رۆشنبیر و کەسایەتییەکانی سلێمانی بۆ مەسرور بارزانی: ئومێدمان پێت هەیە و بەهیواین سەرکەوتوو بیت

 

19/06/2019 - 22:35 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

دواى ئه‌وه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان، مەسرور بارزانى بۆ پۆستى سه‌رۆكى حکوومەتی كوردستان ناوزه‌د كرد، هاووڵاتییانى هه‌رێمى كوردستان به‌ گشتى و چین و توێژه‌ جیاوازه‌كانى شارى سلێمانى، ئومێدێكى زۆریان به‌ مەسرور بارزانى، سه‌رۆكى كابینه‌ى نوێى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان هه‌ڵچنیوه‌، ڕۆشنبیران و كه‌سایه‌تییه‌ دیاره‌كانى سنوورى پارێزگاى سلێمانى پێیان وایه‌، كه‌ مەسرور بارزانى له‌ پۆستى ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى هه‌رێمى كوردستاندا، كه‌سێكى سه‌ركه‌وتوو بووه‌ و توانیوه‌یه‌تى سه‌قامگیرییه‌كى فراوان بۆ هه‌رێمى كوردستان دابین بكات. ده‌شڵێن وەک پۆستی پێشووی، له‌م پۆسته‌ نوێیه‌شدا ده‌توانێ سه‌ركه‌وتوو بێت و خزمه‌تى خه‌ڵكى كوردستان بكات.

د. عابد خالید ڕه‌سووڵ، مامۆستاى زانكۆى سلێمانى و شرۆڤه‌كارى سیاسی، به‌ (باس)ى ڕاگه‌یاند: "گۆڕانكارى له‌ پۆستى سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كانى كوردستان، به‌شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان ئومێدى ئه‌وه‌ى لێ ده‌كرێت، كه‌ نوێبوونه‌وه‌ له‌ كارى سیاسی و له‌ سیاسه‌تى گشتیى وڵاتدا به‌دواى خۆیدا بهێنێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ى كه‌ گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌، ئایا ئه‌و سه‌ركرده‌ جیاوازانه‌ كاتێك به‌دواى یه‌كدا دێن، ڕووئیا و بیركردنه‌وه‌ و شێوازى مامه‌ڵه‌ و كارى سیاسیی ئه‌وان له‌چاو ئه‌وانه‌ى پێشووترى خۆیان چۆنه‌. هه‌رچه‌نده‌ ئومێدێكى باش هه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ى گۆڕانكارى له‌ سه‌ركرده‌كاندا گۆڕانكارى ده‌خولقێنێت، دواجار ئه‌و سه‌ركردانه‌ى گۆڕانكارى له‌ پۆسته‌كانیان ده‌كرێت، گرنگه‌ ئه‌و سه‌ركردانه‌ به‌رنامه‌ و ڕوئیا و ئه‌جێنداى نوێیان پێ بێت، به‌ڵام مه‌سرور بارزانى، به‌ هۆكارى ئه‌وه‌ى له‌ چوارچێوه‌ى ده‌زگاى ئاسایشى هه‌رێمى كوردستاندا كارى كردووه‌ و زیاتر وه‌كوو سه‌ركرده‌یه‌كى بوارى ئه‌منى و ئاسایش ده‌ركه‌وتووه‌، ڕه‌نگه‌ به‌لایه‌نى كه‌مه‌وه‌ كه‌یسى ئه‌منى و ئاسایش له‌ هه‌رێمى كوردستان، ئه‌و سه‌قامگیرى و به‌رقه‌رارییه‌ى پێشتر هه‌بووه‌، له‌ سایه‌ی مه‌سرور بارزانى، هه‌مان دۆخى هه‌بێت و باشتر بێت. ڕه‌هه‌ندێكى دیكه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ پارتى دیموكراتى كوردستان، حزبێكه‌ زۆرترین كورسیی ناو په‌رله‌مانى كوردستانى هه‌یه‌، بۆیه‌ پێشبینى ئه‌وه‌ ده‌كرێت، كه‌ به‌شێكى زۆرى كێشه‌كانى خولى پێشوو، كه‌ جێگه‌ى مشتومڕ و لێكدانه‌وه‌ى زۆر بووه‌، به‌ هۆكارى ئه‌وه‌ى كه‌ پارتى ناچار بووه‌ له‌گه‌ڵ حزبه‌كانى دیكه‌ ڕێك بكه‌وێت، به‌تایبه‌تى له‌ كابینه‌ى پێشوو كه‌ حكوومه‌تى بنكه‌فراوان بوو، ڕه‌نگه‌ پارتى پێشتر له‌ هه‌ندێك كاردا ده‌ستكراوه‌ نه‌بووبێ، كه‌ پێویست بووه‌ ئه‌و حزبه‌ بیكات، بۆ نموونه‌، له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ى پرسی ده‌ستووردا، یان جێگیركردنى هه‌ندێك له‌ ده‌زگا دامه‌زراوه‌ سیاسییه‌كانى كوردستان، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ پارتى ده‌توانێت ئه‌و كارانه‌ بكات، چونكه‌ زۆرینه‌ى فراكسیۆنه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان، پشتگیریى كابینه‌ى نۆیه‌مى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌كەن، كه‌ سه‌رۆكه‌كه‌ى مه‌سرور بارزانی بێت، ڕه‌نگه‌ مه‌سرور بارزانى پڕۆژه‌ى پێ بێت و گۆڕانكارى له‌ ئابوورى و كارگێڕى و جێگیركردنى ده‌ستوورى هه‌رێمى كوردستاندا بكات، به‌ڵام دواجار هه‌موو ئه‌و كارانه‌ پێویستى به‌ پشتیوانیى هێزه‌كانى دیكه‌ هه‌یه‌.

