمترە، ژمارەیان 28 پاڵاوتگەیە، كە لە رێگەی 118 یەكەی پاڵاوتنەوە كار دەكەن، بەرزترین تواناش لەم جۆرە پاڵاوتگانە لە هەولێرە، كە بە 13 پاڵاوتگە 8 هەزار 770 تەنە، كەمترین تواناش لە سلێمانییە لە رێگەی 8 پاڵاوتگەوە تەنیا هەزار تەن دەپاڵێون لە رۆژێكدا، بە كۆی گشتیش 28 پاڵاوتگە لە هەر سێ پارێزگاكەدا دەتوانن 17 هەزار و 310 تەن لە 24 سەعاتدا بپاڵێون و 768 كارمەندیش لەو جۆرە پاڵاوتگانە كار دەكەن.


راپۆرتەكەی رێكخراوی دۆر جەختی كردووەتەوە، 146 پاڵاوتگە لە هەرێمی كوردستان توانای پاڵاوتنیان كەمتر لە 500 تەنە، 45 پاڵاوتگەیان تواناكەیان لەنێوان 250 بۆ 500 تەنە،101 شوێنی تریش توانای پاڵاوتنیان كەمتر لە 250 تەنە لە رۆژێكدا، بەرهەمی ئەو پاڵاوتگانە زۆرتر نەوتی رەشە و 99 یان لە هەولێرن و 21 پاڵاوتگەشیان لە دهۆكن.


وەكوو لە راپۆرتەكەدا تیشكی خراوەتە سەر، هەر سێ پاڵاوتگەی كەڵەك و بازیان و تاوكێ گرنگترین پاڵاوتگەكانی كوردستانن، لە ماوەی 24 سەعاتدا توانای ئەو سێ پاڵاوتگەیە لە هەموو پاڵاوتگە بچووككەكان زیاترە.


ئەو سێ پاڵاوتگەیە لە كەمترین ئاستدا 5 هەزار بەرمیل و لە بەرزترین ئاستدا 100 هەزار بەرمیل نەوت دەپاڵێون، پاڵاوتگەی كەڵەك بەرزترین ئاستی هەیە كە دەگاتە 100 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا.


لە دەقی راپۆرتەكەدا، بە پشتبەستن بە راپۆرتێكی تایبەتی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ئەوە ئاشكرا كراوە لە كۆی 190 پاڵاوتگەدا 61 پاڵاوتگەیان داخراون، كە 29یان لە هەولێر بوونە و 3 پاڵاوتگەش لە دهۆك و 29 پاڵاوتگەی تریش لە سلێمانی.


وریا هه‌ورامی، به‌ڕێوه‌به‌ری ڕێکخراوی دۆر بۆ زانیاریی نه‌وتی کوردستان لە لێدوانێكدا بۆ (باس) رای گەیاند، ئەم راپۆرتەیان لەسەر چەندین بنەما ئامادە كردووە، گوتی: "راپۆرتەكەمان پشتی بەستووە بە گەڕان و پشكنینی تیمەكانمان، هەروەها پشتی بەستووە بە راپۆرتەكانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، كە تایبەت بووە بە پاڵاوتگەكان، بەڵام ئێمە وردبینیمان لە داتاكاندا كردووە و مەیدانیی سەردانی شوێنەكانمان كردووە".


ئەوەشی خستە ڕوو، لە هەرێمی كوردستان ئەوەی سوودی زۆری هەیە سێ پاڵاوتگە گەورەكەی كەڵەك و بازیان و تاوكێیە، گوتی: "ئەو پاڵاوتگانە لە رووی دابینكردنی سووتەمەنیی جۆراوجۆر بۆ ناوخۆ سوودی زۆریان هەیە و ئەو پاڵاوتگانە كەرتی نەوتیان بردووەتە پێشەوە و نەیانهێشتووە كوردستان تووشی قەیرانی سووتەمەنی ببێت".


روونیشی كردەوە، چەند پاڵاوتگەیەكی تریش هەیە مامناوەندین و ئەوانیش باشن، بەڵام دووپاتی دەكاتەوە، پاڵاوتگەكانی تر هیچ سوودێكی ئەوتۆیان نییە، گوتیشی: "پاڵاوتگە بچووكەكان لە سەردەمێكدا باش بوونە بۆ كوردستان، بەڵام ئێستا زیانیان هەیە بۆ ژینگە و بۆ هاووڵاتییان، بۆیە داخستنیان باشترین چارەسەرە".