باڵی ناڕازیی (نەوەی نوێ) کۆبوونەوە لەگەڵ شاسوار عەبدولواحید رەت دەکەنەوە

رابوون مەعروف، سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نوێ: کەناڵی NRT بووەتە دیوی دووەمی چەواشەکردنی رای گشتی و بوختان چنین

19/06/2019 - 16:54 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆخی نەوەی نوێ ئاشکرای دەکات، دەستپێشخەرییەکانی شاسوار عەبدولواحید بۆ کۆبوونەوە و رێککەوتن لەلایەن باڵی ناڕازییەکانەوە رەت کراوەتەوە و ئێن ئارتی بە یەکجاری بایکۆتی فراکسیۆنی نەوەی نوێی لە بەغدا کردووە.


لە ماوەی رابردوودا، سەرجەم تۆمەتبارانی جووڵانەوەی نەوەی نوێ، پەیوەندیدار بە دۆسێی پەرلەمانتار شادی نەوزاد، بەكەفالەت ئازاد كران.


لەوبارەیەوە دادگای سلێمانی لە پەیجی فەرمیی خۆی ئاماژەی بەوە دا، دوای ئەوەی دادگای لێكۆڵینەوەی ئاسایشی سلێمانی لێكۆڵینەوەی تەواو و پێویستی لە دۆسێكەدا كرد، دادوەری لێكۆڵینەوە گەیشتە ئەو بڕوایەی بە بارمتە ئازادكردنی تۆمەتباران زیانی بۆ رەوتی لێكۆڵینەوە نابێت، بۆیە بڕیاری داوە بە ئازادكردنی سەرجەم تۆمەتباران لە هەموو كەیسەكانیاندا، بە بارمتەی دارایی تا رۆژی دادگاییكردنیان.


ئەوەش دوای ئەوە هات کە ماوەی 15 رۆژ بوو شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جووڵانەوەی نەوەی نوێ لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە بە تۆمەتی خراپ بەكارهێنانی هۆیەكانی پەیوەندیکردن، دەستگیر كرابوو.


پێش ئەویش، ژمارەیەك ئەندامی جووڵانەوەی نەوەی نوێ لەسەر خراپ بەكارهێنانی هۆیەكانی پەیوەندی و بەڕێوەبردنی پەیجی تۆڕی كۆمەڵایەتی و زیان گەیاندن بە كەسایەتیی ژمارەیەك رۆژنامەنووس و پەرلەمانتار دەستگیر كرابوون، کە ئەوانیش بەكەفالەت ئازاد كراون.


دەستگیركردنی سەرۆك و ئەندامانی نەوەی نوێ دوای ئەوە هات، كە شادی نەوزاد، پەرلەمانتاری جووڵانەوەكە لە پەرلەمانی كوردستان باسی لەوە كردبوو، لە لایەن سەرۆكی نەوەی نوێوە هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی گرتەی ڤیدیۆیی رووتی لێ كراوە.
لەمبارەیەوە پەرلەمانتاری نەوەی نوێ، شادی نەوزاد، بۆ (باس)رای گەیاند، تاوەکوو پڕۆسەی دادگاییکردنەکە بەتەواوی کۆتایی نەیەت، نایانەوێ لەسەر ئەو پرسە قسەیان هەبێت، گوتیشی: ”ئێستا چاوەڕوانی دوا بڕیاری دادگا لەسەر ئەو کەیسە دەکەین و پەشیمان نیم لەوەی، کە سکاڵام لەسەر ئەو پرسە تۆمار کردووە“.


هەر بەپێی زانیارییەکانی (باس) دوای ئازادکردنی شاسوار عەبدولواحید، هەوڵەکانی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ باڵی ناڕازییەکانی حزبەکەی دەستی پێ کردووە.


بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆخی نەوەی نوێ، تاوەکوو ئێستا هەوڵەکانی شاسوار عەبدولواحید، بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە بەغدا شکستی هێناوە، کە شاسوار عەبدولواحید دەیەوێ بە رازیکردنی ئەوان سکاڵاکانی لەسەر خۆیان و ئەدمینی پەیجەکانی نەوەی نوێ بکشێنێتەوە، کە پێدەچێت جۆرێک لە رێککەوتن لەنێوان ئەوان و دەسەڵاتدارانی سلێمانی بۆ ئازادکردنیان رووی دابێت.


هاوکات هەر بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، بە فەرمانی شاسوار عەبدولواحید، تا دانیشتن لەگەڵی هەموو چالاکییەکانی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە بەغدا، لە کەناڵی ئێن ئارتیی زمانحاڵی فەرمیی نەوەی نوێوە سڕ کراوە.


لەمبارەیەوە، رابوون مەعرووف، سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نوێ لە پەرلەمانى عێراق، لە لاپەڕەى تایبەتیی خۆى لە فەیسبووک بڵاوی کردووەتەوە: "سەردەمانێك کەناڵی ئێن ئاڕ تی جێگەی ئومێدی دەیان ھەزار کەس بوو، بەڵام حەیف ئێستا بۆ رزگارکردنی کەسێك لە کارە دزێوەکانی، موقاتەعەی ھاوڕێکانی ئێمە دەکات، چونکە پەردەمان لەسەر تێکەڵکردنی حزب و کۆمپانیا و بزنس لاداوە و حزبی بنەماڵەمان رەت کردووەتەوە".


ئاماژەى بەوەش کردووە: "حەیفە ئێن ئاڕ تی ببێتە دیوی دووەمی چەواشەکردنی رای گشتی و بوختان چنین بۆ ھاوڕێکانی ئێمە و تاریکاندنی سەفەقاتی نھێنی و ژێربەژێر بۆ یەك ئامانج“. 


جێی باسە لە ماوەى رابردوودا پەیوەندیى فراکسیۆنى نەوەى نوێ و سەرۆکى جووڵانەوەکە شاسوار عەبدولواحید، تێچکوو، ئەوەش بەهۆى دەرکردنى بەیاننامەیەک لەسەر سەرۆکى حزبەکەیان، کە بەوتەى ئەوان کارى سیاسى و حزبیى تێکەڵ بە کۆمپانیا و بزنس و بەرژەوەندیى ئابووریى خۆی و ماڵباتەکەی کردووە.