کۆمەڵ ترسی کۆنگرەی لێ نیشتووە

باڵە جیابووەوەکەی کۆمەڵ بەشداریی کۆنگرە ناکات

19/06/2019 - 16:24 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

 

کۆمەڵی ئیسلامی لەبەردەم کۆنگرەیەکی چارەنووسسازدایە و هەوڵەکان بۆ گەڕاندنەوەی باڵە جیابووەوەکەش، کە لە ژمارەیەک ئەندامی سەرکردایەتی و کادیر پێکهاتوون، شکست دەهێنێت. سەرکردەیەکی کۆمەڵیش ئاشکرای دەکات، داوایان لە عەلی باپیر کردووە، لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە.


بەپێی زانیارییەکانی (باس)، هەوڵەکان بۆ گەڕاندنەوەی سەرکردە جیابووەوەکانی کۆمەڵی ئیسلامی، لە ماوەی رابردوو بۆ بەشداریکردنیان لە کۆنگرە چاوەڕوانکراوەکەی کۆمەڵی ئیسلامی شکستی هێناوە و کۆمەڵی ئیسلامی بەبێ ئەو سەرکردانە کۆنگرەی چوارەمی دەبەستێت.


چاودێرانی ساسی پێیان وایە، کۆمەڵی ئیسلامی بەهۆی هەژموونی عەلی باپیر، ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی و خۆسەپاندنی بەسەر کۆی بڕیارەکانی ئەو حزبەوە، دووچاری تەقینەوەی ناوخۆیی و دەستلەکارکێشانەوەی بەکۆمەڵ هاتووە، لەبەرئەوە ئەگەری زۆرە کۆنگرەی حزبی لەجیاتی ئەوەی چارەسەر بۆ دۆخی ناوخۆیی ئەو حزبە بکات، درزی نێوان جیاوازییەکان زیاتر بکاتەوە، تا ئاستی ئەوەی ئینشیقاق و ماڵجیایی دیکەیش تیایدا روو بدات.


لەمبارەیەوە، سۆران سێوکانی، چاودێر و توێژەری سیاسی، بۆ (باس) رای گەیاند: "ئیسلامییەکان خاوەنی ڕوئیایەك نین، کە لەگەڵ کێشەکانی گەلی کوردستاندا یەک بگرنەوە، بۆیە هەموویان لە بۆشاییدا دەخولێنەوە و نازانن ئیشیان چییە، ئەوە نەبێت ئێستا کۆمەڵ کەوتووەتە ناو قەیرانێکی توندی داراییەوە، کە بەکارهێنانی دارایی حزب یەکێکە لەو تۆمەتانەی دەدرێتە پاڵ کەسە نزیکەکانی ئەمیری کۆمەڵ. ئەوەشمان بیر نەچێت، کۆمەڵ خۆی لە خۆیدا پێهاتەیەکە لەنێوان بزووتنەوە کۆنەکان و نەهزەی کۆن، تاکوو ئێستاش ئەو حزبە مەنهەجێکی پەروەردیی ڕێکخراوەیییە و نەیتوانیوە، وەکوو یەکگرتوو بۆ نموونە، ببێتە خاوەنی مەنهەجی حزبی، ئەوەش فشۆڵیی بنەماکانی کۆمەڵ دەردەخات، لەگەڵ بوونی هەژموونی تاکەکەسی بەسەر کۆی بڕیارەکانی حزبەکەوە".


ئەو چاودێرە ئاماژەی بەوەش دا، لەبەر ئەو هۆیانە، رەنگە ئەنجامدانی کۆنگرەی حزبی، لەجیاتی دەستکەوت، بە زیان بەسەر کۆمەڵدا بشکێتەوە.


لای خۆشیانەوە، سەعید هەرکی، ئەندامی دەستلەکارکێشاوەی سەرکردایەتی لە کۆمەڵی ئیسلامی، بۆ (باس) رای گەیاند، لە ئاستی شەخسیدا هەوڵ هەبووە کە بەشداری لە کۆنگرەی کۆمەڵدا بکەین، بەڵام ئێمە رەتمان کردووەتەوە، گوتیشی: "ئێمە وازمان لە کۆمەڵ هێناوە و بەشداری لە کۆنگرەکەدا ناکەین، ئەوانەیشی باسیان لە گەڕانەوەی ئێمە کردووە، زانیارییەکانیان دروست نەبووە".


بەڵام، فاروق عەلی، ئەندامی سەرکردایەتیی کۆمەڵی ئیسلامی بۆ (باس) رای گەیاند، کۆمەڵی ئیسلامی لە کۆنگرە ناترسێت و ئەمساڵ ٢٠١٩ دەیبەستێ، گوتی: "وادەی کۆنگرە ٣١-٥ی ئەمساڵە، بەڵام بەهۆی مانگی رەمەزانەوە سەرکردایەتیی کۆمەڵ لەدوایین کۆبوونەوەی خۆیدا بڕیاری داوە دوا بخرێت، بەڵام دواخستنەکە هەر بۆ چەند رۆژ و مانگێکە و لەمساڵدا دەبەسترێت".


ئەو سەرکردەیەی کۆمەڵ گوتیشی: "کۆنگرە بۆ پێداچوونەوەیە بە کارکردن لە چوار ساڵی رابردوودا و لەسەر ئەو بنەمایە کاری داهاتوو دیاری دەکرێت، گۆڕانگارییەکانیش هەر بە قازانجی ئەو ئاراستەیە دەبێت، کە دەتوانرێ لێوەی کۆمەڵ بەرەو دۆخێکی باشتر ببات، لەکاتێکدا، کە پێم وانییە کێشەکانی کۆمەڵ بەو قەبارەیە ئاڵۆز بن، وەک باس دەکرێن".


فاروق عەلی، ئاشکراشی کرد، لە پەیڕەوی ناوخۆیی کۆمەڵدا رێگری لە مامۆستا عەلی باپیر نەکراوە ببێتەوە بە ئەمیری کۆمەڵ، گوتی: "بۆ ئەم چوار ساڵەی داهاتووش، سەرکردایەتیی کۆمەڵ لەگەڵ ئەوەدایە مامۆستا عەلی باپیر، وەک ئەمیری کۆمەڵ بمێنێتەوە، لەگەڵ ئەوەی خۆیان ئەو خواستەیان نییە و دەیانەوێ ئەو شوێنە بۆ کەسێکی دیکە بێت، بەڵام دوا بڕیار کۆنگرە دەیدات و ئەو پرسە یەکلا دەکاتەوە، ئەگەر خواستی زۆرینە مانەوەی مامۆستا بێت، ئەوە بێ گومان قبووڵی دەکات".