گوتیشى: "هه‌رچه‌نده‌ شه‌ڕى داعش به‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانى گرته‌وه‌، به‌ڵام جۆرێك له‌ ئارامى له‌ هه‌رێمى كوردستاندا هه‌بووه‌، ڕه‌نگه‌ له‌م ماوه‌یه‌دا هه‌ندێك ئاڵۆزى ڕوویان دابێت، به‌تایبه‌تى كوشتن له‌ شارى سلێمانى و ده‌ستدرێژى و ڕفاندن هه‌بووبێت، به‌ڵام پێشتر و ئێستا به‌گشتى، دۆخى ئه‌منیى هه‌رێمى كوردستان باش بووه‌، هه‌روه‌ها زۆربه‌ى كار و چالاكییه‌كانى مه‌سرور بارزانى، له‌ په‌نهانا بووه‌ و زۆر به‌رچاو نه‌بووه‌ و زۆر بانگه‌شه‌ى بۆ نه‌كراوه‌ و نه‌خراوه‌ته‌ به‌رچاوى خه‌ڵك‌، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كى گشتى ئه‌گه‌ر بڵێین، مه‌سرور بارزانى پیاوێك بووه‌ له‌ ده‌زگاى ئاسایشى هه‌رێمى كوردستاندا، ڕۆڵى هه‌بووە له‌ به‌رقه‌راركردنى ئاسایشى هه‌رێمى كوردستان، به‌ڵێ له‌و كه‌یسه‌دا مه‌سرور بارزانى كه‌سێكى سه‌ركه‌وتوو بووه‌“.

ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا، پێشبینى ده‌كه‌م مه‌سرور بارزانى، له‌ پۆسته‌كه‌یدا سه‌ركه‌وتوو بێت، چونكه‌ پارتى دیموكراتى كوردستان، زۆرینه‌ى كورسییه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستانى پێكهێناوه‌، هه‌روه‌ها هه‌ندێك فراكسیۆنى دیكه‌ پشتگیرى له‌ مه‌سرور بارزانى ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر یه‌كێتى پشتیوانى مه‌سرور بارزانى نه‌كات، ڕه‌نگه‌ سه‌رۆكى نوێى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ زۆنى زه‌رد سه‌ركه‌وتوو بێت، بۆیه‌ پشتیوانیى یه‌كێتى بۆ مه‌سرور بارزانى گرنگه‌، بۆ ئه‌وه‌ى له‌ زۆنى سه‌وزیشدا سه‌ركه‌وتوو و جێدەستی دیار بێت.

