سێ پەرلەمانتاری کورد و کەمینەیەکی پەراوێزخراوی عێراق ھەوڵی بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان دەدەن

ڤیان سلێمان: تاوەکوو ساڵی ٢٠٢٠ مووچەی فەرمانبەران گەرەنتی کراوە

18/06/2019 - 10:54 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

تاوەکوو ئێستا ھەوڵەکانی کەمینەیەکی پەراوێزخراو لە حکوومەتی عادل عەبدولمەھدی، بۆ بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان شکستی ھێناوە و پەرلەمانتاران و چاودێرانی سیاسیی کوردیش، لە خۆدانەپاڵی گرووپێکی بچووک لە پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا، نیگەرانن.

 

لە کۆتایی ھەفتەی رابردوودا، ھەر یەک لە پەرلەمانتاران (ئەحمەد حاجی رەشید (کۆمەڵی ئیسلامی)، ھۆشیار عەبدوڵا - گۆڕان-، سەرکەوت شەمسەدین - (نەوەی نوێ)، بە ئاشکرا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی ھاوبەشدا رایان گەیاند، سەردانی دادگای فیدراڵیان لە بەغدا کردووە و پاڵپشتییان لە سکاڵایەکی ساڵانی کۆنی حکوومەتی عێراق لە ٢٠١٢ لە دژی مەلەفی نەوتی ھەرێمی کوردستان کردووە.

 

بەڵام، بەپێی زانیارییەکانی (باس)، ھەوڵەکانی ئەو سێ پەلەمانتارە لە چوارچێوەی ئەو ھەوڵانەدایە کە کەمینەیەکی پەراوێزخراو لە حکوومەتی عادل عەبدولمەھدی، کە پێشتر لە دەسەڵاتدا بوون و ئەوکات لە ساڵی ٢٠١٤، بڕیاری بڕینی بودجە و مووچەی ھەرێمی کوردستانیان داوە، ئێستاش دژایەتیی ناردنی بڕێک لە مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان دەکەن، لەلایەن کابینەکەی عادل عەبدلمەھدییەوە.

 

لەمبارەیەوە، ڤیان سلێمان، چالاکوان و سەرۆکی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان بۆ (باس) رای گەیاند، ئەوانە نوێنەری کورد نین و دژی کوردن، ھەندێکیان تەنیا نوێنەرایەتیی شەخسی خۆیان و ھەندێکشیان ئەو لایەنانە دەکەن کە لە ھەوڵی بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان شکستیان ھێناوە، گوتیشی: ”ئەو کارەی ئەوانە دەیکەن، پێی گەورە نابن، بەڵکوو لەلای ئەوانەی کاریشیان بۆ دەکەن بە کەم سەیر دەکرێن، چونکە ھەر ھەنگاوێک لە دژی بەرژەوەندییەکانی نیشتمانیی خەڵکی کوردستان بێت، دەچێتە قاڵبی خیانەتەوە، خیانەتکار لای دوژمنیش رێز و بەھای بۆ دانانرێت”.

