ئەردۆغان بۆچی پەشیمان بوەوە و هاتووەتەوە ناو پروپاگندەی هەڵبژاردن؟

"بە ئاشكرا هەڕەشە لە كاندیدی ئۆپۆزسیۆن دەكات"

20/06/2019 - 10:51 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

پێشتر رەجەب تەیب ئەردۆغان بڕیاری دابوو، كە بە هیچ شێوەیەك بۆ پروپاگندەی هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ئیستەنبۆڵ رۆڵی نەبێت، ئەو داوای لە بیناڵی یڵدرم كاندیدی هاوپەیمانیی (كۆماری) كرد، بە تەنیا پروپاگندەی هەڵبژاردن بكات، هەروەها تیمێكی پێكهێنا تا بتوانن لە پروپاگندەدا هاوكاری باشی یڵدرم بن، بەڵام ئەردۆغان هەر زوو لەو بڕیارەی پەشیمان بوەوە و ئێستا ناوچە ناوچەی ئیستەنبۆڵ دەگەڕێت و پروپاگندە بۆ یڵدرم دەكات.

 

ئەردۆغان پێشتر بە چەند رۆژنامەنووسێكی گوتبوو "ئەكرەم ئیمامئۆغلو كاندیدی هاوپەیمانی (میللەت) لە ئاستی ئەودا نییە تا وەڵامی بداتەوە، بەڵكوو ئەوەی لە ئاستی ئەو دایە، كەمال كلیچدارئۆغلوە سەرۆكی جەهەپە، كە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیایە“.

 

بەڵام ماوەی ٣ رۆژ دەبێت، ئەردۆغان لە میتینگەكانیدا ئەكرەم ئیمامئۆغلو دەكاتە ئامانج و هەڕشەی لێ دەكات و بە خەڵك دەڵێت دەنگی مەدەنێ. پرسیار ئەویە ئەو هۆكارە چی بوو كە وای كرد، ئەردۆغان پەشیمان ببێتەوە و بۆ خۆی بێتە ناو پروپاگندەی هەڵبژاردن؟

 

دیبەیتی نێوان بیناڵی یڵدرم و ئەكرەم ئیمامئۆغلو كە لە ١٦_٦_٢٠١٩ ئەنجام درا، كاریگەریی زۆری هەبوو تا ئەردۆغان بێتەوە ناو پروپاگندە، چونكە لەو دیبەیتەدا یڵدرم وەكوو پێویست نەبوو و ئیمامئۆغلو توانی بەسەریدا زاڵ بێت و لە دیبەیتەكەدا باشتر دەربكەوێت. جگە لەوەش پروپاگندەی هەڵبژاردنی یڵدرم وەكوو پێویست نییە و زۆر بە لاوازی پروپاگندە دەكات، ئەمانەش هەموو كاریگەریی لەسەر دەنگدەر دەبێت لە ٢٣ی ئەم مانگەدا، بۆیە ئەردۆغان هەستی بەو مەترسییە كرد و بۆ خۆی هاتە ناو مەیدانی پروپاگندەوە و هەموو گوللەكانیش بە ئیمامئۆغلوەوە دەنێت.

 

ئەردۆغان لە میتینگی دوێنێیدا لە ئیستەنبۆڵ، هەڕەشەی لە ئەكرەم ئیمامئۆغلو كرد، بەوەی سووكایەتی بە والی ئۆردو كردووە، بۆیە دوای هەڵبژاردنی شارەوانییەكان دەبێت باجی ئەو سووكایەتییە بدات و رێگەی دادگای لێ دەگرینە بەر.

 

ئەمە دەریدەخات، كە ئەردۆغان دەیەوێت بەو هەڕەشانە بە هاووڵاتییانی ئیستەنبۆڵ بڵێت، ئێوە بۆ دەنگ دەدەن بە ئیمامئۆغلو؟ چونكە ئەگەر دەریش بچێت هەر دەخرێتە زیندانەوە.

 

ئەگەر بخرێتە زیندانیشەوە و بۆ ماوەی چەند مانگێك زیندانی بكرێت، شارەوانیی ئیستەنبۆڵ قەیووم دەكرێت، ئۆپۆزسیۆنیش ئەمە قبووڵ ناكات و رەوشی ناوخۆی توركیا دەشڵەقێت، ئەمەش كاریگەریی خراپی لەسەر رەوشی ئابووری دەبێت، بۆیە ئەردۆغان ئەو پەیامە دەگەیەنێت، با نەگاتە ئەو ئاستە و دەنگ بە بیناڵی یلدرم بدەن.

 

رۆڵی هەدەپە لەم هەڵبژاردنەدا

چەند رۆژێك بەرلە ئێستا سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە، لە زیندانەوە پەیامێكی بڵاوكردەوە و، داوای لە دەنگدەری كورد كرد دەنگ بە ئەكرەم ئیمامئۆغلو بدەن. بۆیە دەنگدەری هەدەپە بەشێكی زۆری بە گوێی پارتەكەیان دەكەن دەنگ بە ئیمامئۆغلو دەدەن، بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی لە میدیاكانی توركیا بڵاو دەكرێنەوە، ئەو بەشەی دیکەی دەنگداری هەدەپە، كە لە ٣١_٣_٢٠١٩ نەچووبوونە سەر سندووقی دەنگدان، بەهۆی ئەو پەیامەی دەمیرتاشەوە دەچنە سەر سندووقی دەنگدان و دەنگ بە ئیمامئۆغلو دەدەن.

 

رۆژی یەكشەممە ٢٣ی حوزەیران، هەموو ئەو پێشبینی و شڕۆڤانە دەردەچن كە لەو بارەیەوە كراون و ئەنجامی هەڵبژاردن هەموو شتێك یەكلایی دەكاتەوە.