د. عابد خالید، باسی له‌وه‌ش كرد، پێویسته‌ مه‌سرور بارزانى، ئه‌و كێشانه‌ى له‌ كابینه‌ى پێشوودا به‌جێ هێڵدراون، هه‌وڵى چاره‌سه‌ركردنى بدات، به‌تایبه‌تى مه‌سه‌له‌ى چاكسازیى ئابوورى و بنیاتنانه‌وه‌ و بوژانه‌وه‌ی ئابووریى كوردستان، هه‌روه‌ها چاره‌سه‌ركردنى گه‌ڕاندنه‌وه‌ى مووچه‌ى پاشكه‌وتى فه‌رمانبه‌ران، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌وڵى ئه‌وه‌ بدات، ئه‌و ئاسایش و ئارامییه‌ى له‌ هه‌رێمى كوردستاندا هه‌یه‌، له‌دواى خۆى به‌رده‌وامیى پێ بدات.

هەروەها حەمەڕه‌شید هه‌ره‌س، هونه‌رمه‌ند و چاودێرى سیاسی بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "ئه‌م كابینه‌یه‌ و هه‌رچی كابینه‌ی داهاتووش هه‌یه‌، ماكی سه‌ركه‌وتنی ئه‌وه‌یه‌، كه‌ به‌ هیچ جۆرێك چاو له‌ سیاسه‌تی به‌غدا نه‌كه‌ن و داهێنان له‌ بنبڕكردنی گه‌نده‌ڵیدا بكرێت، ئه‌و گه‌نده‌ڵییه‌ی ئه‌مڕۆ بووەته‌ كولتوورێكی سه‌پاو و نه‌خۆشییه‌كی ده‌روونیی كاربه‌ده‌ستان، من پێم وایه‌، ئه‌م نه‌خۆشییه‌ی كه‌ ناوی گه‌نده‌ڵییه‌، ڤایرۆسه‌كه‌ی له‌ بەغدای پایته‌ختی كوێره‌وه‌رییه‌وه‌ دێته‌ كوردستان، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت چاكسازی له‌ كوردستاندا بكات، یه‌كه‌م هه‌نگاوی پته‌وكردنی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییه‌، ئه‌مه‌ش به‌ئاسانی نایه‌ته‌ دی، ئه‌گه‌ر په‌نا نه‌برێته‌ به‌ر كه‌سانی دڵسۆزی نه‌ته‌وه‌كه‌ و پسپۆڕانی ئه‌و بواره‌. نكۆڵی لێ نه‌كراوه‌ له‌ كوردستاندا ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی به‌ هیچ جۆرێك هه‌ستی پێ ناكرێت، ئه‌وه‌ی بووەته‌ رێگر له‌ به‌ره‌وپێشچوونی هه‌ر داهێنانێك بۆ سه‌روه‌ری و توانای ده‌سه‌ڵات و ناوه‌ندێك، كه‌ كۆنترۆڵی جومگه‌كانی پێشكه‌وتن بكات ئه‌وه‌یه‌، ئێمه‌ تا ئێستا خاوه‌نی خۆمان نین، نهێنیی پێشكه‌وتنی هه‌ر كابینه‌یه‌كیش ئه‌وه‌یه‌، به‌ په‌رۆشه‌وه‌ هه‌نگاو بنێت بۆ ئه‌وه‌ی ببین به‌ خاوه‌نی خۆمان“.

