حكوومەت ئەو موڵكانە دەفرۆشێت كە لەجیاتی قەرز وەری گرتوون

 

18/06/2019 - 16:01 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

لە دوو مانگی داهاتوودا، حكوومەت هەموو ئەو موڵكانەی لەجیاتی قەرزی بازرگانی بە رەهن وەری گرتوون، دەیانفرۆشێت. بەرپرسێكیش ئاشكرای دەكات، بازرگانان وەكوو پێویست قەرەكانیان نەگەڕاندووەتەوە، بۆیە رێكاری یاسایی لە دژیان دەگیرێتە بەر.

مەلایاسین مەحموود، گوتەبێژی یەكێتیی وەبەرهێنەران بە (باس)ی راگەیاند، ئەو قەرزەی ساڵانی پێشوو حكوومەت بە بازرگانانی داوە، زۆری ماوە بگەڕێندرێتەوە، گوتی: "سەرۆكی حكوومەت بڕیارێكی گرنگی بۆ كەرتی تایبەت دەركردووە، بەوەی ئەو كۆمپانیا و بازرگانانەی قەرزی بازرگانیی حكوومەتیان لایە، دەتوانن بە چەكی بەڵێندەران قەرزەكانیان بدەنەوە، ئەمەش وای كردووە بەها بۆ ئەو چەكانە بگەڕێتەوە".

بەپێی بڕیارێكی وەزارەتی دارایی بێت، دەبێت تاوەكوو 20ی 8 ی 2019 بازرگانەکان قەرزەكانیان بە چەكی بانكە بازرگانییەكان بگەڕێننەوە.

جەختیش كراوەتەوە كە دەبێت تاوەكوو ئەو وادەیە هەموو قەرزەكان بگەڕێننەوە، ئەگینا رێكاری یاسایی بەرامبەریان دەگیرێتە بەر.

مەلا یاسین روونی كردەوە، چاوەڕوانیی ئەوەیان هەیە لە كابینەی تازە، كێشەی وەبەرهێنەران و بازرگانان چارەسەر بكرێت.

زیاتر لە 2 هەزار و 700 بازرگان و سەرمایەدار، كە لەنێویاندا سەرمایەداری زۆر گەورە هەن، قەرزی بازرگانییان وەرگرتووە.

سەرچاوەیەكی بەرپرس لە بانكە بازرگانییەكانی هەرێمی كوردستان بە (باس)ی راگەیاند، لەگەڵ ئەوەی ئاسانكاری بۆ بازرگانان كراوە، کە بە چەك قەرزەكانیان بگەڕێننەوە، بەڵام رێژەیەكی كەمی قەرزەكانیان داوەتەوە، گوتیشی: "نزیكەی چوار مانگ بەسەر بڕیاری گەڕانەوەی قەرزی بازرگانی لە رێگەی چەك تێدەپەڕێ، بەڵام بڕێكی ئەوتۆ لە قەرزەكە نەگەڕێندراوەتەوە".

جەختیشی كردەوە، ئەو كۆمپانیا و بازرگانە گەورانەی قەرزی زۆریان لەلایە، تاوەكوو ئێستا قەرزەكانیان وەكوو پێویست نەگەڕاندووەتەوە، گوتیشی: "ئەگەر تاوەكوو 20ی8 قەرزەكانیان نەگەڕێننەوە، ئەوە ئەو موڵكانەی لەجیاتی قەرز رەهن كراون، دەخرێنە موزایەدەوە و دەفرۆشرێن".

بەپێی زانیارییەكان، لەدوای بڕیارەكەی وەزارەتی دارایی، تاوەكوو ئێستا تەنیا 40 ملیار دینار بۆ حكوومەت گەڕێندراوەتەوە، بەمەش 690 ملیار دیناری قەرزی بازرگانان ماوە بگەڕێندرێتەوە.

بازرگان و خاوەن كۆمپانیا هەیە، لەسەرووی 3 ملیار دینار قەرزى حكوومەتى لايە.

پێشووتر لە چاكسازییەكانیدا، لە دوو نووسراودا سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران جەختی كردبووەوە، دەبێ ئەوانەی پارەكەیان بە قەرز وەرگرتووە، تا كۆتایی 2016 پارە بۆ حكوومەت بگەڕێننەوە، بەڵام جێبەجێ نەكرا.

بەرپرسەكەی بانكە بازرگانییەكان جەختی كردەوە، سەرمایەدارەكان گوێیان بە گەڕاندنەوەی قەرزەكان نەداوە، گوتیشی: "چەند ساڵە سوودەكانی سەر قەرزەكانیشان نەداوەتە حكوومەت".

بەپێی زانیارییەكان، ئەو رەهنانەی لەجیاتی قەرزەكان وەرگیراون، بەهاكانیان كەمترە بەراورد بەو قەرزانەی دراون.