 هاوکات ئاماژەی بەوەش دا، پەرلەمانتارانی کورد بۆ ئەوە لە بەغدان، کە بەرگری لە بەرژەوەندی و مافەکانی خەڵکی کوردستان بکەن، بەپێی ئەو دەستوورەی کە لە عێراقدا ھەیە، بەڵام بەداخەوە ئەو سێ پەرلەمانتارە، لەجیاتی ئەوەی بچن سکاڵا لەسەر حکوومەتەکانی عێراق تۆمار بکەن، لەسەر ئەوەی ماددەی ١٤٠ی دەستوورییان جێبەجێ نەکردووە، لە ساڵی ٢٠١٤ ەوە بودجەی کوردستانیان بە نایاسایی و نادەستووری بڕیوە و قەرزاری زۆری کوردستانن، بە ئەنقەست سەرژمێرییان دواخستووە، تاوەکوو دەرنەکەوێ کە کورد زیاتر لە ١٧٪ی عێراقە، لەجیاتی ئەوەی ئەوانە بڕۆن سکاڵا لەسەر ئەو زوڵم و ستەمە بە دەرکردن و سووتاندنی دەغڵودانی کوردەکان لەسەر خاکی خۆیان لە خورماتوو و کەرکووک بکەن و دادگاکان لە دژی ئەو پێشێلکارییانە بجووڵێنن، ھاتوون سکاڵایەکی شکستخواردووی پێشووتری حکوومەتی عێراق لە دادگای فیدڕاڵی زیندوو دەکەنەوە، کە بەداخەوە ئەوەی کردوویانە بە دڵی ئەوانەیە، کە دەستیان لەو ھەنگاوە دژ بە کوردانە ھەیە و ساڵانێکی زۆرە شۆڤێنییانە کورد دەچەوسێننەوە و زوڵممان لێ دەکەن، بەڵام خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە، کە لەسەر پرسی مووچەی خەڵکی کوردستان، کە ئێستا بە بڕی ٥٢٢ ملیاری مانگانە دێتە کوردستان، ھیچیان بۆ ناکرێت و ئەو بڕە تاوەکوو ٢٠٢٠ گەرەنتی کراوە، بەم نزیکانەش ھەولێر و بەغدا لەسەر ساڵانی داھاتوو بە کۆنکرێتی رێک دەکەون، چوونی عادل عەبدولمەھدی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ھەولێر و ھاتنی شاندێکی ھەولێر بۆ بەغدا لەدوای یەکلابوونەوەی حکوومەت، بۆ ئەو پرسەیە“.

 

لای خۆشیانەوە، مەسعود حەیدەر، پەرلەمانتاری پێشووی کورد لە بەغدا، بۆ (باس) رای گەیاند، کێشەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا پەیوەستە بە جێبەجێنەکردنی دەستووری عێراق لە سێزدە ساڵی رابردوودا، گوتیشی: ”مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان نابێت پەیوەست بکرێت بە مەلەفی نەوت، یان ھەر مەلەفێکی تر، چونکە بەپێی دەستووری عێراق، ئەوە بەرپرسیارێتیی حکوومەتی فیدراڵییە مووچەی ھەموو فەرمانبەرانی دەوڵەت دابین بکات“.

 

گوتیشی: ”ھەرێمی کوردستان لە پێنج ساڵی رابردوودا ھیچ سوودمەند نەبووە لە ئابووریی فیدراڵی و ھەموو مافە دەستوورییەکانی تێکەڵ بە ململانێ سیاسییەکان کراوە و لەلایەک ھەوڵی ھەڵوەشاندنەوەی دراوە و لەلایەکی تر ھەوڵ دراوە وەکوو پارێزگایەک مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت“. 

ئاماژەی بەوەش دا، رۆڵی نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی عێراق دەبێ پاڵپشتیکردنی ھەرێمی کوردستان و دووبارەنەکردنەوەی ئەزموونی ساڵانی رابردوو بێت لە تێکەڵنەکردنی بابەتە نیشتمانییەکان و قووتی خەڵک، بە ململانێ سیاسییەکانی ناوخۆوە.

 

ھاوکات، د. میران محەمەد پەرلەمانتاری یەکێتی لە بەغدا، بۆ (باس) ئاماژەی بەوە دا کە گرنگە ھەولێر بە رێککەوتن لەگەڵ عێراق کۆتایی بەو پرسە بھێنێت و کەس نەتوانێ تیایدا قسە بکات، گوتی: ”چاوەڕوانی شاندی ھەولێرین و ھەموو ھاوکارییەکی پێمان بکرێت دەیکەین، تاوەکوو ھەولێر و بەغدا لەسەر ئەو مەلەفە رێک بکەون، کە پەیوەندیی بە مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان و بودجەی کوردستانەوە ھەیە، ئەگەر ئەو رێککەوتنە روو بدات، ئەوە دەرگای ئەو جووڵانە دادەخات“.