گوتیشی: ”به‌ بۆچوونی من، له‌و روانگه‌یه‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌م پێ كردووه‌، پێم وایه‌ كاك مه‌سرور، وه‌ك راوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی كوردستان، له‌ كه‌سێكی تر باشتر ئه‌زبه‌ری ڕه‌وشی كوردستانی كردووه‌ و شاره‌زاتره‌ له‌ بواری دابینكردنی ئاسایشێكی نه‌ته‌وه‌یی پته‌و، ئه‌م شه‌فافییه‌ت و ڕوونبوونه‌وانه‌ی پێی له‌سه‌ر داده‌گیرێت، گوایه‌ لایه‌نی شه‌فاف شانازیی پێوه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ بڤڤه‌ترین پیكه‌ له‌ دیواری سه‌روه‌ریی كورد ده‌درێت و ماڵی واڵا ده‌كات، هه‌رچی جانه‌وه‌ر هه‌یه‌ به‌ نهێنیى ماڵه‌كه‌ی فێر بێت و تایبه‌تمه‌ندیی ده‌سه‌ڵاتێكی پته‌و له‌ده‌ست بدات“.

جه‌ختى له‌وه‌ش كرده‌وه‌، كاك مه‌سرور له‌ كاتێكی زۆر هه‌ستیاردا، ئه‌م پۆسته‌ گرنگه‌ وه‌رده‌گرێت، ده‌توانم بڵێم له‌ هه‌موو كاتێك زیاتر دۆخه‌كه‌ ئاڵۆز بووه‌، نه‌ك هه‌ر له‌ده‌ره‌وه‌ی كوردستان، به‌ڵكوو له‌ناوه‌وه‌ زیاتر فشار ده‌خه‌نه‌ سه‌ر ئه‌ركه‌كانی و جێبه‌جێكردنی ئه‌و كارانه‌ی مه‌به‌ستییەتی، ئه‌مه‌ش له‌ كوردستاندا و به‌تایبه‌تی له‌م سێ ده‌یه‌ی ئه‌زموونیدا دیارده‌یه‌كی به‌رچاو و حاشاهه‌ڵنه‌گره‌، جا رێگا دۆزینه‌وه‌ بۆ ده‌رچوون له‌م ته‌نگژانه‌دا هه‌روا ئاسان نییه‌ و كار و بیركردنه‌وه‌ی دڵسۆزانه‌ی ده‌وێت، هیوادارم هه‌ر به‌زوویی جێده‌ستی به‌ چاكسازی و داهێنان و خۆشگوزه‌رانیی كۆمه‌ڵگه‌وه‌ دیار بێت. وه‌ك له‌ زۆر بۆنه‌ و دانیشتندا ئاگادارم نه‌ته‌وه‌ییانه‌ بیر ده‌كاته‌وه‌، من ئه‌وه‌ به‌ كلیلی پێشكه‌وتن و سه‌ركه‌وتنی ئه‌زانم، به‌و مه‌رجه‌ی ئه‌و بۆچوونانه‌ی، كه‌ پێش ئه‌م پۆسته‌ پێی له‌سه‌ر داده‌گرت، بیخاته‌ واری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، به‌تایبه‌تی ئه‌و بۆچوونانه‌ی له‌ كۆنفرانسی ده‌وڵه‌تی كوردی له‌ زانكۆی ئه‌مەریكی دهۆك جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌كرد“.

پێوەند بە هەمان پرس، شێخ دلێر شێخ مسته‌فا، كه‌سایه‌تیی دیاری هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌ی قه‌ره‌داخ، به‌ (باس)ی ڕاگه‌یاند: "دوای پێكهێنانی یه‌كه‌مین كابینه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، پشێوی و ئاڵۆزی و دووبه‌ره‌كیی زۆر هه‌رێمی كوردستانی گرته‌وه‌، ئێستاش كه‌ نێچیرڤان بارزانی به‌ سه‌رۆكی هه‌رێم هه‌ڵبژێردراوه‌، دواتر مه‌سرور بازانی، ده‌بێته‌ سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئێمه‌ ته‌مه‌ننای ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین، حكوومه‌تی ئاینده‌ حكوومه‌تێكی خزمه‌تگوزار بێت، هه‌روه‌ها پێویسته‌ حكوومه‌تی داهاتوو دڵی گه‌نجه‌كانمان خۆش بكات، هه‌لی كار بۆ گه‌نجان بدۆزێته‌وه‌ و ئه‌و كه‌سانه‌یشی ده‌رچووی زانكۆ و په‌یمانگه‌كانن دابمه‌زرێن، بۆیه‌ داواكارین هه‌موو حزبه‌كان پشتگیریی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن و دژایه‌تیی نه‌كه‌ن".

گوتیشى: "تاوه‌كوو ئێستا هیچ خاڵێكی نه‌رێنیمان له‌سه‌ر مه‌سرور بارزانی نه‌بینیوه‌، بۆیه‌ هیوادارین سه‌رۆكێكی باشی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بێت، بێ گومان خودی خۆم گه‌شبینم به‌وه‌ی، كه‌ مه‌سرور بارزانی بتوانێت له‌و پۆسته‌دا سه‌رۆكێكی سه‌ركه‌وتوو بێت، چونكه‌ مه‌سرور بارزانی، ماوەیەکی دوور و درێژه‌ به‌رپرسیاریه‌تییه‌كی باڵای له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌، به‌ڵام تاوه‌كوو ئێستا هیچ كێشه‌ و گرفتێكی دیاریكراو له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و ڕووی نه‌داوه‌".

ئه‌وه‌شی خسته‌ ڕوو: "ئه‌و كاتانه‌ی كه‌ مه‌سرور بارزانی ده‌ركه‌وتبێت، هه‌ر باسی یه‌كڕیزیی گه‌لی كورد و سه‌ركه‌وتنی كوردستانی كردووه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ته‌داخولی كارێكی نه‌كردووه‌ كه‌ ئیشی ئه‌و نه‌بووبێت، هه‌روه‌ها له‌ كاتی بارگرژییه‌كانی نێوان یه‌كێتی و پارتی، مه‌سرور بارزانی، هیچ كاردانه‌وه‌یه‌كی توندی نه‌بووه‌، بۆیه‌ ئه‌مانه‌ هه‌مووی مایه‌ی ئه‌وه‌ن كه‌ مه‌سرور بارزانی، پیاوێكی نه‌رمونیان و له‌سه‌ره‌خۆیه‌، هه‌موو كه‌سێكیش ده‌زانێت باب و باپیری بۆ كورد و كوردستان تێكۆشاون، كه‌سانی وه‌ك ئه‌وان هه‌ر ده‌بێت پێشمه‌رگه‌ی كوردستان بن".

شێخ دلێر شێخ مسته‌فا، كه‌سایه‌تیی سلێمانی، ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا: "ڕاسته‌ مه‌سرور بارزانی، پۆستێكی باڵای به‌ڕێوه‌ بردووه‌، به‌ڵام ڕۆژێك له‌ ڕۆژان وا خۆی ده‌رنه‌خستووه‌ له‌ پۆستێكی ئه‌وه‌نده‌ باڵا و گه‌وره‌دایه‌ و هیچ كێشه‌یه‌كی واشی دروست نه‌كردووه‌، كه‌ خه‌ڵكی هاواری لێ به‌رز بووبێته‌وه‌، گرانی و نه‌بوونی و قاتوقڕی، هیچی له‌سه‌ر ده‌ستی مه‌سرور بارزانی نه‌بووه‌، به‌ڵكوو مه‌سرور بارزانی له‌ پاراستنی دۆخی ئه‌منیی كوردستان و به‌رپه‌چدانه‌وه‌ی دوژمانی كورددا ڕۆڵێكی باڵای هه‌بووه‌".

شێخ دلێر شێخ مسته‌فا، له‌ درێژه‌ى لێدوانه‌كه‌یدا، باسی له‌وه‌ش كرد: "هه‌رچه‌نده‌ ئێستا خه‌ڵكی كوردستان دۆخی ئابوورییان باش نییه‌ و یاسا بەباشی به‌رقه‌رار نییه‌ و وه‌زاره‌ته‌كان به‌پێی پێویست كاره‌كانی خۆیان ناكه‌ن، به‌ڵام ئێمه‌ ئومێدی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین، كه‌ مه‌سرور بارزانی، حكوومه‌تی ڕاسته‌قینه‌ی كوردستان بخاته‌وه‌ گه‌ڕ، بۆ ئه‌وه‌ی خزمه‌تی خه‌ڵكی كوردستان بكات، جارێك زووه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م كابینه‌یه‌ خزمه‌تی خه‌ڵكی كوردستانی كرد، ئێمه‌ ده‌ستخۆشییان لێ ده‌كه‌ین، ئه‌گه‌ر نه‌توانرا خزمه‌تی خه‌ڵكی بكه‌ن، ئه‌وكاته‌ ئێمه‌ش ڕه‌خنه‌ی خۆمان ئاڕاسته‌ی حكوومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین".

له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌، ئامینه‌ غه‌فوور، هاوسه‌ری كه‌ریم زه‌ند، مێژوونووس و گه‌ڕیده‌ و جوگرافیناسی كوردستان، به‌ (باس)ی ڕاگه‌یاند: "هه‌ڵبژاردنی مه‌سرور بارزانی، به‌ سه‌رۆكی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، هه‌موومانی خۆشحاڵ كردووه‌ و پیرۆزبایی لێ ده‌كه‌ین و هیوادارین له‌و ئه‌ركه‌ مه‌زنه‌یدا سه‌ركه‌وتوو بێت“.

گوتیشی: ”مه‌سرور بارزانی، گه‌نجێكی زیره‌ك و لێهاتووه‌، هیوادارم له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و گەلی كورد بحه‌سێته‌وه‌ و هاووڵاتییان هه‌ناسه‌یه‌كی ئارام هه‌ڵبمژن و به‌بێ جیاوازی خزمه‌تی گه‌لی كورد بكات، پشتگیری له‌ توێژی ڕۆشنبیر و خه‌ڵكی هه‌ژار و خوێندكاران بكات، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی كوردستان، زیاتر شانازی به‌ مه‌سرور بارزانییه‌وه‌ بكه‌ن“.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا، مه‌لا مسته‌فای بارزانی، هه‌زار ڕه‌حمه‌ت له‌ گۆڕه‌كه‌ی بێت، خزمه‌تێكی گه‌وره‌ی به‌ گەلی كورد كردووه‌، هه‌موو ژیانی بۆ گەلی كورد و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ته‌رخان كردبوو، بۆیه‌ حه‌ز ده‌كه‌م مه‌سرور بارزانی، هاوشێوه‌ی باپیری، خزمه‌تی گه‌لی كورد بكات و زیاتر گرنگی به‌ پرسه‌ نیشتمانییه‌كان بدات، بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ش هاوشێوه‌ى وڵاتانى دیكه‌، خاوه‌نی كیانی سه‌ربه‌خۆی خۆمان بین.

ئامینه‌ غه‌فوور، باسی له‌وه‌ش كرد: ”مسته‌فا بارزانی، هه‌میشه‌ به‌ كه‌ریم زه‌ندی هاوسه‌رمی ده‌گوت، تۆ سه‌رمایه‌یه‌كی گرنگی گەلی كوردی، چه‌ندین جار مسته‌فا بارزانی، ته‌شریفى هێناوه‌ته‌ ماڵی ئێمه‌ و ڕێزێكی زۆری لێ گرتووین، ئێمه‌ش به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك پشتگیری له‌و كه‌سانه‌ ده‌كه‌ین، كه‌ خه‌بات و تێكۆشیانیان بۆ گەلی كورد كردووه‌ و دڵنیام مه‌سرور بارزانى، وه‌كوو چۆن له‌ پۆسته‌كه‌ى پێشووى سه‌ركه‌وتوو بووه‌ و دۆخى ئه‌منیى هه‌رێمى كوردستانى پاراستووه‌، له‌م ئه‌ركه‌شیدا ده‌توانێت به‌شێوه‌یه‌كى باش خزمه‌تى خه‌ڵكى كوردستان بكات“.